جەمیل بایک داوای لێبوردن لە گەلی ئەڵمانیا دەکات

‌جەمیل بایک
هاوسەرۆکی کۆما جڤاکی کوردستان جەمیل بایک لە رێگای تەلەفزیۆنێکی ئەو وڵاتەوە داوای لێبوردنی لەگەلی ئەڵمانیا کرد لەسەر ئەو هێرشانەی لەساڵی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا رێکخراوەکانیان لەو وڵاتە ئەنجامیان داوە.

جەمیل بایک لە ٩/٤ لە رێگای تەلەفزیۆنێکی ئەڵمانیەوە کە میدیاکانی نزیک پەکەکە بڵاویان کردۆتەوە، داوای لێبوردە دەکات لەسەر ئەو کارانەی لەنەوەدەکان ئەنجامیان داوە، وەک بڕینی رێگا خێراکانی ئەو وڵاتەو هەندێک لەلایەنگرانی پارتەکەی خۆیان سووتاندووە.

بایک لەو چاوپێکەوتنەدا دەڵێت: دەمەوێت بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە داوای لێبوردن لەگەلی ئەڵمانیا بکەم و دڵنیایان دەکەمەوە کە جارێکی تر رووداوی لەو بابەتە روونادات.

هاوسەرۆکی کۆما جڤاکی کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەوان شەڕیان ناوێت لەگەڵ تورکیا و دەڵێت: نەئێمەو نە تورکیا لە رێگای شەڕەوە ئەوەی دەمانویست بۆمان دەستبەر نەکرا.

ئێستا لە پەرلەمانی تورکیا گفتوگۆیەکی گەرم لەئارادایە بەئەنجامی ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان لە لیستی تیرۆر دەربکرێت.



PM:12:31:10/04/2015