"تەقینەوەکەی هەولێر شوێن پەنجەی داعشی پێوەیە، شەهیدەکان ٢ کەسە"

لەبەردەم قوونسڵخانەی ئەمەریکا لە عەینکاوەی شاری هەولێر تەقینەوەیەک روویداو ٢ شەهیدو ٨ برینداری لێکەوتەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە شێوازی تەقینەوەکە شوێن پەنجەی داعشی پێوەیە.

ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر ٥:٤٠ لەبەردەم قونسڵخانەی ئەمەریکا لە نزیک بنکەی پۆلیس عەینکاوە تەقینەوەیەک روویداو ئامارە سەرەتاییەکان ئاماژە بۆ شەهیدبوونی ٢ هاوڵاتی و برینداربوونی ٨ هاوڵاتی تر دەکات کە لەنێو شەهیدو بریندارەکاندا چەند ئاسایشێکی تێدایە. دوو هاولآتییە شەهیدەکە بەتەواوی سوتاون.

زانیارییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هیچ کەسێکی بیانی و تیمی قونسڵی ئەمەریکی پێوە نەبووە، بەلآم بەپێی لێدوانی تەندروستی هەولێر یەکێک لەبریندارەکان مامۆستایەکی ئافرەتی ئەمەریکیە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار لە هەولێر بە سپی میدیای راگەیاند " تەقینەوەکە شوێن دەستی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعشی پێوەیە لە هەڵبژاردنی ئامانجەکەو شێوەی تەقینەوەکە بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت".

سەرچاوەیەکی ئاگادار نزیک لەقونسڵخانەی ئەمریکی لەهەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هیچ فەرمانبەرێکی قونسڵخانە بەر تەقینەوەکەوە نەکەوتووەو تەقینەوەکەش لە کافتریایەکی پشت قونسڵخانە بووە.





PM:07:41:17/04/2015