"لەبری سزادانی موستەشارەكان،دادوەرە ئازادەكان سزا مەدەن"

رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرەی دادگایی موستەشارەکانی دەکرد هاتنە دەنگ و دەڵێن: لەبری سزادانی موستەشارەکان، دادوەرە ئازاو ئازادەکان سزا مەدەن.

لە یاداشتێکدا کە بۆ سەرۆکی پەرلەمان‌و سەرۆکی حکومەت وسەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری نێردراوە، فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەڵێن" رۆژی 12/4/2015 جارێكی دیكە لەكەناڵەكانی راگەیاندنەوە گوێمان لەنامەی دەستلەكاركێشانەوەی دادوەرێكی تر دەبێت بەناوی (هاوژین حامید حسێن)، كە هۆكاری نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی گەڕاندۆتەوە بۆ گواستنەوەی ناوبراو لە دادگای "كفری"یەوە بۆ دادگای "ئامێدی"!، بەهۆكاری ئەوەی ناوبراو، فەرمانی گرتنی بۆ چەند موستەشارێكی تاوانباری ئەنفال دەركردووەو هەوڵیداوە تاوانباران بخاتە بەردەم دادگاكان".

لەو بەیانەدا کە کۆپییەکی بۆ سپی نێردراوە ئەو رێکخراوانە ئامەژە بۆ ئەوە دەکەن کە هەر سێ دەسەڵاتەكەی هەرێمی كوردستان ( دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەری) بێ باکن لەبەرامبەر ئەو بێڕێزییەی رۆژانە بەرامبەر بە یاساو دادگاكان لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت، لەوانەش وەك نامەی دەستلەكاركێشانەوەی دادوەر (فەرهاد حاتەم) سەرۆكی داواكاری گشتی لەسلێمانی‌و دادوەر (هاوژین حامید حسین) دادوەر لەدادگای كفری، ئەمانەش بەڵگەن لەبارەی بەتەنگەوەنەهاتنی ئەم سێ دەسەڵاتە لەپرسی سەروەرنەبوونی یاساو  جێبەجێنەكردنی یاساكان.


راگەیەندراوی "فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی"  
سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەی دادوەرێكی دیكە 
" هاوژین حامید حسێن "
بۆ:
- سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان
- سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
- سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی

لەبری سزادانی موستەشارەكان، دادوەرە ئازاو ئازادەكان سزا مەدەن!!!
رۆژی 12/4/2015 جارێكی دیكە لەكەناڵەكانی راگەیاندنەوە گوێمان لەنامەی دەستلەكاركێشانەوەی دادوەرێكی تر دەبێت بەناوی (هاوژین حامید حسێن)، كە هۆكاری نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی گەڕاندۆتەوە بۆ گواستنەوەی ناوبراو لە دادگای "كفری"یەوە بۆ دادگای "ئامێدی"!، بەهۆكاری ئەوەی ناوبراو، فەرمانی گرتنی بۆ چەند موستەشارێكی تاوانباری ئەنفال دەركردووەو هەوڵیداوە تاوانباران بخاتە بەردەم دادگاكان. ئەمە لەكاتێكدایە هەتا ئێستا سێ لەو مستەشارانەی بەكەیسی ئەنفال تاوانبارن، لەسەردەستی دادوەری ناوبراو، بڕیاری بەندكردنیان بۆ دەركراوە، هەروەها چەندین هۆكاری تری پێشێلكاری یاسایی‌و دەستوەردانی حیزب‌و كەسانی پلە باڵای جیاواز بۆ نێو دادگاكان‌و رێگرتن لەكاری یاسایی نێو دادگاكان‌و جیاوازیكردنی دادگاكان لەنێوان دەسەڵاتدارو بێدەسەڵاتاندا.
وەك لەنامەی دەستلەكاركێشانەوەی دادوەر (هاوژین حامید حسێن)دا هاتووە، كە هۆكارێكی تری دەستلەكاركێشانەوەكەی بەهۆی تەداخولی راستەوخۆی بەرپرسانی ئەمنی‌و حیزبیە لەبڕیاری دادگاكان لەگەڵ بوونی فشارخستنەسەر دادوەران لەوەی قسە بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن دەكەن‌و لەقاڵبدانی دادوەران لەوەی نابێت لێدوان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن بدەن، كەئەمەش تەواو پێچەوانەی ئازادی رادەبڕین‌و یاسای مافی پێدانی زانیارییە لەهەرێمی كوردستان. 
ئێمە لەفیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دووپاتیدەكەینەوە كە پێویستە هەر سێ دەسەڵاتەكە لەهەرێمی كوردستان كار لەسەر ئەم دەستلەكاركێشانەوەو پرسی جێبەجێكردنی یاسا بكەن‌و چیدی دادوەرانی چالاك‌و بەئەزمون نەك لەبەر هاتنەدەنگیان لەسەر كەیسەكانی گەندەڵی‌و خیانەت‌و جێبەجێنەكردنی یاساكان سزا بدرێن، بەڵكو پێویستە ئەنجومەنی دادوەری رۆڵی زەمینەخۆشكردنی هەبێت بۆ هاندانی ئەو دادوەرانەی سوورن لەسەر ئەو پرسانەی كە بنەماكانی دەوڵەتی یاسا پێكدەهێنن. لەهەمووی كارەساتبارتر ئەوەیە كە دادوەری ناوبراو لەسەروبەندێكدا فەرمانی دوورخستنەوەی بۆ دەركراوەو جێبەجێكراوە، كە تەنها چەند رۆژێكی كەمی ماوە بۆ یادی ٢٧ هەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفال، كە لەكاتی تاوانەكەدا سەردەستی ئەو تۆمەتبارانەو فەوجەكانیان ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لە تاوانەكەدا كە دادوەر "هاوژین حامید" لە هەوڵی دادگاییكردنی هەندێكیاندا بووە، ئەمەش جگە لە شكاندنی هەیبەتی دادگاكان و دوورخستنەوەی دەسەڵاتی دادوەری لە بەهاو پەیامە عەدالەتخوازییەكەی هیچی تر ناگەیەنێت. كە پێشمانوایە هۆكاری سەرەكی لاوازی دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێمی كوردستاندا لەم چەند خاڵەدا كۆدەبێتەوە:ـ
یەكەم: لاوازی‌و سستی دەسەڵاتی دادوەری لەزۆربەی پرسە یاساییەكاندا، كە ئەویش بۆ دوو هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە:
1/ ناوەڕۆكی یاسای تایبەت بەئەنجومەنی دادوەری، كە بەیاسای ژمارە (23) ساڵی 2007 یاسای دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێمی كوردستان ناسراوە.
2/ رۆڵنەگێڕانی دەسەڵاتی دادوەری وەك دامەزراوەیەك كە لەئاست "دادوەری"دا بێت.
دووەم: میكانیزم‌و دانانی دادوەرەكان لەدادگاكانی هەرێمی كوردستاندا بەشێوەیەكی دروست‌و لەسەر بنەمای زانستی‌و لێهاتووی نەبووە، بەپێچەوانەوە رەچاوی بنەمای مەحسوبیەت‌و مەنسوبیەت كراوەو دەستوەردانی حیزبی هەبووە لەدانانی دادوەرەكاندا.
سێیەم: دادگا‌و ئەنجومەنی دادوەری بەخەم جێبەجێكردنی بڕیارەكانی خۆیانەوە نین، چونكە چەندین بڕیاری دادگا هەیە كە دەرچوێنراوە بەڵام بەهیچ شێوەیەك جێبەجێنەكراوە، لەبەرامبەر ئەمەشدا دادگاو دادوەران هەڵوێستێكی ئەوتۆیان نەبووە. لەنمونەی داواكراوانی بەشداربوو لەكەیسی ئەنفال‌و تەقەكەرانی 17ی شوبات‌و چەندین دۆسیەی دیكە، كە تۆمەتباران بێ سڵەمینەوە بەبەرچاوی دەسەڵاتی دادوەرییەوە لەشارەكانی هەرێمی كوردستان دەسوڕێنەوە.
چوارەم: بێباكی هەر سێ دەسەڵاتەكەی هەرێمی كوردستان ( دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێكردن، دادوەری) لەبەرامبەر ئەو بێڕێزییەی رۆژانە بەرامبەر بە یاساو دادگاكان لەهەرێمی كوردستان ئەنجامدەدرێت، لەوانەش وەك نامەی دەستلەكاركێشانەوەی دادوەر (فەرهاد حاتەم) سەرۆكی داواكاری گشتی لەسلێمانی‌و دادوەر (هاوژین حامید حسین) دادوەر لەدادگای كفری، ئەمانەش بەڵگەن لەبارەی بەتەنگەوەنەهاتنی ئەم سێ دەسەڵاتە لەپرسی سەروەرنەبوونی یاساو  جێبەجێنەكردنی یاساكان.
پێنجەم: بێدەنگی‌و بێباكی ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری‌و دادوەرەكان لە جێبەجێنەكردنی دەقی یاساكان‌و بە یەكچاو سەیرنەكردنی تۆمەتباران‌و لایەنی دۆسیەكان لە دادگاكاندا.
بۆیە ئێمە لای خۆمانەوە داوا لە هەرسێ دەسەڵاتەكەی هەرێمی كوردستان دەكەین، بەجدی لەسەر ئەم جۆرە پرسانە بوەستن‌و دەستبەجێ‌ رێكاری ئیداریی‌و یاسایی بگرنەبەر بەئامانجی سەروەربوونی یاساو گێڕانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف لەدادگاكاندا، نەك ئەوەی ئێستا هەیە كە دادگاكان تەنیا بۆ خەڵكانی بێدەسەڵات بوونی هەیەو لەبەرامبەر كەیسە گەورەكان بێدەنگەو دەخرێتە ژێر مێزەكانیانەوە.
 خاڵێكی دیكە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان قبوڵنەكردنی دەستلەكاركێشانەوەی ئەو دادوەرو كەسە دڵسوزو لێهاتووانەیە كە لەفەرمانگەكانی ئەم سێ دەسەڵاتەدا كاردەكەن، لەنمونەی دادوەر (هاوژین). هەروەها رێگەگرتن لەسزادانی ئەو كەسانەی بێدەنگ نابن بەرامبەر ئەو گەندەڵی‌و مامەڵە ناتەندروستانەی رۆژانە لە هەرێمدا روودەدات، چونكە لەم هەرێمەدا لەبری ئەوەی كەسانی تۆمەتبار سزا بدرێن بەپێچەوانەوە ئەوانەی هەڵویست‌و چالاكی دژی ئەو نادادییە دەگرنەبەر سزا دەردێن‌و هەوڵدەدریت دووربخرێنەوە، كەئەمەش تەنیا كلتوری هێزە نادیموكراسیخوازەكان‌و هێزە پۆلیسیەكانە كاتێك كەسانی تاوانبار دەستگیر ناكات دێت خەڵكانی ئازادو ئازا دەستگیر دەكات، یاخود سزایان دەدات‌و بەرێگەی جیاواز بێزاریان دەكات. هەربۆیە داوا دەكەین دەستبەجی بڕیاری گواستنەوەی بەرێز دادوەر (هاوژین حامید حسین) لەشاری كفری بۆ شارۆچكەی ئامێدی، هەڵبوەشێننەوەو داوای دەستلەكاركێشانەوەی قبوڵنەكرێت، چونكە ئەمە گەورەترین بێڕێزیی‌و پێشێلكردنی بنەماكانی مافی مرۆڤە بەرامبەر ئەو دەنگانەی خواستیانە هەنگاوێك زیاتر هەرێمەكەمان لەپرسی یەكسانی‌و بەدیهێنانی دادپەروەری كۆمەڵایەتی‌و شەفافیەت بەرنەپێشەوە.

"فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی"  
13/4/2015



PM:09:55:14/04/2015