"سەردانی هەردوو باڵەکەی یەکێتی بۆلای نەوشیروان خەریکە عەلەنی دەبێتەوە"

ماوەیەکە بەجیا کەسانی بەرپرس و دیاری هەر دوو باڵەکەی ناو یەکێتی سەردانی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا دەکەن و ئێستا خەریکە سەردانەکان عەلەنی دەبێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە بە سپی میدیای راگەیاند کە لەماوەی رابردوودا بەرپرسانی هەر دوو باڵە ناکۆکەکەی یەکێتی بەجیا سەردانی نەوشیروان مستەفا دەکەن.

بەپێی ئەو زانیاریانە دەست سپی کەوتووە لەم ماوەیەی رابردوودا هەریەک لە بەرهەم ساڵح و قوباد تاڵەبانی بەجیاو  بە نهێنی سەردانی نەوشیروان مستەفایان کردووە، هاوکات ناو بەناو دلێری سەید مەجید کادیری دیاری یەکێتیش سەردانی دەکات.

ئەمرۆ بەپێی راگەیاندنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، لەباڵی کۆسرەت رەسول و بەرهەم ساڵح هەریەک لە حاکم قادر حەمە جان و شێخ جەعفەر حامی حاجی غالید بە ئاشکراو بە ئامادەبوونی میدیاکانی گۆڕان سەردانی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد.

سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەم سەردانانەو چاکبوونی پەیوەندی نێوان گۆڕان و یەکێتی کارێکی باشە بۆ هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستان.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تا دوێنێ شێخ جەعفەر مستەفا لە شاری جوانی زرێپۆشی بەرامبەر گردەکە دادەنا، ئێستا سەردانی بەرپرسی ئەو لایەنە دەکات کە زرێپۆشەکانی بەرامبەر دانرابوو، ئەوە پێشکەوتنێکی باشە.( لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات تانک و زرێپۆش لە هۆتێل شاری جوان بەرامبەر مەکۆی سەرکی بزووتنەوەی گۆڕان دانرا).

سەرچاوەکەی گۆڕان باسی لەوە کرد کە باڵەکەی تری یەکێتیش بەتایبەتی بەرپرسە ئەمنییەکانیان، چەندینجار هەڕەشەی گرتنی گردی زەرگەتەو ماڵی خودی نەوشیروان مستەفایان دەکرد، ئێتسا ئەم هەڕەشان گۆڕدراوە بەسەردانی هاوڕێیەتی و سیاسی ئەوە بە پەرەسەندێکی باشی پەیوەندیەکانی گۆڕان و یەکێتی دادەنرێت. 
   



PM:10:54:18/03/2015