دڵشاد گەرمیانی:درۆكردنتان لەپای چی؟ کوان ئەوانەی ئێمەیان لەمەراسیمەكە دەركرد؟

ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی دڵشاد گەرمیانی لەسەر مەراسیمی ئەنفال و هەڵنەسانیان بۆ سروودی ئەی رەقیب، دەڵێت" درۆكردنتان لەپای چی؟كوانێ كێن ئەوانەی ئێمەیان لەمەراسیمەكە دەركرد؟!".

دڵشاد گەرمیانی لە روونکردنەوەیەکدا لەسەر هەڵنەسانی لەمەراسیمی رۆژی ئەنفال لە ١٤/٤ کە مشتومڕێکی زۆری لەسەر دروستبوو، دەڵێت: سەرەتا خوێنی برینەكانی ئەنفال لەجەستەی ئێمەی گەرمیانی دەتكێ،مەینەتیەكانیشیان لەپێش چاوی ئێمەیەو،هاوارەكانیشان پێش هەموو كەس گوێی ئێمە دەزرنگێنێ،كوانێ منتان لەچ بۆنەیەكدا بینیووە بەشداربم؟كەی باوەڕم بەبەشداری زۆربەی مەراسیم و بۆنەكان هەبووەو هەیە؟جگە لەم بونەی كۆس كەوتنەی گەرمیان كەهاوارو ناڵەی ژن و منداڵ و خەڵكە مەزڵومەكەی عەرشی كۆنكرێتی و سەنگەری ئاسنینی بەعسی ڕوخاندو خودای گەورە تاج و تەلاری تێكدان.

گەرمیانی کە ماوەیەکە بێدەنگەو هیچ لێدوانێکی بۆ میدیاکان نییە، ئەم پرسە ‌هێنایە قسەو دەڵێت"بەشداری ساڵانەو هاوخەمیمان لەگەڵ كەس و كاری لەبیركراوی ئەنفال و هاتنی م عەلی باپیر لەهەولێرەوە بۆ ئێرە،جگە لەڕێز بۆ كەس و كاری ئەنفالەكان چ مانایەكیتر دەبخشێ،درۆكردنتان لەپای چی؟كوانێ كێن ئەوانەی ئێمەیان لەمەراسیمەكە دەركرد؟!ئەگەر دوسێ كەسێك گلەییەكیان لەئێمە هەبوبێ و سەدانیش لەدەسڵات بەچ تەرازوو پێوانەیەك كێشاتان و كرتانە قسەی كەس و كاری ئەنفالەكان و بەو شێوەیە لەڕاگەیاندنەكاندا گەورەتان كردو ئێمەتان تۆمەتبار كرد؟شەرمە بۆ خەڵكانێك شەڕی خۆیان بەناوی كەسانێكی كۆس كەوتوی جەرگ بڕاوی ئەنفال بكەن و لەوەشدا زوڵمیان لێ بكەن و وای نیشانی خەڵك بدەن كەئەوانە ڕێزی خەڵكانێك ناگرن كەڕێزیان گرتون".

دڵشاد گەرمیان بۆ مەحەکەی قسەکانی داوا لە دەسەڵاتدارانی کوردستان دەکات"ئەگەر ڕاست دەكرێت لەگەڵ كەس و كاری ئەنفالدا باجاش و ئیستغبارات و مستەشارەكانی تاوانبار بەكەیسی ئەنفال دادگایی كەن یان هیچ نەبێ سزایەكی دەرونیان بدەن،بالەكۆمەڵگادا بناسرێن و بەكەم تەماشا بكرێن یاخود وەك شیعەكان یاسای ڕیشەكیش كردنیان بۆ دەركەن لەحزبەكاندا دەركرێن و پۆستیان نەدرێتێ بەكورتی بەشداری و هاوخەمیمان لەگەڵ كەس و كاری شەهیدانی مەزڵومی بەناو ئەنفال بەسە بۆ دەم كوت كردن و وەڵام دانەوەی پڕوپاگەندەی ئەو ناحەزو موغریزانەی كەدەیانەوێ لەڕاگەیاندنەكان ئەو باسە تێكەڵ بەباسی سرودی ئەی ڕەقیب بكەن و هەڵنەسانەوەمان بە بێ ڕێزی بەرابەر ئەوان پیشان بدەن".

ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە  " سرودی ئەی ڕەقیب باسێكی جیاوازەو هیچ پەیوەندی بەم بابەتەوە نیە،ئەگەر بمان زانیبایە ئەو سرودە لێ دەدەن ئێمە نەدەچوین؟بەرنامەكەیان بۆ ناردین و ئەو باسەی تێگا نەبوو؟ ئەو سرودە سوكایەتی ئاشكرای تێدایە بەرانبەر بەدین و بیروباوەڕمان ناتوانین قبوڵی بكەین و هیچ پەیوەندیەكی بەئەنفالەوە نیەو تێكەڵكردنیشی بوهتانێكی ناڕەوایە،ئێمە كوردستان مان خۆش دەوێ بەڵام دینمان و ئاینمان نیە،باوك و براو منداڵ و خێزانەكانمان خۆش دەوێ و هیچیان دین و ئیمان مان نین،دین و ئاینمان تەنها ئیسلامە ئەو بیرە هەڵەیەمان نیە هەرچیمان خۆش بوێ بیپەرەستین ئیمە تەنها خودا دەپەرستین و خاك پەرست نین".



AM:11:26:17/04/2015