وەفدی هەرێم لەگەڵ بەغدا كۆدەبنەوە

بریاڕوایە پاش جەژنی نەورۆز وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات‌و دانوستانەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەند دەست پێبكەنەوە.

لەمبارەیەوە خەسرەو گۆران، سەرۆكی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتەكەی ڕاگەیاند: "تاوەکو ئێستا ڕێککەوتنەکەی نێوان ھەرێم و بەغدا وەکو خۆی ماوە و، ھیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەھاتووە، ڕاستە ھەندێک کێشە لە جێبەجێکردنەکەیدا ھەیە، بەڵام جارێ لێی دڵسارد نەبووینەتەوە."

سەبارەت بەناردنی پارە بۆ ھەرێم ھەر جارە و، ڕێژەیەکی جیاواز، وتی،  ڕەنگە ھەندێک لێکتێنەگەیشتن ھەبێت لە ڕێککەوتنەکە، بۆیە دوای جەژنی نەورۆز شاندێکی ھەرێم دەچێتە بەغدا و، دیسان دەست بە دانوستان بکەن.

ڕوونیشی کردەوە، ڕێککەوتنەکە وەک خۆی ھەیە و، بووەتە یاسایش، بۆیە ئەگەر بەغدا ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکات یاسا پێشێل دەکات، بەڵام ئەوانیش بیانووی جۆراوجۆریان ھەیە، بۆیە پێویستە دانوستان بکرێتەوە.

ئەوەیشی خستە ڕوو، پاش دانیشتنی ئەم جارە دیار دەبێت بەغدا نیازپاکە یاخود نا.



PM:09:19:23/03/2015