پارتی لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم بڕیاری نهێنی دەدات

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوەو بڕیارێکی نهێنی لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم دەدات.

بلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پارتی بڵاودەکرێتەوە و کەمترین تیشکخراوەتە سەر پرسی دەستور و سەرۆکی هەرێم و تەنها بە دوو دێڕ ئاماژەی بۆ کراوە" پرسی دەستوور و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان وەكو پرسی هەموو گەلی كوردستان گفتوگۆیان لەسەر كرا لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكەی ناوخۆیی تاوتوو كران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا".

بەلاغەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی تەنها ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو دوو پرسە " وەک پرسی هەموو گەلی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر کراوە"، بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەو بڕیارە بکرێت کە لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ دوو پرسە دراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند  پارتی پرسی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی هەرێم بۆ گەیشتن بە سازدان و تەوافق سپاردووە بە مەکتەبی سیاسی و ئەوان لەهەوڵدان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

سەرچاوەکەی سپی پێیوایە ئەگەر گەیشتنە ئەنجامێک کە مایەی ڕەزامەنی بارزانی بێت و لەو دەسەڵاتانەی ئێستا هەیەتی کەمنەکرێتەوە، ئەوا لەپەرلەمان بەپێی یاسایەک ماوەی بارزانی درێژ دەکرێتەوە وەک خوولی پێشوو.

ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات ئەگەر بە پێچەوانەی ویست و ئارەزووی ئەویشەوە نەبوو، ئەوا پارتی بە شێوەیەکی تر چارەسەری دەکات و رەنگە بیر لە بەدیلی بارزانی بکاتەوە.

ئەمە دەقی بەلاغەکەی پارتییە: 
    

دەقی بەلاغی کۆتایی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان:

بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی)  ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیمان، پارتیی دیموكراتی كوردستان لە رێكەوتی 12/4/2014 كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجام دا و سەبارەت بەم بابەت و تەوەرانەی خوارەوە گفتوگۆی كرد و بڕیاری پێویستی لەبارەیانەوەدا:

یەكەم: بارودۆخی عێراق، دوای هێرشی داعش بۆسەر چەندین شار و شارۆچكەی عێراق و كوردستان و داگیركردنیان، گۆڕانكاری بەرچاو لە پەیوەندییەكانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی ناوخۆی عێراق رووی دا، هەروەكو پەیوەندی و هاوپەیمانیەتیی نوێ‌ لەسەرئاستی جیهان بە گشتیی و عێراق و ناوچەكە بەتایبەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئاینیی و مەزهەبی هاوبەش هاتنە ئاراوە، هەروەها لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی سیاسی هەروەكو هاوپەیمانەتی لە روانگەی باوەڕبوون بە دامەزراندنی سیستمی دیموكراسیشەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كە لە ئاكامدا هێزی نوێ‌ لە هاوكێشە سیاسییەكاندا بە دەركەوتن؛ كوردستانیش بەدەرنەبوو لە كاریگەریی بارودۆخی نوێی عێراق و ناوچەكە و جیهان، وەكو هێزێكی سیاسی و ئابووری و عەسكەریی كاریگەر و خاوەن رۆڵی یەكلاكەرەوەی بەشێكی كێشەكانی گۆڕەپانی سیاسی و عەسكەری  لە ئاستی جیهان و ناوچەكە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێ.
خەڵكی كوردستان چاوەڕوان بوون دوای گۆڕانكارییەكانی ساڵی 2003 عێراق و ناوچەكە بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە هەڵە و گرفتەكانی پێشوو، هەموو لایەنەكان هەنگاوی جیددی بهاوێژن بۆ دووبارەنەبوونەوەی هەڵە و كەموكوڕییەكان و، ئارامی و تەبایی باڵ بەسەر ناوچەكەدا بكێشێ‌، بەڵام بەداخەوە هەڵەی كوشندە و كاریگەر لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە رووی دا و، هەروەكو خوێندنەوەی ناواقعیانەی جیهانی دەرەوەش بۆ چۆنیەتی چارەكردنی كێشەكان و پشتگیریی ئاڵوگۆڕییە جیاجیاكان چاوەڕوانی خەڵكی كوردستانی نەك نەهێنایە دی، بەڵكو گرفتی گەورەشیان بۆ دروست بوو، هەرچەندە گەلی كوردستان خوڕاگرانە وەكو هەمیشە بەرامبەر پڕۆژە و پیلانە چەپەڵەكانی دوژمنان و ناحەزان وەستاوەتەوە و خەونەكانیان لە گۆڕ دەنێ‌.

دووەم: بارودۆخی كوردستان و شەڕی داسەپاو، وەكو چەندین جاری دیكە ئەمجارەیش ئەوانەی چاویان بەپێشكەوتن و سەركەوتنە سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەكانی كوردستانیان هەڵنایەت، شەڕیكی نابەرامبەریان بەسەر كوردستاندا سەپاند و بەم هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگە و رۆڵەی نیشتمانەكەمان شەهید بوون و بوونە قوربانی نەتەوە و نیشتمانەكەیان، ئەمڕۆ ئازایەتی و خۆڕاگریی پێشمەرگەی كوردستان بووەتە وێردی سەر زوبانی جیهانیان و ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دامودەزگا ئەمنییەكان بەرگری لە مرۆڤایەتی دەكەن و تاكە هێزێكە كە بەوپەڕی ورە بەرزییەوە داعشی بەزاندووە و بەرە و دواوە گەڕاندەوە، رۆژ لە دوای رۆژ  بە سوپاسەوە بە هاوكاریی هێزی ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان، زۆربەی هەرە زۆری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیان لە گەرمیان تا چیای شنگال، لە دوژمنانی مرۆڤایەتی رزگار كردووە. ئازایەتی و خۆڕاگریی پێشمەرگە و رۆڵەكانی گەلەكەمان لە خانەقین تا شنگال و كۆبانی ترسی خستووەتە ناو دڵ و دەروونی پیلانگێڕان. سڵاو لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدان و لە خوای گەرورە داواكارین بریندارەكانمان شیفا بدات.

سێیەم: پێوەندی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ، دوای ئەو ئاڵۆزیەی لە پەیوەندییەكان دروست بوون لە ئاكامی خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەلایەن بەشێك لە دەسەڵاتدارانی بەغدا و بڕینی مووچە و بوودجەی كوردستان، گوشارێكی زۆر كەوتە سەر بژێوی و ژیانی سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستانی و، كاریگەری كردە سەرتەواوی بەرنامە و پڕۆژەكانی حكوومەت و كەرتی تایبەت، بەڵام جەماوەری كوردستان خۆڕاگرانە بەرەنگاری ئەم هەنگاوە نابەجێیانەی حكوومەتی بەغدا بووەوە، ئەم خۆڕاگری و هاوكارییە هەمەلایەنەی خەڵكی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانیەوە، شایەنی سوپاس و پێزانینی زۆرە.
هەروەك پشتگیری لە هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێم دەكەین بۆ دەربازبوون لەو قەیرانەی بەرەوڕووی هەرێم بووەتەوە، بەتایبەتی رێككەوتنی لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵ، ئومێد دەكەین رێككەوتنەكە بە باشی جێبەجێ بكرێت. هەروەها كۆبوونەوە رووڵی حەشدی شەعبدی هەڵسەنگاند و، پارتیمان ئەو هێزە بە هاوكارێكی باشی سوپای عێراقی دەزانێ‌ و لە ئازادكردنی ناوچەكانیان پێویستن، بەڵام سەبارەت بە هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە پێشمەرگە ئازادی كردوون و دەیانپارێزێت، بەپێویست نازانرێ‌ و، هێزی خۆڕاگری پێشمەرگەی كوردستان نەیهێشتووە هیچ بۆشاییەكی عەسكەری و ئەمنی دروست ببێت.

چوارەم: بارودۆخی ناوخۆی پارتیمان، لەگەڵ هاتنی داعش و پەلاماردانی كوردستان، تەواوی ئەندام و كادیران و سەركردایەتیی پارتیمان خۆبەخشانە روویان لە بەرەكانی شەڕ كرد و بوونە هاوكار و پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكان و، ژمارەیەكیشیان شەهید و بریندار بوون، جێی خۆیەتی ئەم هەڵوێستەی هەڤاڵانمان بەرز بنرخێنین، هەروەكو لەو رەوشە نالەبارەی دارایی كە تەواوی خەڵكی كوردستان توشی بووە كاریگەری راستەوخۆشی كردووه‌تە سەر هەڤاڵانمان و ئۆرگانەكانمان، كە بە خۆڕاگری و هەست بە بەرپرسیاریەتی، رەفتاریان كردووە و واقیعی ئێستای كوردستانیان وەكو هەیە خوێندووەتەوە و لە بەرچاویان گرتووە و، بەردەوام لە هەوڵی پاراستنی یەكڕیزی و تەباییدان، كە لە ئاكامدا ئاشتیی كۆمەڵایەتی دەپارێزێ‌، بۆیە لەو رووەوە سوپاس دەكرێن.

ئەمانە و پرسی دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان وەكو پرسی هەموو گەلی كوردستان گفتوگۆیان لەسەر كرا لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكەی ناوخۆیی تاوتوو كران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.

بژی كورد بژی كوردستان..

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی
پارتیی دیموكراتی كوردستان
12ی نیسانی 2015



PM:11:03:12/04/2015