مالیكی: قبوڵی ناكەین ئێران سەروەریی عێراق پێشێل بكات

‌نوری مالیكی
جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لە هەڵوێستێكی نوێدا رایگەیاند كە پەیوەندی عێراق‌و ئێران تا كاتێك رێزی لێدەگیرێت كە سەروەریی عێراق لەلایەن تارانەوە پێشێل نەكرێت.

نوری مالیكی كە بەوە ناسراوە لایەنگری زۆری ئێران دەكات لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی (الرای) كوەیتی سەبارەت بە پەیوەندییەكانی ئێران‌و عێراق دەڵێت "ئایا ئێران دەزانێت ساڵی رابردوو ملیۆنێك‌و 700 هەزار كەس لە عێراقەوە بۆ سەردانی ئیمام رەزا (ئیمامی هەشتەمی شیعەكان) هاتوونەتە ئێران؟ ئەمە بە مانای بەیعەتی سیاسی لەگەڵ ئێران نیە‌و تەنیا باس لە پەیوەندیی دۆستانەی ئەم دوو وڵاتە دەكات. ئەگەر ئێران بەنیازە سەروەریی نیشتمانی ئێمە پێشێل بكات، ئەمە قبوڵ ناكرێت‌و بەبڕوای من شیعەكان لە پێش سوننەكانەوە ناڕەزایی دەردەبڕن".

مالیكی لە بەشێكی دیكە لە وتەكانی خۆی جەخت دەكاتەوە كە لەكاتی سەرۆك وەزیری خۆیدا بەهۆی چەكداركردنی عەشایەری سوننە بۆ شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم توشی رەخنەیەكی زۆر بووەتەوە.



PM:02:44:03/05/2015