وەزیری پێشمەرگە داوا دەکات موچەی پێشمەرگە لە کاتی خۆیدا بدرێت

ئەمرۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: تائێستا ٩٥%ی ئەو شوێنانەی کوردستان کە داعش دەستی بەسەردا گرتبوون، ئازاد کراون و داواش دەکات مووچەی پێشمەرگە لە کاتی خۆیدا بدرێت.

دەقی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم:

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٥-٤-٢٠١٥، بە سەرۆکایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ساز دا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرۆک وەزیران بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزباییی جەژنی قیامەی لە خوشک و برایانی مەسیحی کرد و ھیوای جەژنێکی ئارام و کامەرانی بۆ خواستن. ھەروەھا بەخێرھاتنی لە بەڕێز غازی سەعید کرد کە وەک وەزیری ھەرێم دەستبەکار بووە و یەکەم جارە بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا دەکات.

پاشان دەربارەی ڕێککەوتنی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عیراقی فیدرالی دوا و دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ویستوویەتی ڕێککەوتنەکە لەسەر بنەمای یاسای بودجەی عیراق بێت و ھەرێمی کوردستان دەیەوێت ئێستا و ئایندەش کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات.

ھەروەھا جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی نەوتی ھەرێمی کوردستان سەرکەوتووە، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر بارودۆخەکە ھەبووە. بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی تکریتی لە بەڕێز حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران و سوپای عیراق کرد و ھیوای خواست ھەموو شوێنەکانی دیکەی عیراق لە تیرۆرستانی داعش ڕزگار بکرێن.

دواتر بەڕێز وەزیری پێشمەرگە پوختەیەکی دەربارەی سەردانی شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا و دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەڕێز فرانسوا ئۆلاند سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە کۆشکی ئەلیزێ پێشکەش کرد، کە تیایدا پیرۆزبایی لە سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ کوردستان خواستووە. ئاماژەی بەوەش دا جاری یەکەمە بەڕێز سەرۆک ئۆلاند پێشوازی لە شاندی وەزارەتێک بکات و بەڕێزیان شاندەکەی دڵنیا کردەوە کە فەرەنسا لە ھاوکاری و پشتگیرییەکانی بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و سڵاو و ڕێزیان بۆ بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ناردووە.

ھەر لە پاریس شاندی وەزارەت لەگەڵ کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیران و نووسەرانی فەرەنسا کۆبوونەتەوە و سەردانی پەیمانگای عەرەبی و پەرلەمانی فەرەنسایان کردووە کە لە وێش پشتگیری و پیرۆزبایی لە سەرکەوتنەکانی ھەرێمی کوردستان کراوە.

دواتر بەڕێزیان ڕاپۆرتێکی دەربارەی دوایین دۆخی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش پێشکەش کرد و ڕوونی کردەوە کە پێشمەرگە لە دۆخی بەرگرییەوە کەوتووەتە دۆخی ھێرشی ئەرێنی و تا ئێستا ٩٥%ی ئەو شوێنانەی ھەرێمی کوردستان کە داعش دەستی بەسەردا گرتبوون، ئازاد کراون. ئاماژەی بەوەش دا تا ئێستا ١٦ وڵات بە چەک و تەقەمەنی ھاوکاریی ھەرێمی کوردستانیان کردووە و ١٠ وڵاتیش ڕاوێژکاری سەربازییان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە. لە کۆتاییدا داوای کرد ھەوڵ بدرێت مووچەی پێشمەرگە لە کاتی خۆیدا بدرێت و سوپاسی بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کرد کە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی بەرەکانی جەنگ دەکات و تەواوی ھاوکاری و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەت ھەیە، ھەروەھا سوپاسی ھەموو ئەو وەزارەتانەی کرد کە ھاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگەیان کردووە.

بەڕێز سەرۆک وەزیران ئەم سەردانەی شاندی وەزارەتی بۆ فەرەنسا بە گرنگ و ئەرێنی لە قەڵەم دا و بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە سڵاو و ڕێز و دەستخۆشی بۆ پێشمەرگە دووپات کردەوە کە بە خوێنی خۆیان بەرگری لە ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی دەکەن، ھەروەھا سوپاس و پێزانینی بۆ بەڕێز وەزیر و وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی کە لەم دۆخە سەختە داراییەی ھەرێمی کوردستاندا، بە باشی لایەنی داراییی شەڕ و وەزارەتیان بەڕێوە بردووە. سەرکەوتنی کۆبانێشی بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ھەرێمی کوردستان لە قەڵەم دا و سوپاسی تورکیای کرد کە ڕێگەی دا پێشمەرگە بچێتە کۆبانێ.

ھەروەھا سوپاسی ھێزە ئەمنیییەکان و ئەو وەزارەتانەی کرد کە ھاوکاریی وەزارەتی پێشمەرگەیان کردووە. ھەروەک سوپاس و دەستخۆشی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان کرد کە کارێکی باشی بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان و ھاتنی شاندە بیانییەکان بۆ ھەرێمی کوردستان، کردووە.

پاشان ھەریەکە لە خاتوو نەورۆز مەولوود وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێز دەرباز کۆسرەت ڕەسووڵ وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پوختەیەکیان دەربارەی بەشداریی خۆیان و شاندی ھەردوو وەزارەتی شارەوانی و ئاوەدانکردنەوە لە کۆنگرەی ئاوەدانکردنەوەدا لە دوبەی کرد، کە تیایدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی وڵاتانی بەشدار ئەنجام داوە و تیایاندا وێڕای خستنەڕووی ڕەوشی ھەرێمی کوردستان، دەربارەی چەندین پڕۆژە لەگەڵ شاندەکان گفتوگۆیان کردووە، بڕیاریش وایە ژمارەیەکیان سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن.

ئینجا بەڕێز سەڵاحەدین بابەکر وەزیری کارەبا پوختەیەکی دەربارەی سەردانی فەرمیی خۆی و شاندی وەزارەتی کارەبای بۆ کۆماری چیک پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر دیدار و گفتوگۆکانی دەربارەی ھاوکاری و ھەماھەنگی لە بواری کارەبادا لەگەڵ لایەنە چیکییە پەیوەندارەکان.

لای خۆیەوە بەڕێز ڕێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری، ئەوەی ڕەت کردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بودجەی بۆ پارێزگای ھەڵەبجە دانەنابێت، چونکە بە ھۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە ھەیە، ھێشتا بودجەی ھەرێمی کوردستان ئامادە نەکراوە و جەختی لەوە کردەوە کەی بودجە ئامادە کرا، ھەموو شوێنێک بودجەی بۆ دادەنرێت.

دوای ئەوە لە بڕگەی یەکەمی بەرنامەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی دروستکردنی تێگەیشستنێکی ھاوبەش لە نێوان پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە گفتوگۆکردن و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندارە بە پڕۆژەیاساکان و ئاراستەکردنی پرسیاری پەرلەمانتاران لە حکوومەت، تاوتوێ کرد.

لە بڕگەی دووەمی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا، بەرێز عەبدولسەتار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پێشنیازی وەزارەتی بۆ جێبەجێکردنی یاسای فیدرالیی (حەجری) کشتوکاڵیی ژمارە ٧٦ی ساڵی ٢٠١٢ لە ھەرێمی کوردستان پێشکەش کرد و دوای ئەوەی گفتوگۆی لەسەر کرا، پێشنیازەکە لە ڕووی پرەنسیپییەوە پەسەند کرا.

لە دوا بڕگەی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا بەڕێز ساماڵ سەردار وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، ڕاپۆرتی لیژنەی پێکھاتووی سەبارەت بە پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ بەشە خۆراکی مانگانەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستاندا، پێشکەش کرد و ئەنجومەنی وەزیران پلانەکەی پەسەند کرد.



PM:05:37:05/04/2015