"هیوادارم بارزانی سەردانەکەی بەكارنەهێنێت وەك دەستكەوتێكی حزبی"

سەبارەت بەسەردانەکەی بارزانی و وەفدی کورد بۆ ئەمەریکا، عادل موراد دەڵێت: ئەم سەردانەی سەرۆكی هەرێم بۆ ئەمریكا مایەی دڵخۆشیە، هەر شتێك لەخزمەتی گەلی كورد بێت من پشتیوانی لێدەكەم، هەموو جیاوازیەكی سیاسی وەلاوە دەنێم، بەڵام هیوادارم مەسعود بارزانی و پارتیی دیموكراتیی كوردستان ئەم سەردانە بەكارنەهێنن وەك دەستكەوتێكی حزبی.

لە کۆمێنتێکدا بەناونیشانی " لەبارەی سەردانەكەی بارزانی بۆ ئەمریكا" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک، سکرتێری ئەنجومەنی ناوەند عادل موراد نوسییەتی " داواكارم پارتی ئەم سەردانە نەكاتە هۆكارێك بۆ مانەوەی مەسعود بارزانی لەپۆستەكەی، پروپاگەندەی ئەوە بكات كە كە كەسی تر نیە جێگەی بگرێتەوە، ئەمەی بەبارزانی دراوە سەرئەنجامی خەباتی هێزەكانی پێشمەرگەیە لەكۆبانێوە تا خانەقین، بەڵگەشم ئەوەیە، حزبەكەی بارزانی هیچ دەستكەوتێكی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە لەبەرگریكردن لەخاكی كوردستان كە ببێتە هۆی ئەوەی ئەمریكا پاداشتی بكات، ئەوە پێشمەرگەكانی كۆبانێ بوون كە داعشیان شكاند، پێشمەرگەكانی گەرمیان بون كە هەرەسیان بەداعش هێناو چەندین فەرماندەیان شەهید بوو، خۆ ئەمریكا بێئاگا نیە لەوەی لەشەنگال روویدا".

وەفدی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ٣/٥ گەیشتە ئەمەریکا، وەفدەکە پێکدێن لە بارزانی و قوباد تاڵەبانی و مەسرور بارزانی و مستەفای سەید قادر و ئاشتی هەورامی و دەرباز کۆسرەت و فواد حسێن کە زۆربەی لایەنە سەرەکییەکانی گرتۆتەخۆی، بەڵام عادل موراد دەڵێت: لەكاتێكدا من پیرۆزبایی لەگەلی كوردمان ئەكەم، مەبەستمە لەم نامەیەدا ئەوە بگەیەنم ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم كۆتایی دێت و نابێت ئەمە بكرێتە بیانوو بۆ درێژكردنەوەی ماوەكەی وە بنەمای دیموكراسیەت پێشێل بكرێت لەكوردستان.



PM:09:33:03/05/2015