پەرلەمانتارێک مەترسی هەیە هەڕەشە لەماڵ و مناڵی بکرێت

‌شێرکۆ جەودەت
سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەسەر جوڵاندنی چەند دۆسیەکی گەندەڵی مەترسی ئەوەی هەیە هەڕەشە لەماڵ و مناڵانی بکرێت.

د. شیرکۆ جەودەت سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بەناونیشانی " رای گشتی لەچەواشەکاری ئاگادار دەکەینەوە" کە ئاراستەی ڕای گشتی خەڵکی کوردستانی کردووەو کۆپییەکی دەست سپی کەوتووە، دەڵێت" ماوەیەكە هەڵمەتێكی بەرنامە بۆ داڕیژراو هەست پێ دەكەین كە لە چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندنەوە خودی كەسایەتی بەندەی كردۆتە ئامانج، سوپاس بۆخوا ئەمەش بە بەڵگەیەك دەزانین بۆ مایەپوچ بوونی بكەرانی پشت ئەو هەڵمەتە".

دەقی نوسینەکەی سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان

" ڕای گشتی لە چەواشەكاری ئاگادار دەكەینەوە"

ماوەیەكە هەڵمەتێكی بەرنامە بۆ داڕیژراو هەست پێ دەكەین كە لە چەند دەزگایەكی ڕاگەیاندنەوە خودی كەسایەتی بەندەی كردۆتە ئامانج، سوپاس بۆخوا ئەمەش بە بەڵگەیەك دەزانین بۆ مایەپوچ بوونی بكەرانی پشت ئەو هەڵمەتە.

ئێمە بە پێویستی دەزانین كە ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگادار بكەینەوە، كە ئەو هەڵمەتەی بەرامبەرمان ئەنجام دەدرێت، پەرچە كرداری ئاشكراكردن و بەرنگاربونەوەی پرسی چاكسازی و گەندەڵیە بەتایبەت لە چەند دۆسیەكی گەندەڵی كە بە دڵنیاییەوە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بەرژەوەندی گەندەلكاران گیراوەتەبەر لە بوارەكانی نەوت وگاز و داهات و سامانی گشتی دا و بەو هۆیەوە ئەوان نیەتی ناوزڕاندن و دروستكردنی بچوكترین لەكەیان هەیە لە ناوبانگ و كەسایەتیماندا، پشت بەخوا تاوەكو ئێستا شكستیان خواردووە و لە داهاتووشدا بە مایەپوچی دەمێننەوە.

هەموو هەولێكی چەواشەكاری لەو چەشنە بێ ئاكام دەبێت لە بە هەڵە بڵاوكردنەوەی لێدوانەكانمان و دەستكاری كردنیان و دروستكردنی چیرۆكی وەهمی و نادروست، ئەوان مەبەستیانە لە بری بەدواداچوون و ئاشكراكردنی ڕاستی و گەندەڵیەكان، سەرقاڵی وەڵام دانەوەیان بین و پاشگەز ببینەوە و كۆڵ بەین لە خەباتی چاكسازی.

لێرەوە بەڵێن دوپات دەكەینەوە كە پشت بەخوا پارێزەری مافی بەشخوراوان دەبین و هەر چیمان پێ بكرێت لە قوربانیدان بۆ پاراستنی ماف و سامانی گشتی و ئازادیەكان درێغی ناكەین،هەروەك دوپاتی دەكەینەوە كە هەر هەڕەشە و مەترسیەك بۆ سەر ماڵ و منداڵمان دروست بكرێت ئەوا هەموو ئەو كەس و لایەنانە بە بەرپرس دەزانین كە ناوەكانیان ئاڕاستەی جێگای یاسایی خۆی كراوە و لەكاتی خۆیدا ئاشكرا دەكرێن.

شێركۆ جەودەت
سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و ووزە و سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان
11/4/2015



AM:09:41:13/04/2015