لیستی خانەنشینی لە هەرێم رێكدەخرێتەوە

لەكۆبوونەوەی لیژنەی دەسپاكی‌و هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە‌و دارایی‌و دەستەی چاودێری دارایی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان رێكخستنەوەی لیستی خانەنشینی تاوتوێكرا.

بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر كەیسی خانەنشینانی هەرێم و چۆنیەتی رێكخستنەوەیان، سەعات 10ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ 27/4/2015 لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمانی كوردستان، لە هۆڵی لیژنە لە تەلاری پەرلەمان،  لەگەڵا نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی و دەستەی چاودێریی دارایی هەرێم كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگری سەرۆكی لیژنە و بڕیاردەر و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەكە بەڕێوەچوو، راپۆرتی دیوانی چاودێریی داراییی هەرێم سەبارەت بە رێكخستنەوەی لیستی خانەنشینانی هەرێم كە ئاراستەی پەرلەمان كرابوو، لەگەڵا نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و دارایی و دەستەی چاودێریی داراییی هەرێم خرایە بەرباس و گفتوگۆ.

دوای تاووتوێكردنی لەلایەن ئامادەبووانەوە، پێشنیازكرا وەك هەنگاوی یەكەم سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی تایبەت بە خانەنشینی لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی یەكبخرێن،  دواتر هەوڵبدرێت بەراوردكاریی لیستی خانەنشینی بە لیستی مووچەی كارمەندان بكرێت بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە دووبارەنەبوونەوەی ناوەكان و نەهێشتنی دوو مووچەیی، دوا هەنگاویش پێویستە پێداچوونەوە بكرێت بۆ سەرلەنوێ رێكخستنەوەی ئەو خانەنشینانە لەسەر بنەما یاساییەكان.

جێی ئاماژەیە راپۆرتی دیوانی چاودێریی داراییی هەرێم سەبارەت بە رێكخستنەوەی لیستی خانەنشینانی هەرێم لە 4/12/2014 ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كراوە، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی دەسپاكی لە پەرلەمان راسپێردراوە بۆ لێكۆڵینەوە و ئامادەكردنی راپۆرت لە بارەیەوە.



PM:01:05:27/04/2015