لەیادی ئەنفالدا گۆڵی رەش بۆ بەرپرسانی هەرێم

ژمارەیەک لەکەسوکاری قوربانیانی ئەنفال بەرامبەر دەستگیرنەکردنی  ئەو موستەشارانی کە دەستیان لە تاوانی ئەنفالدا هەبووە، ئەمڕۆ گۆڵی رەشیان پێشکەش بەسەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی دادو ئەنجومەنی دادوەری کرد.

کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال ئەمڕۆ ١٤-٤ لەچەمچەماڵ و لەگوندی دێبنەی گەرمیان یادی ٢٧ ساڵەی تاوانی ئەنفالیان کردەوە، ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەو قوربانیانە گۆڵی رەشیان وەک بێزاریی و توڕەیی خۆیان ئاراستەی بەرپرسە باڵاکانی هەرێم کرد کە ئەو موستەشارانە دەستگیرناکەن کە دەستیان هەبووە لەو تاوانەدا.

لە کاتێکدا لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری لەهەولێر کەسوکاری ئەنفالەکان رەخنەی توندیان لە حکومەت دەگرت کە ئەو ٢٥٨ مەستەشارەی دەستگیر نەکردووە، وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری ئومێد حسێن لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوە وەزارەتی ناوخۆیە ئەو فەرمانە جێبەجێ ناکات.

هاوکات ئەو بەرپرسە جارێکی تر رایگەیاند کە ئەوان گشتاندنیێکی تری بڕیاری دەستگیرکردنی ئەو موستەشاران دەردەکەن بە هیوایەی وەزارەتی ناوخۆ دەستگیریان بکەن. 



PM:12:42:14/04/2015