" بۆمانگی چوار زیاتر لە ٧٠٠ ملیار دینار دەنێردرێت بۆ هەرێم"

پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا رایگەیاند: ئەو پارەیەی بۆ مانگی چوار بەغدا دەینێرێت بۆ هەرێم زیاترە لە مانگی سێ کە تەنها ٤٥٥ ملیۆن دۆلار بوو.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەحمەدی حاجی رەشید بە سپی میدیای راگەیاند" ئەو بڕە پارە زۆرەی ئەم مانگە دەبێت بەغدا بینێرێت بۆ هەرێم، لەبەر دوو هۆکارە، یەکێکیان بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە بۆ هەر بەرمیلێک کە دوێنێ ٢٦/٤ گەیشتە ٦٥ دۆلارو ٤٠ سەنت بۆ هەر بەرمیلێکی برنت، هاوکات هۆکاری دووەم بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەم هێنانی نەوتی هەرێمە".

ئەحمەدی حاجی رەشید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کۆتایی مانگی نیسان وەزارەتی نەوتی عێراق کۆی نەوتی فرۆشراو دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و ئەوانیش رایدەگەیەنن کە لەمانگی نیساندا چەند بەرمیل فرۆشراوە لە بەندەرەکانی بەسرەو لە بەندەری جیهانی تورکیەوە.

ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە کە رەنگە ئەو پارەیەی بۆ هەرێم دەنێردرێت تا ١٠/٥ دەگاتە هەرێم.   



AM:09:37:27/04/2015