بەپەلە.. سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەستی لەكار كێشایەوە (نوێكراوەتەوە)

‌رابوون مەعروف
رابوون مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كورستان دەستی لەكاركێشایەوە‌و دەستلەكاركێشانەوەكەشی لەلایەن فراكسیۆنەكەوە پەسەندكرا‌و كەسێكی دیكە لە شوێنەكەی دانرا.

لەمبارەیەوە عەبدولڕەحمان عەلی رەزا، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە سپی میدیای راگەیاند: ئەمرۆ لەكۆبوونەوەی فراكسیۆن لەمەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی، داوای دەستلەكاركێشانەوەی رابوون مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەلایەن فراكسیۆنەوە پەسەندكرا‌و لەبری ئەو  برزو مەجید دانرا.

وتیشی: لەدانانی برزو مەجید بۆ سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، دوو پرەنسیپ لەبەرچاو گیرا، یەكەم ئەوەی كە لەهەڵبژاردنەكانی ساڵی رابردووی فراكسیۆن  برزو مەجید بە یەك دەنگ لەگەڵ رابوون مەعروف جیاوازی هەبوو، دووەم، ئەوەیه‌ كە رابوون مەعروف خۆی داوای كردبوو كە دەست لە سەرۆكی فراكسیۆن هەڵگرێت‌و وەك پەرلەمانتارێك لەناو فراكسیۆنەكەدا كار بكات.

بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشدا ساڵی رابردوو لەم كاتەدا 3/5/2014، فراكسیۆنی گۆڕان سەرۆكەكەی هەڵبژارد، ئەمساڵیش لەهەمان كاتدا گۆڕانكاری ئەنجام دەدرێت‌و ئەمەش لەناو گۆڕان بووتە نەریت.



PM:02:32:07/05/2015