ئێران‌و هەرێم گیراوەكانیان ئاڵوگۆڕ دەكەن

لە كۆبوونەوەیەكی نێوان وەزیری كار‌و سەركونسوڵگەری ئێران لەگەڵ وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم رێكەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕكردنی گیراوەكانی هەردوو لا كرایەوە.

پێش نیوەرۆی ئەمرۆ پێنج شەممە 7/5/2015 لەدیوانی وەزارەت لەشاری هەولێر وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی پێشوازیكرد لە مورتەزا حسێنی, سەركونسوڵگەری گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەرێمی كوردستان  .

مورتەزا حسێنی, سەركونسوڵگەری گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران بابەتی گیراوانی نێوان هەردوولاو ئەو رێككەوتنەی بۆ ئاڵوگۆركردن واژووكراوە خستەوە روو , داوای كرد هەرچی زووە پرۆسەكە جێ بەجێ بكرێت بۆ ئەو گیراوانەی دەیانەوێت ماوەی سزادانیان لە وڵاتی ئێران تەواو بكەن .

لای خۆشیەوە محمد هاودیانی, وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاند: بۆ پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی گیراوانی نێوان هەردوولا هەنگاوی باش نراوەو لەگەڵا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبونەوەتەوە لەسەر ئەم پرسەو رەزامەندی بەدەست هێندراوە بۆ گەراندنەوەی ئەو گیراوانەی كە لەهەرێمی كوردستانن و خۆیان داوایان كردووە ماوەی سزادانیان لە ئێران كۆتایی پێ بێت .

وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی راشیگەیاند: پێویستە رێكارە یاساییەكان تەواوبكرێن و پرۆسەكەش لەمەراسیمێكداو بەپێی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و سەركونسوڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت و هەفتەی داهاتووش رێكارە یاساییەكان كۆتایی پێدێت .

وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی بۆ ئەم مەبەستە داوا لەهاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات هەر خێزانێك كەس و كارەكەی لە وڵاتی ئێران سزادراوەو دەیانەوێت ماوەی تەواوبوونی سزاكەی لەهەرێمی كوردستان كۆتایی پێ بێت ئەوا وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی ئاگاداربكەنەوە .

محمد عمر كانی



PM:04:44:07/05/2015