پارتی هەست دەکات لایەنەکانی تر "گەلەکۆمەی" لێدەکەن

ئا: حەسەن عەزیز

لەناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بیروڕایەک زاڵەو پێیانوایە لایەنەکانی تر ( گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی) دوو مانگە کەوتوونەتە گەلە کۆمە لە دژیان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند کە ئەم بڕوایە ئەو دەمە لای پارتی جێگیربوو کە لەماوەی ئەم دوو مانگەدا سێ جار لایەنەکانی گۆڕان و یەکێتی و ئیسلامییەکان یەک هەڵوێست و یەک بەیاننامەیان هەبووە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەر خۆی لەو بەرەوە " کەنار کەوتووە"و بە تەنها ماوەتەوە.

دەستەواژەی " گەلە کۆمە" کە زیاتر زاراوەیەکی ناوچەی سلێمانییە، سەرەتا لەبواری کۆمەلآیەتیدا بەکار هاتووە کە کۆمەڵێک خەڵک یان هۆز پیلانی پێشوەخت دژی هۆزێکی تر، یان کەسایەتییەکی تر دادەرێژن و بەهەموویان فشاری دەخەنە سەرو زەرەری پێدەگەینن، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و دروستبوونی حیزبە سیاسییەکان ئەم دەستەواژەیە گوازرایەوە بۆ دنیای سیاسەت و هەندێکی بەنهێنی ئەنجام دەدرێت و هەموو لاکان بەرامبەر یەک لا یەک هەڵوێستیان دەبێت، ئەگەر ئەو پەیوەندییە لەوە زیاتر پەرەی سەند ئەوا دەچێتە بواری هاوپەیمانێتیەوەو ئەو دەمە رادەگەیەنرێت و بەتەواوی ئاشکرا دەبێت، ، هەتا لە هەندێک حاڵەتدا ئەو "گەلە کۆمەیە" دەگاتە ئاستێک کە بەهەموو لایەنەکان گورزی سیاسی، ئابوری، یان سەربازی لەدژی لایەنەکەی تر ئەنجام دەدەن.
لەم دوو مانگەی پێشوودا سێ جار پارتی لەنێو کوتلە کوردستانییەکان لەبەغداو فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان "کەنار کەتووە" و هەر خۆی ماوەتەوە.

لە رۆژی ٢٢-٢-٢٠١٥ لە کۆبوونەوەی وەفدی دانوستانکاری کورد لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا کە لەسەر پرسی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان بەغداو هەولێر بوو، سەرۆکی  فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق بەناوی هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراقەوە بەیاننامەیەکی شەشی خاڵی توندی لەسەر " گۆڕینی وەزیری سامانە سروشتیەکان( هەرچەندە ناوی بەراستەوخۆ نەهات) و بارودۆخی پێشمەرگە خوێندراوەیە کە پرسێکی چاوەروان نەکراو بوو بۆ پارتی، بەپێی زانیارییەکانی سپی " تا خوێندنەوەی بەیانەکە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەبەغدا بەم پرسەی نەزانیبوو".

دواتر لە هێرشکردنە سەر پەرلەمانتاری گۆڕان عەلی حەمەساڵح لە لایەن دوو پەرلەمانتاری پارتیەوە، هەموو فراکسیۆنەکان لە پەرلەمانی کوردستان بەبێ فراکسیۆن پارتی بەیاننامەیەکیان دژی ئەو رووداوە دەرکرد، بەمەش لای پارتی "دووەم گەلە کۆمە" تۆمارکرا.

گەلە کۆمەی سێهەم پرسی هەموارکردنەوەی دەستوورە کە هەموو لایەنەکان جگە لەپارتی ئیمزایان لەسەر ئەوە کردووە کە دەستوری هەرێم کە لەخوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری لەسەر دراو تەنها پرسی ریفراندۆمی مابوو، سەرلەنوێ هەموو لایەنەکان داوا دەکەن بێتەوە پەرلەمان و هەموار بکرێتەوە، بەمەش خەریکە بەمەزندەی پارتی "گەلەکۆمەی سێهەم" لەدژی تۆمار دەکرێت.

سەردانەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بۆ لای پارتی بۆ ئاگادرکردنەوەی بارزانی بێت لەسەر ئەو پرسە، کە ئەگەر ئیمزای نەکەن ئەوا ئەمجارەش تەنها دەمێننەوە، بارزانیش دوای دوو رۆژ مۆڵەتی کرد تا لەگەڵ مەکتەبی سیاسیدا کۆببنەوەو دوا رای خۆیان پێ رابگەیەنن.
سەرچاوە ئاگادارەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەکۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ بارزانی لە هاوینەهەواری سەلاحەدین بەتەواوی ئەم بۆچوونە لە قسەکانی بارزانی لەو کۆبوونەوەیدا بەدیدەکرا کە پارتی " گەلە کۆمەی" لێدەکرێت.

سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد کە تا ئێستا نازانرێت پارتی چ هەڵوێستێک لەسەر ئەم بارودۆخە نوێیەی خۆی دەبێت و بڕیاری چی دەدات، بەلآم بەپێی سەرچاوەکەی سپی پارتی لەبەردەم دوو بژاردەدایە، یەکێکیان پارتی لەرووی سیاسیەوە هەوڵ لەگەڵ ئەو لایەنەدا بدات کە نزیکن لێیەوە و ئەو ریزبەندیەیان بشکێنێت و هەژموونی خۆی بەسەریاندا بەسپێنێت، یان بژاردەی دووەم ئەوەیە کە هەڵوێستێکی توند بەرامبەر گۆڕان، یان یەکێتی، یان هەر دوو لایەن وەربگرێت گوێ بەو داوایانەیان نەدات کە لایەنەکان کەداوای هەموارکردنەوەی دەستور دەدەن و هاوکات گوێ بەو داواکاریانەش نەدەن کە ئەو لایەنانە پێ لەسەر ئەوە دادەگرن کە بارزانی خۆی کاندید نەکاتەوە.
رۆژانی داهاتوو کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی و کۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ سەرکردایەتی پێنج لایەنە سەرەکییەکە هەڵوێست و سیاسەتی نوێی پارتی ئاشکرا دەبێت بەرامبەر ئەو کەنارگیریەی کە ئەو حیزبە ناوی ناوە " گەلە کۆمە".       



PM:06:59:06/04/2015