حكومەتی‌ هەرێم: مانگی نیسان رۆژانە 562 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە كراوە

حكومەتی هەرێم راپۆرتی مانگانەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی لە مانگی نیسانی بڵاوكردوە كەبەپێی راپۆرتەكە رۆژانە 562 هەزار و 633 بەرمیل نەوتی ڕەوانەی بەندەری جەیهان كردوە .

بە گوێرەی راپۆرتەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی نیساندا لە رێگەی هێڵی بۆری كوردستانەوە 16 ملیۆن و 878 هەزار و 985 بەرمیل نەوتی خاو هەناردە كراوە كە دەبێتە 562 هەزار و 633بەرمیل لە رۆژێكدا .

لە راپۆرتەكەدا ئاماژەبەوەكراوە: تێكڕای ئەو بڕە نەوتە هەناردەكراوە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كراوە .

لەو بڕەش لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان 12 ملیۆن و 475 هەزار و 371 بەرمیل واتە لە رۆژێكدا 415 هەزار و 246 بەرمیلیان ڕەوانە كراوە و لە كێڵگەكانی كۆمپانیای باكوریشەوە 4 ملیۆن و 421 هەزار و 614 بەرمیل واتە رۆژانە 147 هەزار و 387 بەرمیل ڕەوانەی بەندەری جەیهان كراوە.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: بەهۆی چەند بارودۆخێکەوە کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بووە، ماوەی 22 کاتژمێر کاتی لەکارکەوتن هەبووە لە هێڵی بۆریی هەناردەکردندا لە مانگی نیساندا. بە رەچاوکردنی ئەم لەکارکەوتنانە ، ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێکڕای 551,047 بەرمیلی رۆژانەی رادەستی سۆمۆ کردووە.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر رێگەی خۆی ماوەتەوە بۆ بەدیهێنانی پابەندبوونەکانی بۆ هەناردەکردنی نەوت بەپێی بودجەی فیدراڵی 2015 و خۆشحاڵە بەوەی کە بڕەکانی هەناردەکردنی حکوومەتی هەرێم، کە لە ئێستاوە ئاستی خۆی تۆمارکردووە، بەردەوام لە زیادبووندان.



PM:05:01:06/05/2015