بارزانی یاسای ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستوری كوردستانی واژۆ كرد

پرۆژەیاسای دەستوری هەرێمی كوردستان كە لە دوو هەفتە لەوەپێش لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكرابوو و ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێم كرابوو، لەلایەن بارزانییەوە پەسەند كرا.

پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە (8)ی رۆژی 13/4/2015 یاسای ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستووری كوردستان-عیراق بۆ راپرسی پەسەند كرد و ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرا بە مەبەستی واژۆكردنی، لای خۆشیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری ژمارە (7)ی ساڵی 2015 لە 13/4/2015 واژۆی لەسەر یاساكە كرد.

یاسای ئامادەكردنی پڕۆژەی دەستووری كوردستان ـ عیراق بۆ راپرسی (11) ماددە لەخۆ دەگرێت، ماددەی دووی ئەم یاسایە باس لەوە دەكات كە لیژنەیەك بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت كە(21) كەس لەخۆبگرێت، جا ئەندامی پەرلەمان بن یاخود لەدەرەوەی پەرلەمان بن، بە مەرجێك كەسی پسپۆر یان خاوەن ئەزموون  بێت  و رێژەی ژنان ‌و نوێنەری پێكهاتە نەتەوەییەكان لەخۆبگرێت.

بەپێی ماددەی سێیەمی یاساكە پێویستە لیژنەكە لەماوەی (30) رۆژدا پێكبێت و بڕیارەكانی لیژنە بە سازان بێت، لە ماددەی چوارەمی یاساكەدا هاتووە كە دەبێ‌ لیژنەكە لە ماوەی (90) رۆژدا كارەكانی تەواو بكات و ئەگەر لەم ماوەیەش كارەكانیان بۆ تەواو نەكرا ئەوە بەپێی پێویست پەرلەمانی كوردستان بۆی هەیە درێژی بكاتەوە.

بەگوێرەی ماددەی پێنجەم دەبێ‌ كۆی پڕۆژەكە بە رەزامەندیی لانی كەم (2/3)ی ژمارەی پەرلەمانتاران پەسەند بكرێت و ماددەی شەشەمیش دەڵێت: بە مەبەستی ئاگایی هاووڵاتیان، پڕۆژەی دەستووری پەسەندكراو لەلایەن پەرلەمانەوە بەزمانەكانی پەیڕەوكراو ( كوردی، عەرەبی، توركمانی، سریانی و ئەرمەنی) چاپ و بڵاوبكرێتەوە، بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ راپرسی لە ماددەی حەوتەم ئاماژە كراوە كە دەبێ‌ سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەماوەیەكدا كەلە (30) رۆژ تێپەڕ نەبێت.

هەر لە ماددەی حەوتەمدا هاتووە كە راپرسی بە رادەربڕین دەبێت لەسەر ئەم پرسیارانە كە (ئایا رەزامەندیت لەسەر پڕۆژەی دەستووری كوردستان-عیراق ؟)، وەڵام بە (بەڵێ‌) یان بە(نەخێر) و پڕۆژەكەش بەدەنگی زۆرینەی دەنگدەران بە پەسەندكراوی دادەنرێت.



PM:01:42:30/04/2015