هەرێم رۆژانە لەبری ٥٥٠ هەزار بەرمیل ٢٦٨ هەزاری داوە بەبەغدا

حکومەتی بەغدا فرۆشتنی بڕی نەوتی مانگی سێی راگەیاند کە ٩٢ ملیۆن بەرمیلە، لەو بڕە ٨ ملیۆن و ٣٢٢ هەزاری لە کەرکوکەوە دراوەتە دەست بەغدا کە رۆژانە ٢٦٨ هەزار ٤٥١ بەرمیل دەکات.( ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەرێم پابەند نەبووە بەرێککەوتنەکەوە کە پێویست بوو رۆژانە ٥٥٠ هەزار بەرمیل بنێرێت).

ئەمڕۆ ١-٤ وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق عاسم جیهاد رایگەیاند: عێراق لە مانگی ٣ دا ٩٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووەو داهاتەکەشی ٤ ملیارو ٤٥٧ ملیۆن دۆلارە.

جیهاد ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەبەندەرەکانی باشوری‌ عێراقه‌وه‌ بڕی‌ 84 ملیۆن و 78 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ كراوه‌، له‌كاتێكدا بڕی‌ هه‌نارده‌كراو له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ 8 ملیۆن و 322 هه‌زار به‌رمیل بووه‌، به‌وه‌ش بڕی‌ هه‌نارده‌كراوی‌ تێكڕای‌ نه‌وتی‌ عێراق رۆژانه‌ 2 ملیۆن و 980 هه‌زار به‌رمیل بووه.

ئارێز عەبدوڵا سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لە ڵیدوانێکیدا رایگەیاند" نە هەرێمی کوردستان، نە بەغدا پا بەند نەبوون بە رێککەوتنی ٢-١٢ نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە کە دوایی بوو بەشێک لە یاسای بودجەی عێراق و پەرلەمان پەسەندی کرد".

هەرێمی کوردستان لە ١-١-٢٠١٥وەو تا کۆتایی مانگی ٣-٢٠١٥ رۆژانە ٣٦٧ هەزار بەرمیلی ناردووە بۆ جیهان بە تێکڕای ئەو سێ مانگە رۆژانە ٢٨٥ هەزر بەرمیلی داوە بۆ سۆمۆ( واتە بەبەغدا) و رۆژانە ١٥٧ هەزار بەرمیلی بۆخۆی فرۆشتووە.

ئارێز عەبدوڵا لەسەر ئەم پرسە دەڵێت" حکومەتی هەرێم بە بەغدایان راگەیاندووە کە ئەوان ئامادەن هەموو نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم رادەستی بەغدا بکەن، بەمەرجێک بەغدا بودجەی ساڵی ٢٠١٤ هەرێم و پارەی کۆمپانیاکان بدات، بەڵام بەغدا رازی نەبووە، هەر بۆیە هەرێم لەبەر ئەم هۆکارە ئەو رێژەیە لەبری بودجەی ئەو ساڵە و بۆ پارەی کۆمپانیاکان دەفرۆشێت".

ئارێز عەبدوڵا وتیشی: سەرەتا وەفدی هەرێم بەبەغدایان راگەیاندووە کە ئەوان سێ مانگی یەکەم ناتوانن پابەند بن بە ٥٥٠ هەزار بەرمیل رۆژانەوە، بەڵام بەتێکڕای ساڵەکە ئەوان دەتوانن پابەند بن بەو بڕەوەو لەمانگی نیسانەوە ناردنی نەوت بۆ سۆمۆ بەرزدەکەنەوە بۆ ٥٥٠ هەزار بەرمیل و دواتر بە ٦٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە".

ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەکێتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حکومەتی بەغدا تا ئێستا دەیەوێت مەرکەزی مامەڵە لەگەڵ نەوتدا بکات و هیچ دەسەڵات و سەربەخۆییەکی ئابوری بۆ هەرێم نەهێڵێتەوەو دەڵێت" ئەمەش نابێت کورد قبووڵی بکات".

بەپێی یاسای بودجەی عێراق بڕی لە ١٧% ی بودجەی عێراق دەدرێت بە هەرێم بەرامبەر ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەگەر هەرێم نەیتوانی پابەندبێت هێندەی ئەو بڕە لەناردنی نەوت ئەوان پارە دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمە مامەڵەی ئێستای عەبادیە لەگەڵ هەرێمدا.

ئارێز عەبدوڵا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سیاسەتی بەغدا بەرامبەر هەرێم لە روویەکی تریشەوە هەڵەیە کە پارەی پێشمەرگەو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت. 
 



PM:08:00:01/04/2015