حکومەتی ئەڵمانیا لەسەر بەقاچاخبردنی نەوتی داعش لە هەرێمەوە چی دەڵێت؟

ژمارەیەک پەرلەمانتاری پرسیار لە حکومەتەکەیان دەکەن لەسەر داهاتی نەوتی داعش، حکومەتیش لە وەڵامدا دەڵێت" بەشێک لەو (نەوت – پاتڕۆڵە ) لە ڕێگای بازرگانانی نێوانگیر لەگەڵ (نەوت) ی هەرێمی کوردستانی عیڕاق لەڕێگەی ئەو کەناڵە قاچاغانەی کە دروستبووە دەگوازرێتەوە".

ماڵپەڕی ئۆرتە لە زاری سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی ئەڵمانیاوە بڵاویکردەوە کە لە وەڵامی پەرلەماندا حکومەتی ئەڵمانیا ناوەڕاستی ئاداری 2015 وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە لەبەشێکی وەڵامەکاندا هاتووە :
بەپێی زانیاریەکانی حکومەتی ئەڵمانیا ، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەو بیرە نەوتانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵیدایە لە عیڕاق و سوریا ئەو بڕە (نەوت – پاترۆڵ)ەی ئێستا ڕۆژانە بەرهەمی دێنێ بەمشێوەیە :
ئەلفوڕات – 10 هەزار بەرمیل
دێرەزور – 5 هەزار بەرمیل
حەمرین – 5 هەزار بەرمیل
سەفیە – 6 هەزار بەرمیل
گەیارە (القیارە) – 2 هەزار بەرمیل
حکومەتی ئەڵمانیا لەوەڵامی پرسیارێکدا ڕایگەیاندووە کە داعش بەشێکی ئەو نەوتە بۆ ناوچەکانی ژێر دەستی خۆی بەکاردێنێ و ڕۆژانە (10) هەزار بەرمیلیش دەفرۆشێ . ڕۆژانە داهاتی داعش لەڕێگای فرۆشتنی پاتڕۆڵ (200.000 $) دووسەدهەزار دۆلاری ئەمەریکیە .
لە پرسیارێکدا هاتووە : ئایا داعش چۆن بەکامە ڕێگا و لەڕێگای کامە بازرگانەوە بەنزین و نەوت دەگوازێتەوە ؟
وەڵامی حوکمەتی ئەڵمانیا بەمشێوەیە :
بەپێی زانیاریەکانی حکومەتی ناوەندی ئەڵمانیا ، بەشێک لەو (نەوت – پاتڕۆڵە ) لە ڕێگای بازرگانانی نێوانگیر لەگەڵ (نەوت) ی هەرێمی کوردستانی عیڕاق لەڕێگەی ئەو کەناڵە قاچاغانەی کە دروستبووە دەگوازرێتەوە .
لە پرسیارێکدا هاتووە : داعش نەوت بەچەند دەفرۆشێ ؟
وەڵامی حکومەت : لەنێوان (10 تا 20 $) دۆلار .
حکومەتی ئەڵمانیا پێیوایە بەهۆی بۆردومانە ئاسمانیەکان لەسەدا پەنجا شوێنەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی ژێر کۆنتڕۆڵی داعش بەرهەمیان کەمی کردووە .
لەپرسیارێکدا هاتووە : کام ووڵات ئەو نەوتەی داعش دەکڕێ ؟ ئایا ووڵاتانی هاوسێی عیڕاق  و سوریا ئەو نەوتەی ژێر دەستی داعش دەکڕن ؟
وەڵامی حکومەت : حکومەتی ئەڵمانیا زانیاری باوەڕپێکراوی نیە.
لەسەرەتای داگیرکردنی موسڵ و شوێنەکانی عێراق کۆمەڵێک بەرپرسی ناو پێشمەرگەو سەرمایەدار چەند سەفقەیەکی بازرگانی نەوتیان لەگەڵ داعشدا ئەنجامدا، دوای ئەوەی بوو بە پرسی رای گشتی، دادگاکانی کوردستان و حکومەتی هەرێم هەندێک ئیجرائاتی کەمیان کردوو هەندێک خەڵکی دەستگیرکرد، بەڵام تائێستا ئەو پرسە یەکلایی نەبۆتەوەو ئاشکرا نەبووە کە کام بەرپرس و بازرگانی لە پشتەوەیە. 



PM:01:35:26/03/2015