کار بۆ بە جینۆسایدناساندنی ڕەشەکوژی ئێزیدییەکان دەکرێت

پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتە پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ بە جینۆسایدناسانی کەیسی تاوانی ڕەشەکوژی ئێزدییەکانی شەنگال لە لایەن دادگا نێودەوڵەتییەکانەوە دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ ٤ شەممە وەزیری شەهیدان و وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەلایەن د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان پێشوازیکران.

لە دانیشتنێکدا وەزیرە تایبەتمەندەکانی ئەو بوارە زانیارییان لەبارەی هەوڵ و هەنگاوە تایبەتمەندەکانی بە جینۆسایدناسانی تاوانی ڕەشەکوژی ئێزیدییەکان لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمان خستە ڕوو، ئاماژەشیان بەوەدا کۆدەنگییەک لەو بوارەدا لە ئاستی ناوخۆ و دەروە درووست بووە کە وادەکات ڕەشەکوژی ئێزیدییەکان وەک جینۆساید بناسرێت، ئەم هەماهەنگییەی نێوان پەرلەمان و حکومەتی هەرێمیش بۆ ئەو بابەتە، هێندەی تر بڕیاردان لەسەر تاوانی بە جینۆسایدناساندنی ڕەشەکوژی ئێزیدییەکان خێراتر دەکات.

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ئەو هەنگاوانەی  لە ئێستادا بە پێویستزانی و ئاماژەی بە گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسایەکی تایبەتمەند بەو بوارە لە پەرلەمانی کوردستان کرد و وتی "پێشتریش پەرلەمانی کوردستان، لە دادگای لاهای ئەم پرسەی جوڵاندووە، خۆشبەختانە ئێستاش کۆ دەنگییەک هەیەو دەبێت بە هەمولایەکمانەوە کار بۆ سەرخستنی پرۆسەی بە جینۆسایدناسانی تاوانی ڕەشەکوژی ئێزیدییەکان بە دەستی تیرۆرستانی داعش بکەین."

لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان وتی"بەدەر لە ڕەشەکوژی ئیزیدییەکان، ئێستا کار بۆ ئەوە دەکەین کە ئەو تاوانە گەورەیەی بەرامبەر ئێزیدییەکان کرا وەک دیکۆمێنتێک بپارێزین."



PM:01:21:29/04/2015