ئەو دادوەرەی موستەشارەکانی دادگایی کرد دەستی لە کارکێشایەوە

لە ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا د. هاوژین حسێن حامد ئەو دادوەرەی دادگایی موستەشارەکانی بەشداری لە تاوانی ئەنفالدا ئەنجام دا، پاش ئەوەی دوورخراویەوە بۆ ئامێدی لە دهۆک، دەستی لەکارکێشایەوە.

 ئەمڕۆ ١٤/٤ یادی ٢٧ ساڵەی کارەساتی ئەنفالە، لەم یادەدا دادوەری ئەو دۆسییە د. هاوژین حسێن لەبەر فشارو دەستوەردانی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی كەركوك/ گەرمیان و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی دادگاو دەستگیرنەکردنی موستەشارەکانی بەشدار بووی ئەو تاوانە کۆکوژیە دەستی لەکارکێشایەوە.

ئەو دادوەرە لە نامەیکەی ٧ لاپەڕەییدا کە کۆپییەکی ئاراستەی سپی کراوە، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی بەدرێژی بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان و کەسوکاری قوربانییەکان ئاشکرا دەکات.

نامەی دەستلەکارکێشانەوەکە کە ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەریش کراوە تیایدا هاتووە" دەستوەردانی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی كەركوك/ گەرمیان، دادوەر " ئەكرەم "‌و ئەنجومەنی دادوەری‌و سەرۆكەكەی، لە كاری دادوەری، لە دۆسیەی ئەنفالدا، ئەوەش دوای ئەوەی كە پاش ( 4 ) ساڵ لە گشتاندنی دەستگیركردنی تۆمەتبارانی دۆسیەی ئەنفال تەنانەت (1) تۆمەتبار دەستگیرنەكراوە. من وەك دادوەر ساڵی پار ( 3 ) تۆمەتباری ئەو دۆسیەیەم دەستگیر‌و ڕاگیر كرد، بەڵام ئەو " سەرۆك " دادگایە بە تەلەفۆن‌و ڕوبەڕوو وە چەندین جار بە ناوی خۆیەوە‌و جارێكیش بە ناوی ئەنجومەنی دادوەری‌و خودی سەرۆكی ئەنجومەن بە من دەڵێت "كێشەی ئەنفال كۆتایی پێ بهێنەو بۆ ئەو كەسانەت دەستگیر كردووە؟!".

لە بڕگەیەکی تری نامەکەدا هاتووە: دەستوەردانی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی كەركوك/ گەرمیان، دادوەر " ئەكرەم " لە كاری دادوەری لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی، لەو دۆسیانەی پەیوەندی بە حزبی یەكێتی‌و ئاسایشەوە هەیە"

دەقی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکە

هۆكارەكانی دەستلەكاركێشانەوە:

1 - دەستوەردانی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی كەركوك/ گەرمیان، دادوەر " ئەكرەم "‌و ئەنجومەنی دادوەری‌و سەرۆكەكەی، لە كاری دادوەری، لە دۆسیەی ئەنفالدا، ئەوەش دوای ئەوەی كە پاش ( 4 ) ساڵ لە گشتاندنی دەستگیركردنی تۆمەتبارانی دۆسیەی ئەنفال تەنانەت (1) تۆمەتبار دەستگیرنەكراوە. من وەك دادوەر ساڵی پار ( 3 ) تۆمەتباری ئەو دۆسیەیەم دەستگیر‌و ڕاگیر كرد، بەڵام ئەو " سەرۆك " دادگایە بە تەلەفۆن‌و ڕوبەڕوو وە چەندین جار بە ناوی خۆیەوە‌و جارێكیش بە ناوی ئەنجومەنی دادوەری‌و خودی سەرۆكی ئەنجومەن بە من دەڵێت "كێشەی ئەنفال كۆتایی پێ بهێنەو بۆ ئەو كەسانەت دەستگیر كردووە؟!". خودی ئەو سەرۆكەی دادگاو سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریش پێم دەڵێن " بە جوڵاندنی دۆسیەی ئەنفال، كێشەت بۆ ئەنجومەنی دادوەری دروستكردووە!".
   سەرۆكی دادگاكە بە من دەڵێت لەسەر گرتنی ئەو تۆمەتبارانە ( ڕاپۆرت بە هەموو دنیا دراوە لەسەرمان ) ... من دەپرسم ئەگەر گرتنی تۆمەتباری بكوژانی زیاد لە ( 182000) كەس ڕاپۆرتی لێبدرێت ئەمە شانازییە یان سەرشۆڕیی ؟!! ئایا ڕاپۆرت بە كێ‌ دراوە ؟؟! تەنها بە حزبی دەسەڵاتدار دراوە كە زۆر كاریان بۆ ئەو تۆمەتبارانە كردووە، بە تایبەت بۆ دژایەتی من وەك دادوەر ... (لەو بارەیەوە بەڵگەی دەنگی تۆمارم لەلایە).
   سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری لەم چەند رۆژەی دواییداو لە دیمانەیەكدا بە من دەڵێت ( ئێمەش زۆر زەختمان لەسەر بوو لەسەر دۆسیەی ئەنفال " واتا لەسەر دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان " ) منیش وەك دادوەر هاوژین دەڵێم ( وەڵامتان چی بوو بۆ ئەو زەختانە ؟ ئەوە بوو منتان نەقڵ كرد بۆ سنوری توركیا " ئامێدی " ؟! )
   ئەو " سەرۆك " دادگایە بە ناوی " ئەكرەم "، لە چەندین پەیوەندی تەلەفۆنیدا فشاری خستە سەرم بۆ دۆسیەی ئەنفال، كە پێمدەڵێت موعالەجەی بكە واتا تۆمەتباری ئەنفال !! دەپرسم موعالەجە چی یە ؟! منیش وتم دەیان جار بە پۆلیس‌و وەزارەتی ناوخۆم وتوە كە ڕەوانەی بغداد بكرین بۆ دادگایی كردن . بەڵام ئەو سەرۆك دادگایە‌و بە ناوی ئەنجومەنی دادوەرییەوە بە من دەلێت معالجەی بكە وتم " كاری من دەركردنی بڕیارە‌و كاری پۆلیس جێبەجێكردنە بەڵام نایان بەن بۆ بەغداد" بەڵام ئەو " سەرۆك " دادگایە دەڵێت ( خۆت ) موعالەجەی بكە ... من وەك دادوەر هاوژین دەپرسم " سەرەڕای بونی بڕیاری دادگا " ئەگەر تۆمەتباری ئەنفال نەبردرێن بۆ بەغداد‌و ئەویش " ئەكرەم " بڵێت خۆت موعالەجەی بكە با ئەوەندە لە توقیفدا نەبن، ئایا مانای ئەمە جگە لەبەردانیان دەبێت چی بێت ؟!!! ئایا ئەنجومەنی دادوەری هەرێم‌و دادگای گەرمیانی ( ئەنفالستان ) دەیەوێت تۆمەتباری ئەنفال بەربدەم !!! بەڵام من پێم وت وە زیاد لە (5) جار‌و لە تەلەفزیونیشدا وتم كە من سورم لەسەر گرتنی تۆمەتباری دۆسیەی ئەنفال، بەڵام لە مانگی ( 12 / 2014 ) ئەو سەرۆك دادگایە وتی زەرەر دەكەیت سوور بیت لەسەر ئەو قەناعەتە، منیش وتم ئاساییە، ئەوەبوو لە مانگی ( 2/2015 ) منیان گواستەوە بۆ سنوری توركیا ( ئامێدی ) بێ داواكاری خۆم، كە لەمێژووی ستەمی دادوەریدا ستەمی لەو جۆرە بەرامبەر هیچ دادوەرێك نەكراوە !!
   شیاوی باسە لەسەر دۆسیەی نەگرتنی تۆمەتبارانی دۆسیەی ئەنفال، فەرمانی دەستگیركردنم بۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان دەركرد، لەسەر ئەمەش ئەو " سەرۆك " دادگایە زۆر توڕە بوو وتی "بۆ كاری لەو جۆرەت كردووە‌و بەڕێوەبەری ئاسایش ڕاست دەكات ئەم دۆسیەیە بڕیاری سیاسی دەوێت بۆ ئەوەی تۆمەتبارەكان دەستگیر بكرێن"، منیش دەڵێم ئافەرین دادگا چاوەڕێی حزب بێت تۆمەتباری دۆسیەی خیانەت لە گەلێك بگرن . واتا دادگا فەرمان لە حزبەوە وەربگرێت نەك لە یاساوە. لەم كاتەدا دادوەر " سەیوان "‌و خاتوو چیمەن " ئەندامی داواكاری گشتی دانیشتبوون لە مانگی ( 6 ) ی 2014 لەژووری خۆمدا لە دادگای كفری .

2 – دەستوەردانی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی كەركوك/ گەرمیان، دادوەر " ئەكرەم " لە كاری دادوەری لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی، لەو دۆسیانەی پەیوەندی بە حزبی یەكێتی‌و ئاسایشەوە هەیە. بۆ نمونە لە دۆسیەی راگیركردنی كەسێك كە پلەی حزبی هەیە لەگەڵ (4) تۆمەتباری تر، كە بە ( 5 ) چەكەوە چوونە سەر ماڵی سكاڵاكار‌و ( 2 ) چەكیان بە ئەو كەسە حزبییە بوو " بە گوێرەی بەڵگەی دۆسیەكە"، هیچ یەكێك لە چەكەكان نەخرایە بەردەست دادگا‌و دەستی بەسەردا نەگیرا، ئەو سەرۆكی دادگایە بە من دەڵێت مادەكە كەفالەت دەیگرێتەوە بەریان بدە‌و دەڵێت قسە زۆر لەسەرت دەكرێت. دەپرسم ئایا ئەگەر " مبرز جرمی چەكەكە " دەست نەكەوێت‌و لە تاوانێكی هەڕەشەدا‌و ( 5 ) چەك هەبێت ئایا ئەگەر مەسەلە حزبایەتی نەبێت ئەو " سەرۆك " دادگایە بۆ تەلەفۆن بۆ من دەكات ؟! دەڵێت بەریان بدە.
   شیاوی باسە ئەو مفەوەزەی كە ئەو كەسە حزبییەی دەستگیر كرد، بەپێی فەرمانی دادگا، پاش چەند رۆژێك لەلایەن پۆلیسی گەرمیانەوە گواستیانەوە بۆ شوێنێكی دوور!!!
3 - دەستوەردانی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی كەركوك/ گەرمیان، دادوەر " ئەكرەم " لە كاری دادوەری لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی، لەو دۆسیانەی پەیوەندی بە حزبی یەكێتی‌و ئاسایشەوە هەیە. بۆ نمونە لە دۆسیەی بەڕێوەبەری پێشوتری ناحیەی كۆكس بەڕێز " عادل "، كە ئاسایشی كۆكس " ( بە بێ بڕیاری دادگا ) بەڵكو بەفەرمانی بنكەكەیان‌و فەرمانی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان "، لە " لەشەو"دا ( 2 ) كارمەندیان‌و ( 2 ) كەسی مەدەنیشیان بردە سەر ماڵەكەی‌و سوكایەتیان بە بەڕێزی كرد بە هەڵكوتانە سەر ماڵەكەی‌و تەقەكردن لە ناو حەوشەكەیدا‌و وەرگرتن‌و بردنی چەكی پاسەوانەكەی "پاشان گەڕاندنەوەی چەكەكە بە ئارەزوی خۆیان‌و بەبێ بڕیاری دادگا لە سەرجەم تاوانەكەیاندا "، هەموو ئەمانە لە دۆسیەی سكاڵاكار " عادل " نوسراون‌و بە زیادەوە، ئەوە بوو دادگاكەمان ڕێوشوێنی خۆی گرتەبەر، بەو پێیەی ئاسایش بەبێ‌ فەرمانی دادگا چووبوونە سەر ماڵی سكاڵاكار، تەنانەت دواتریش دادگایان ئاگادار نەكردەوە، لەبەرئەوە دادگا ئەو كارەی بە تاوان لە كاتی كاری وەزیفی‌و ئەركدا " أپنا‌و الواجب و الوڤیفە " ئەژمار نەكرد، چونكە ئەرك‌و وەزیفە ئەوەیە بە گوێرەی ئسوڵی خۆی بكرێت نەك هەركەس بە گوێرەی یاسا بۆی هەبێت چەك هەڵبگرێت‌و هەستێت بە شكاندنی شكۆی خەڵكانی تر. لە ئەنجامدا فەرمانی دەستگیركردن بۆ ( 4 ) كەسەكە دەركرا، بە پشكنینی ماڵەكانیشیانەوە، لە كاتی هەوڵی گرتنی یەكێك لە مەدەنیەكان ئاسایشی كۆكس چەكیان لە پۆلیس ڕاكێشا‌و ووتیان بە فەرمانی بەڕێوەبەری ئاسایشی گەرمیان ناتوانن ئەم مەدەنییە بگرن، ئەمە لە كاتێكدا پۆلیسی كۆكس فەرمانی دادگایان پێبووە بۆ گرتنی ئەو تۆمەتبارە مەدەنییە .
   بەڵام ئەو " سەرۆك " دادگایە بە من دەڵێت "بۆچی رێوشوێنت لەبەرامبەر ئەو ئاسایش‌و مەدەنیانە گرتووە"، یان دەڵێت ئاسایش چۆتە سەر ماڵی ئەو بەڕێوەبەری ناحیەیە كە سەر بە حزبی ( سوشیالستە)، لە پەیوەندییە تەلەفونییەكەدا دەڵێت "مدیر ناحیەیەكی بێ ئەخلاق دەچێت ئیشی قۆڕ ئەكات " واتا مەبەستی كاری بەدڕەوشتی یە چونكە ئەو سەرۆك دادگایە لە ئاسایش ئەو مەسەلەیەی زانیوە‌و ئاسایشیش وتی كارمەندانمان چونەتە سەر كەلاوەیەك كە كاری بەدڕەوشتی تیاكراوە!!. یان دەڵێت مەدەنیەكان ( 70 ) رۆژە راگیركراون .
   منیش وەك دادوەر " هاوژین " دەپرسم ئایا چۆن ئەو " سەرۆك " دادگایە زانی " ئافرەتی لەو جۆرە لای مدیر ناحیە هەبووە یاخود نا ؟ ئەمە ئاسایش پێی وتوە چونكە لە نوسراوی ئاسایشدا هاتووە كە چوونەتە سەر شوێنێك كاری بەدڕەوشتی تیا كراوە.
   دەپرسم ئەگەر ئەو مدیر ناحیەیە سەر بە حزبی سوشیالست بێت یاخود نا، ئایا چ پەیوەندی بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاساییەوە هەیە؟ ئەمە من دەزانم پەیوەندییەكە ئەوەیە كە بە گوێرەی قسەی ئەو مدیر ناحیەیە لە لای خۆم ئەو تاوانە سیاسییە‌و لە دژی هەندێك جموجوڵی سوشیالیست بووە لە كۆكس لە كاتی جەنگی دژ بە " داعش " . ئایا سەرۆك دادگایەك دەكرێت بە بێ بەڵگە‌و دۆسیەیەك‌و لەسەر قسەی ئاسایشی برادەری بڵێت " مدیر ناحیەیەكی بێ ئەخلاق‌و كاری قۆڕی كردووە .!!!؟؟؟ ئایا وشەی لەو جۆرە لە دادوەرێكەوە دەوترێت كە دەبێت نمونەی باڵای ڕەوشت بێت بۆ دادوەرانی تری وەك من بۆ نمونە؟!
   ئەو " سەرۆك " دادگایە  بە من دەڵێت ئاسایش " تەنانەت " لە كاتی وەزیفە تاوان بكات یان لە دەرەوەی كاتی وەزیفی تاوان ئەنجامبدات، ئەوە دەبێت لە ڕێگای مەرجەعیەوە دەستگیر بكرێت. منیش وەك دادوەر " هاوژین " دەپرسم ئەگەر كەسێك كارمەندی ئاسایش بێت‌و لەسەر قەرزاری یان لەسەر منداڵەكەی یان هەر هۆیەك لە دەرەوەی كاری وەزیفی تاوانێك بكات، ئایا بە چ یاسایەك بۆ ئاسایش دەبێت مەرجەعی ڕازی بێت ئەوكات بگیرێت؟ ئایا یاسایەكی لەو جۆرە هەیە؟!! نەخێر، هیچ دەقێك نییە بڵێت ئاسایش لە دەرەوەی كاری وەزیفیش تاوان بكات دەبێت تەنها لە ڕێگای مەرجەعەوە بگیردرێت، بێگومان مەگەر دەقی حزبی ئەوە فەرز بكات لەگەڵ دەقی ئەو " سەرۆك " دادگایە!!، لە سەرو ئەمانەشەوە هیچ كەسێك (70) رۆژ لە دادگای كفری راگیرنەكراوە!!!!
4 - دەستوەردانی سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی كەركوك/ گەرمیان، دادوەر " ئەكرەم " لە كاری دادوەری لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنی، لەو دۆسیانەی پەیوەندی بە حزبی یەكێتی‌و ئاسایشەوە هەیە. بۆ نمونە لە دۆسیەی پۆلیسی دارستان‌و بریكاری وەزارەتی ناوخۆ بە ناوی " جلال " .
   پوختەی دۆسیەكە: بەندە وەك دادوەر هەستام بە ڕێگەگرتن لە دەستوەردانی حزبی لە كاری دادگا ( ئەمەش بەهۆی  دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ یەكێك لە بریكارانی وەزارەتی ناوخۆ‌و بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستانی كفری، كە بەبێ پاساو دوو كەسیان شاردەوە كە سەر بە حزبێكی دەسەڵات بوون "، دوو كەسەكە بە گوێرەی پەڕاوی لێكۆڵینەوە، فەرمانی گرتنیان هەبوو بە پێی مادەی ( 405 / 31 )ی سزاكان "، بە هۆی چەكڕاكێشان دژی دوو كەسی ئۆپۆزسیۆنی " گۆڕان " بە مەبەستی كوشتنیان) .
   دیارە ئەگەر مەبەست لە دادوەریی چەسپاندنی داد بێت، ئەوە من وەك دادوەر بە ئەو كارە هەستاوم، هەڵبەتە ئەو دوو تۆمەتبارەی داواكراو بوون بە پێی مادەی (405 / 31)ی سزاكان چەندین جار جەختم لەسەر گرتنیان كردەوە‌و بۆ چەند جارێك پشكنین لە ماڵەكانیان ئەنجامدرا بۆ گرتنیان، ئەمانە سوودیان نەبوو، دواتر ئاگادار بووین كە ئەو دوو تۆمەتبارە پۆلیسن "نەك ئەفسەر"‌و تاوانەكانیان لە كاتی وەزیفەدا ئەنجام نەدابوو، بۆیە داوامان كرد بە نوسراو‌و بە تەلەفۆن " لە رێگای پۆلیسی كفری"یەوە، ئەو تۆمەتبارانە تەسلیم بكرێن لەلایەن پۆلیسی دارستانی كفری، بەڵام وتیان " بە نوسراو " سەروو خۆمان ئاگادار كردۆتەوە، نوسیمان بۆیان كە موافەقەتی مەرجەعی ناوێت ... بیان نێرن، بەڵام هەر نەیان نارد، لەبەرئەوە‌و بەپێی ئەوەی بە پێی یاسا دەسەڵاتی دادگا بەسەر حكومەتیشەوە هەیە‌و پشكنین بۆ هەموو جێگایەكی حكومیش ئەنجامدەدرێت، لەبەر ئەوە هیچ ڕێگایەك لەبەردەمماندا نەما ،‌و لە رێگای بنكەی پۆلیسی كفرییەوە دەرچووین بە رێكوپێكی داوای رادەست كردنی تۆمەتبارانم كرد بەڵام وتیان بریكاری وەزیر ئەلێت دەریان بكەن‌و تەقە بكەن . ئەوە بوو دەرچووین‌و هیچ كیشەیەك رووی نەدا، وە تۆمەتبارەكانیش ڕادەستمان نەكرا .
   تەنها بۆ بەڕێز ئەنجومەنی دادوەری ئەم ڕوون كردنەوەیە پێویستە بیدەم ( ئایا جوانە تۆمەتبارێك كە لەسەر حزبایەتی شەری كردووە‌و دادگا نەیگرێت‌و لە راگەیاندنەكاندا بوترێت حزب دەستی دادگای گرتووە ؟ تەنها بۆ بەڕیزیان ڕوون دەكەمەوە كە هۆی دەرچونی من وەك دادوەر لە دادگا‌و رۆشتنم بۆ لای پۆلیسی دارستان ئەوە بوو كە دەمزانی پولیسی كفری چەكدارە‌و پۆلیسی دارستان چەكدارە‌و هەردوو لایەنی پۆلیس بە لایانەوە قورسە بەرامبەر یەكتری كارێك ئەنجام بدەن تەنانەت بە بریاری دادگاش بێت، لەبەر ئەوە من دەرچووم هەتا پۆلیسی دارستان حساب بكات كە دادگا هاتووە‌و بە ئاسایی وەریبگرن كە بنكەی پۆلیسی كفری چۆتە سەریان‌و مەسەلەكە كێشەی لێ نەكەوێتەوە،  ئایا ئەمە خراپ بووە من كردوومە ؟ تەنها (3) رێگا هەبوو:
   یەكەمیان: دوو تۆمەتبار " لەسەر كێشەی حزبی " بسوڕێنەوە بە كفری دا‌و دادگا بایەخی نەمێنێت .
  دووەمیان: بە هەر ڕێگایەك بێت پۆلیسی محلی كفری " بە بێ دادوەر " بڕۆشتایەتە سەر پۆلیسی دارستانی كفری‌و ئەو دوو پۆلیسە لەناو پۆلیسی دارستاندا بگرێت " ئەمەش دەكرا ڕووبەڕووبونەوەی لە نێوان هەردوو لایەنی پۆلیسدا لێ بكەوێتەوە " كە چەكدارن !
   سێهەمیان: من وەك دادوەر بڕۆم بۆ ئەوەی لە لایەك تۆمەتبارەكان بگرین‌و لەلایەك كێشەیەك دروست نەبێت لە نێوان دوو لایەنی چەكدار كە پۆلیسن .
   ئایا رۆشتنەكەم باش بووە یان رێگاكانی تر ؟! ئەو وەڵامە بۆ بەڕێز ئەنجومەنی دادوەری‌و خەڵكانی ڕاستپەروەر جێدەهێڵم كە ئایا من شیاوی سزام یان لەسەر ئەرك‌و ماندوبوون‌و مەترسی لەسەر ژیانی خۆم ئەو كارەم كردووە، پێویستە ڕێز لە كارەكەم بگرن ؟! جێی سەرنجە هەمان پۆلیسی دارستان لەسەر كێشەیەكی دیكە ( كێشەی " دزی كردن " ) بە یەك نوسراو چەند پۆلیسێكیان " كە تومەتبار بوون " ڕادەست كرد كە داوامان كردبوو‌و نەیان وت موافەقەتی مەرجەع، بۆچی ؟ چونكە كێشەی دزی یەكە پەیوەندی بە حزبەوە نەبوو .
   سەروو ئەمانەش بەپێی " قانون أصول المحاكمات الجزائیە " دادوەر دەسەڵاتی چوونە دەرەوەی هەیە تەنانەت بۆ دەرەوەی ناوچەی تایبەتمەندی شوێنی خۆی. ئەوەی من كردوومە لە ناوچەی دەسەڵاتی خۆم بووە، ئایا دادوەرێك بۆ مەبەستێكی پیرۆز لە دادگاكەی بچێتە دەرەوە‌و بە پێی دەقێكی یاسایی، پێویستە سزا بدرێت ؟! كە كارەكە بۆ پشكنین بووە لە پۆلیسی دارستانی كفری .
5 - پاش ئەوەی چەند بارەگایەكی حزبی كە بە تەقەی " خۆشی " خەڵكی كفرییان بێزار كردبوو‌و ڕێگای گشتیان گرتبوو‌و ڕێگایان تەنانەت لە بنكەی پۆلیس گرت لە شەودا كە بچێتە سەر یەكێك لە رێگاكان (جادە)، " بۆ مەبەستی كاری دۆسیەیەك " من وەك دادوەر ئاگاداری بارەگاكانم كردەوە بە فەرمی‌و بەپێی مادەی ( 317 الاصولیە) رێوشوێنم گرتەبەر. شیاوی باسە لە كاتژمێر یەكی شەودا ویستم بچمە كفری لە كاتێكدا لە سلێمانی بووم لە كاتی پشودا بووم، بەڵام پۆلیس ئاگاداری كردمەوە كە كێشەكە هێوربۆتەوە، لەبەرئەوە لە شەودا نەچووم بۆ كفری. لە ڕاستیدا خەمی من تەنها پاراستنی گیانی خەڵكی كفری بوو كە چەندین جار بە تەقەی خۆشی خەڵك كوژراون " لە كوردستاندا "، كە تەنانەت نەزانراوە كێ تەقەی كردووە... لەئەنجامدا ڕێوشوێنی یاساییم گرتەبەر دژ بە بەرپرسی بارەگاكان. لەسەر ئەم بابەتەش، ئەو " سەرۆك " دادگایە بە من دەڵێت كاری قایمقامە نەك تۆ، ئەمەشی كردە هۆیەك بۆ سزادانم، پاش ئەوەی چەندین جار سەرزەنشتی كردم لەسەر ئەو كارەی لەسەر مەترسی ژیانی خۆم كردم نەك پشت بە ئەنجومەنی دادوەری یان ئەو سەرۆك دادگایە، لەبەرئەوەی دەزانم چۆن كاردەكەن! ئایا كام قایمقامە كاری كردووە بۆ بە فعلی نەهێشتنی تەقەی خۆشی؟! بەڵام من تەقەی خۆشیم لە كفری نەهێشت وەك دادوەر، ئایا بەڕێز ئەنجومەنی " دادوەری "، ئەم كارەی من خراپە؟! دەپرسم ئەگەر بە گوێرەی مادەی ( 317 الاصولیە) كارێك بكەم‌و بەبێ لایەنگری جگە بۆ دادپەروەری، پێویستە سزا بدرێم!!

6 - هەمان بریكاری وەزارەتی ناوخۆی سەرەوە، بەپێی مادەی (326) ی سزاكان، دۆسیەی لەسەر كرایەوە،  بەڵام لە لایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە هیچ لێدوان یان ئاگاداركردنەوەیەك نەكرا " وەك ئاشكرایە لە بڕیارێكدا " بۆ حكومەت یان بەڕێز سەرۆكی هەرێم یان پەرلەمان، لە بارەی تەداخولكردنی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە كاری دادگا " كە دەوترێت دەسەڵاتیكی سەربەخۆیە"، لەمەش سەیرتر سزای دادوەرەكە درا، كە منم .
   ئەم دۆسیەیە بریتیە لەوەی ( ئەفسەرێك فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو)، وەزیری ناوخۆ رەزامەندی لەسەر دەستگیركردنی دەربڕی‌و دادگا فەرمانی دەستگیركردنی دا بە پۆلیسی كفری، بەڵام ئەو بریكارە بە بەرقیەیەك بە پۆلیسی كفری وت نابێت بیگرن، واتا بڕیاری وەزیری ناوخۆی خۆی‌و فەرمانی دادگای شكاند ( لە كاتێكدا خۆی تەمەتبار بوو لەگەڵ ئەو ئەفسەرە) .
   بەپێی مادەی ( 326 )، لەم بارەدا دەستوەردانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن بوو لە دەسەڵاتی دادوەری، من فەرمانی دەستگیركردنم بە ئسوڵی بۆ ئەو بریكارەی وەزارەتی ناوخۆ دەركرد، بەڵام دەستەی فراوانی دادگای پێداچونەوەی هەرێم بە (7) دادوەر‌و بە (اتفاق) وتیان: ئەم كارەی بریكار " جلال " كردویەتی ترسناك نییە‌و نابێت فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەربچێت، بەڵكو لە ناو بڕیارەكەیاندا سزای منیاندا وەك دادوەر، هیچ رێوشوێنێكی تریان نەگرت دژ بەو بریكارە بە ئاگاداركردنەوەی پەرلەمان یان حكومەت یان سەرۆكی هەرێم بە ڕێگە گرتن لە دەستوەردان لەكاری دادوەری. چونكە كەسێك لە دادگاوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەربچێت، نابێت هیچ كەسێك ڕای بگرێت ( ئەمە لە كاتێكدا ئەو بریكارە لە هەمان دۆسیەدا تۆمەتبارە لەگەڵ ئەو ئەفسەرەدا)".
   دەپرسم ئایا ئەگەر وەستاندنی بڕیاری دادگا‌و كەلەبچەكردنی بڕیارەكانی لەلایەن بریكاری وەزیرێكەوە ترسناك نەبێت، ئیتر چی ترسناكە لەبەرچاوی ئەنجومەنی دادوەری‌و ئەو " سەرۆك " دادگایە ؟!!! لە كوێیە سەربەخۆیی دادگا !!
7– ئەو " سەرۆك " دادگایە‌و ئەنجومەنی دادوەری سزام دەدەن لەسەر ئەوەی كە لە T.V قسەم كردووە :
جێی باسە ئەگەر گلەیی لەسەر من ئەوە بێت لە ( T.V ) قسەم كردووە، ئەوە هیچ دەقێك نییە لەسەر قسەكردن كە بڵێت دادوەر نابێت بەو جۆرە قسە بكات یان هۆشداریم بداتێ بە دووبارە نەكردنەوەی، لە كاتێكدا لە مانگی ( 5 ) ی 2014 ئەوە روویداوە !! ‌و تاوانەكە بینراو بوو‌و من بەپێی دەسەڵاتی دادوەریی خۆم دەرچوو بووم واتا دەق هەیە لەسەر چوونە دەرەوەی دادوەر. بە گوێرەی دەستور‌و یاسای كاری رۆژنامەوانی‌و یاسای دەسەڵاتی دادوەری دەق نییە لەسەر قسە نەكردنی دادوەر لە T.V، وە مافێك بە دەستور درابێت یاخود یاسا، ئەوە تەنانەت ڕێنمایی ئەنجومەنی دادوەری یاخود حكومەتیش ناتوانێت بیوەستێنێت . ئەوەش بڵێم كە یەك جار قسە كردن ڕوویدا لە لایەن منەوە !! دادوەرەكانی ئەنجومەنی دادوەری – وەك هەموو دونیا – رۆژانە چەندین هەڵەی بڕیاردان ئەنجام دەدەن‌و كێشەش نییە لای ئەنجومەنی دادوەری، بەڵام ئەوەی من دەستبردن بوو بۆ دۆسیە حزبی‌و بڤەكان لەبەر ئەوە توڕە بوون .
   ئەگەر مەبەست لەدەستدانی بێلایەنی بێت لەلایەن منەوە، ئەوە ئەگەر لایەنگیری یان بێزارییەكی شەخسی لەسەر تاوانەكە لای من هەبوایە لەو كاتەوە من تەنها یەك سكاڵام تۆمار نەكردووە لەسەر چەندین تاوان كە بەرامبەر خۆشم ئەنجامدرا بەهۆی ئەو كێشەیەوە، لەوانە باسكردنم لەلایەن كەناڵێكی حزبی یەكێتی ( گەلی كوردستان )‌و بەشی دارستانی كفری‌و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان‌و ئەو بریكاری وەزیرە ..... ئەگەر بوترێت گومان دەكرێت لەسەر عەدالەتی من كە لە T.V قسەم كردووە، خۆ دەبوو لەو كاتەوە سكاڵایەك تۆمار بكەم لەسەر كەسێك لەوانەی سەرەوە، كە ( 9 ) مانگی بەسەردا چووە .
8 – لە ئەنجامدا من هیچ یەكێك لەو فشارانەم قەبوڵ نەكرد‌و سەرجەم ئەو قسە بێدادانەی سەرۆكی دادگای گەرمیان‌و ئەنجومەنی دادوەری ویستی، هەموویانم ڕەتكردەوە‌و ئەو كارەی حەق‌و داد ویستی ئەنجاممدا، بەڵام لە كۆتایی دا لە رۆژی
 (19/ 2/ 2015) فەرمانی گواستنەوەی راژەی منیاندا بۆ "ئامێدی" لە "كفری" یەوە، بێگومان وەك سزا، بەڵام:
یەكەم / سزای گواستنەوە لە یاسادا نییە بۆ هیچ فەرمانبەرێك .
دووەم / ئەگەر لەبەر پێویستی بێت ئەوە لە هەمان بڕیار‌و ڕۆژدا ( 25 ) دادوەری نوێ دامەزراوە، بەگوێرەی یاسا دەبێت دادوەر بۆ پڕكردنەوەی پێویستی دابمەزرێت، كەواتە بۆچی لە ئەو ( 25 ) دادوەرە نوێیە كەسێك لە ئامێدی دانەمەزرا؟!!
سێهەم / ئایا هیچ خاڵێكی خراپ‌و نەرێنی شەخشی وەك مەسەلەی ئافرەت‌و بەرتیل‌و سلوكی ناشرین‌و ... هتد، لەسەر من هەیە؟!! نەخێر هیچ شتێك نییە، چونكە ئەگەر هەبووایە ئەوە لە مێژە حزب‌و دادگا حزبیەكەی گەرمیان لە دژی من دەیان كرد.
   كەواتە هۆی گواستنەوەی ڕاژەكەم ئەو دۆسیانەیە كە جوڵاندوومە‌و " سەرۆك "ی دادگای گەرمیان لە دوا قسەیدا پێی وتم "زەرەر دەكەیت لەسەر ئەو دۆسیانە، كە ئاوا سوریت لەسەری!!" ئەمەش لە دوا دیمانەم لەگەڵی لە مانگی ( 12 / 2014 ) بە شاهدی دادوەر (سەیوان).
9 – یەكێك لەو هۆكارانەی كە بوو بەهۆی سزادانم، ئەوە بوو پاش ئاگاداركردنم بەوەی تۆمەتبارێكی دۆسیەی ( 17ی شوبات‌و رۆژانی دوایی) لەسنوری گەرمیان، لەو كاتەدا لە یەكێك لە گوندەكانی سەر بە سەرقەڵای سەر بەكفری نیشتەجێیە، ڕاستەوخۆ ڕێوشوێنم گرتەبەر بە ئاگادار كردنەوەی پۆلیسی سەرقەڵا‌و بەوەی ڕێگە نادەم ئەو تۆمەتبارە كە فەرمانی گرتنی هەیە بسوڕێتەوە بە ئازادیی، بەڵام پۆلیس وتی راستە ئەو كەسە هەیە لە سنورەكەمان بەڵام فەرمانی گرتنی نەهاتووە بۆ ئێمە... منیش رێوشوێنم نەگرتەبەر لەبەر نەبوونی فەرمانی گرتن یان سكاڵایەك لە كفری ... لە كۆتاییدا ئەمەش ڕقی نادۆستانی داد‌و حەقی توندتر كرد لەسەرم وەك دادوەر، بوو بە هۆیەكی دیكە بۆ سزادانم !!!
10 – ئەو " سەرۆك " دادگای گەرمیانە بە من دەڵێت، تۆ شتت لەسەر چۆتە شوێنی خۆی‌و ڕاپۆرتت لەسەر دراوە، ئایا منیش دەپرسم شوێنی من جگە لە ئەنجومەنی دادوەری كوێی تر هەیە ؟! دیارە حزبەكەی خۆی مەبەستە، كە لەو ناوچەیە باڵادەستە.
11 – ئەو سەرۆك دادگایە دەڵێت بڕیارێك بدە بۆت جێبەجێ بكرێت، بۆنمونە بڕیار لەسەر (جەلالی شێخ كریم)‌و ئەفسەری دارستان‌و سەرۆك شارەوانی‌و قایمقام‌و ئاسایش دەدەیت بۆت جێبەجێ ناكرێت. كەواتە منیش وەك دادوەر هاوژین دەڵێم دادگای كوردستان دیارە بۆ كەسی بێ دەسەڵات‌و فەقیرە، دادوەریی كردن بۆ فەقیرەكان - بە تەنها - تاوانێكی گەورەیە، من بۆم ناكرێت .
12 -  بە پێی یاسا‌و ڕینماییەكان، دادوەر ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرای هەبێت، ئەوە (50%)ی موچەی بنەڕەتی بۆ خەرج دەكرێت، سەرجەم ئەو دادوەرانەی ( لەگەل من دامەزراون‌و شیاوی ئەم دەرماڵەیەن) لە رۆژی دەستبەكاربوونیانەوە لە مانگی ( 1 / 2014 ) ئەو دەرماڵەیەیان بۆ خەرج كراوە، تەنانەت بە بێ ئەوەی داواكاریش بنوسن بۆ خەرج كردنی ...
   بەڵام من كە لەگەڵ هەمان ئەو دادوەرانە دامەزراوم‌و لە مانگی ( 1 / 2014) ەوە دەستبەكار بووم، هەتا بەرواری نوسینی ئەم دەستلەكاركێشانەوەیە تەنها یەك دینارم بۆ خەرج نەكراوە.
   سەرەتا بە نوسراو لە مانگی ( 3 / 2014 ) داوام كرد بۆم خەرج بكرێت، هەواڵیم نەپرسی (چونكە بە هیچ جۆرێك پارە لەلام گرنگ نییە لە كاری دادوەری) ئەوەبوو لە مانگی ( 9 / 2014 )دا تەلەفۆنێكم بۆ دادگای گەرمیان كرد، لە وەڵامدا وتیان داواكارییەكەت لە ئەنجومەنی دادوەری رەفزكراوە. ئەوەبوو لە هەمان مانگدا، داواكاری دووەمم نوسی، بەڵام لە ( 23 / 12 / 2014 ) ئەنجومەنی دادوەری بڕیاریدا بەوەی كە دەرماڵەكەم بۆ خەرج بكرێت بەڵام لە رۆژی (23 / 12 / 2014) ەوە ئەژمار بكرێَت، منیش دووبارە بێ دادی دادگای گەرمیان‌و ئەنجومەنی دادوەری لەمەشدا دەخەمەڕوو لەبەرامبەرمدا :
یەكەم: لە دادگاكانی تردا ئەو دەرماڵەیە لە ناو دادگای تێهەڵچوونەوەدا خەرجكراوە‌و بڕیاری تاكی (قرار فردی) نەویستووە‌و نایەوێت، بەڵام بۆ من، سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی گەرمیان وتی دەبێت فەرمان لە ئەنجومەنی دادوەرییەوە دەربچێت !! بێگومان دەیویست ئازارم بدات ( بە ڕای خۆی !! )
دووەم: رێنمایی خەرجكردنی ئەو دەرماڵەیە لە پێش دامەزراندنی منەوە دەرچووە، واتا لە رۆژی دەستبەكار بوونی من بوونی هەبووە‌و دەبوایە ئەنجومەنی دادوەری لە رۆژی دەستبەكار بوونمەوە خەرجی بكردایە، بەڵام لە (23 / 12 / 2014)دا خەرجیان كرد، كە ئەمە پێچەوانەی دادپەروەری‌و یاسایە‌و ستەمە لە دادوەرێك كراوە .
سێیەم: ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی دادوەری، تیایاندا هەیە، لە هەمانكاتدا سەرۆكی دادگای تێهەڵچونەوەیە لە سلێمانی‌و دهۆك‌و هەولێر، دادوەرەكانی لای خۆیان لە رۆژی دەستبەكاربوونەوە بۆیان خەرجكردوون، ئایا لە كاتی بڕیاردانیان لەسەر دەرماڵەكەی من، نەیاندەزانی ساڵێكە بۆ دادوەرەكانی خۆیان خەرجیان كردووە ؟!!! ئایا ئەنجومەنی دادوەری بەم جۆرە تەرازووی حەق هەڵدەگرێت ؟!!
چوارەم: دوای ئەو بڕیارە نا دادە، لە بەرواری (1 / 2 / 2015) هەستام بە تانەدان لێی بە شێوەی یاسایی ( التڤلم )، پاش ئاگادار كردنەوەم بە فەرمی بە بڕیارەكە، بەڵام پاش چەندین كۆبونەوە هەتا ئێستا وەڵامی نەدراوەتەوە‌و پاش پرسیاركردنم " تەنانەت لە دوا كۆبونەوەشدا " دەڵێن دوا خراوە ...!!!
پێنجەم: لە هەمووی سەیرتر پاش سەردانكردنم لە رۆژی ( 8 / 4 / 2015 ) بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی ( 1 / 2015 ) پێیان وتم كە هێشتا دەرماڵەكەم بۆ نەبەستراوە لەلایەن دادگای گەرمیان ( دادوەر ئەكرەم )، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە ( 23 / 12 / 2014 )ەوە بڕیاری ئەنجومەنی دادوەری هەیە بۆم خەرج بكرێت . بۆچی ؟ لەبەر ئەوەی ( دادوەر ئەكرەم ) توڕەیە لێم !!!
   ئایا دەكرێت دادوەر توڕە بێت‌و بە حەز‌و ئارەزوو كار بكات ؟!! وەك چۆن لە ناوەڕاستی ساڵی ( 2014 ) دادوەر ئەكرەم لە پەیوەندی تەلەفونی تۆماركراودا لەلام، پێم دەڵێت ئەنجومەنی دادوەری توڕەیە لێت ( واتا لە من) ... سەرسوڕهێنەرە ئەنجومەنی دادوەری بە توڕەییەوە لە ناوەڕاستی ساڵی (2014)ەوە دەیەوێت سزام بدات، بەڵام خۆڵ دەكەنە چاوی خەڵكەوەو دەڵێن لە ( 19 / 2 / 2015) بۆ پێداویستی نەقڵمان كردویت بۆ ئامێدی. ئایا دەبێت ئەنجومەنێكی لەو جۆرە توڕە بێت‌و بڕیار بدات؟!!
11 – هەر بۆیە پاش ئەوەی كە بەو فەرمانی گواستنەوەیەم زانی، شەرمم كرد لە دادگای گەرمیان دەوام بكەم، كە "سەرۆك"ی لەو جۆرەی تێدا بێت، وتم ئەگەر ئەنجومەنی دادوەری نا دادی لە من بوێت لەبەر بێ دەسەڵاتیان لەبەرامبەر حزب‌و ئاسایش‌و بریكاری وەزیری ناوخۆیەك‌و لە دۆسیەی ئەنفالدا‌و دۆسیەی مدیر ناحیەیەك كە حورمەتی كەسیی‌و ئازادیی شكێنرا . ئەوە بگاتە ڕادەیەك سزای خۆشم بدەم، ئەوە بریاری دەست لەكار كێشانەوەم دا، لەو رۆژەوە چەند رۆژێك موڵەتی خۆمم وەرگرت‌و چەند رۆژێكیش كە حەقی مۆلەتم هەبوو مۆڵەتم پێنەدراو  كرا بە غائب بوون..... پاش تەداخولكردنی ئەندام پەرلەمان‌و چەند كەسێك وتیان دەست لەكار مەكێشەوە، ئەوە بوو سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری لە چەند رۆژی پێشوو دیمانەی كرد لەگەڵم وتی دەست بەكار بە لە ئامێدی‌و پاش چەند رۆژێك داوای گواستنەوەی راژەكەت بكە ... خۆم بۆت چاك دەكەم ... منیش رازی بووم ... بەڵام بەو جۆرەم كرد ... دواتر داواكاریم نارد ( بۆ گواستنەوەی راژەكەم بۆ سلێمانی )‌و ئەنجومەنی دادوەری بە بیانوی زۆری كارەوە، داواكاری گواستنەوەی راژەكەمی دواخست بۆ كاتێكی نادیار ... بۆیە دیارە دەویسترێت بە تەواوی سزام بدەن ئەگەرنا داواكاری من دیراسەی ناوێت‌و ڕوونە‌و هەموو ئەنجومەن دەیزانێت. لە كاتێكدا سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری بە منی وت چەند رۆژ دوای دەستبەكاربوون داوای نەقڵ بكە خۆم بۆت چاك دەكەم‌و نەیوت هەفتەیەكیش. بەڵام لە كۆبونەوەكەدا، كە دوای نزیكەی هەفتەیەك كرا‌و " بە بیانوی ئەجندای كاری كۆبونەوەكە " وتبووی دوای بخەن بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو!! ئایا دەكرێت سەرۆكی ئەنجومەنێك وەعدی خۆی نەباتە سەر!!!
   ئایا ئەگەر لەبەر پێداویستی، من نەقڵ كرا بم بۆ ئامێدی، ئیتر چۆن لە چەند رۆژێكدا سەرۆكی ئەنجومەن دەڵێت دەتگێڕمەوە بۆ سلێمانی؟!!! ئایا ئەگەر بڕیاری گواستنەوەی ڕاژەی من بە گوێرەی یاسا‌و دادپەروەری بووە، بۆچی دەكرێت ئەنجومەنی دادوەری پاش ( تەنها چەند رۆژێك لە جێبەجێكردنی دەستبەكار بوونم ) سەرۆكەكەی بڵێت لە ئامێدی دەتگێڕمەوە؟!!!
   خۆ ئەگەر ئەنجومەنی دادوەری بەم جۆرە كار بكات‌و بیەوێت ئەو سوێندە بشكێنم كە خواردوومە، یان لە دۆسیەی مافی ئەنفالكراوی شاخێك لە لاشە، دەستوەردانی وەزارەتی ناوخۆ لە كاری دادگا ...‌و ئاسایش كە بەبێ فەرمانی دادگا كاریان كردووە لە كفری‌و بە بڕیاری سیاسی بجوڵێنەوە‌و دادگا داری دەستیان بێت بۆ كارێك خۆیان بیانەوێت‌و كارێك حزب ڕێگە نەدات گوێ بۆ دادگا نەگرن، لەولاشەوە ئەنجومەنی دادوەری لە جیاتی هەموو ئەمانەی سەرەوە لە جیاتی پشتگیریكردنم هەستێت بە سزادانم، لەكاتێكدا گەنجترین دادوەرم لە عێراقدا، كە بە تەمەنی (31) ساڵی وەك دادوەر دامەزراوم بە بڕوانامەی دكتۆراوە، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام هەتا كاژێر (3 – 4)ی عەسر دەوامم كردووە‌و ماندوبوونم نەناسیوە‌و سەرجەم پەڕاوی بنكەكانم بردۆتەوە ماڵەوەو كارم تێدا كردووە، بۆئەوەی دۆسیەیەك ژێر دەست نەكەوێت، تەنانەت هەندێك كات هەتا كاژێر ( 5 )ی ئێوارە لە ناو دادگای كفریدا كارم كردووە. 
ئەنجومەنی دادوەری هەموو ئەمانە نەیبینێت‌و لەبەر خاتری خاتران سزام بدات بەو هەموو جۆرەی سەرەوە، لەبەرئەوە كاركردن لەو ئەنجومەنە – هەتا ئەو كاتەی بەو جۆرە كاربكات – بە عەیبە دەزانم‌و داوای دەستلەكاركێشانەوە دەكەم‌و سەربەرز‌و سەلامەت دەربچم باشترە لەوەی نەتوانم حەقی خەڵكی ستەملێكراوم بگەڕێنمەوە بۆ خاوەنەكەی .... خۆتان وتەنی ( دادگا هەر بۆ كەسی بێدەسەڵات‌و فەقیرە ) .

- وێنەیەك بۆ : ڕاگەیاندنە بەڕێزەكان  
- لە كاتێكی نزیكدا بەڵگەی تۆماری دەنگی سەلمێنەر لەسەر قسەكانی سەرەوە دەخرێتە بەردەستان.

دادوەر
د. هاوژین حامد حسین
لە دادگای بەرایی ئامێدی
8 /4/2015



AM:08:52:14/04/2015