داداگاکانی عێراق حکومی له سێداره‌دانیان به‌سه‌ر 667 زیندانی " تیرۆر"و زیندانی تردا داوه، چاوه‌ڕوانی سه‌رۆکی عێراق د.فواد مه‌عسوم ده‌که‌ن، تا ئیمزای له‌سه‌ر بکات و له‌سێداره‌دانه‌کانیان جێبه‌جێ بکرێن.
ماوه‌یه‌که له‌نێو هه‌ندێک ناوه‌ندی سیاسی عێراقی به‌تایبه‌تی شیعه‌دا ره‌خنه له‌سه‌رۆک کۆمار ده‌گیرێت که ئیمزا له‌سه‌ر له سێداره‌دانی زیاتر له 600 زیندانی ناکات که حوکمی له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌و، ته‌نها له‌سه‌ر ئیمزای سه‌رۆک ماوه، خالید شوانی راوێژکاری یاسایی سه‌رۆکی عێراق ده‌ڵێت: ئه‌و زیندانیانه‌ی حوکمی له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه 667 زیندانین که زیندانی تیایه له‌ساڵی 2006 دا حوکم دراوه‌و تا ئێستا ماونه‌ته‌وه‌و حوکمه‌که جێبه‌جێنه‌کراوه.
خالید شوانی به (سپی) راگه‌یاند: له‌سه‌رده‌می د.فواد مه‌عسومدا ته‌نها 106 حاڵه‌ت هه‌یه که له‌دادگاکانی عێراقه‌وه حوکمی له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه، زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کانی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێش سه‌رده‌می د. فواد".
به‌پێی ده‌ستوری عێراق هه‌ر حوکمێکی له سێداره‌دان که ده‌رده‌چێت ده‌بێت سه‌رۆکی عێراق واژووی بکات ( مساده‌قه) ی بکات، پاشان حوکمه‌که جێبه‌جێده‌کرێت. پرسی ئیمزانه‌کردنی حوکمی له سێداره‌دانی دادگاکانی عێراق پێشینه‌ی هه‌یه، سه‌رۆکی پێشووی عێراق تاڵه‌بانی هه‌تا ئاماده نه‌بوو واژۆ له‌سه‌ر له سێداره‌دانی دیکتاتۆری پێشوو سه‌دام حسێنیش بکات، به‌حوکمی ئه‌وه‌ی پارێزه‌ره‌و له‌گه‌ڵ رێکخراوێکی نێو ده‌وڵه‌تیدا ئیمزای له‌سه‌ر ئه‌وه کردووه که حوکمی له سێداره‌دان نه‌مێنێت .
ئه‌وه‌ی زیاتر شه‌قامی عێراقی نیگه‌ران کردووه هه‌ر ته‌نها ئیمزانه‌کردنی دۆسیه‌ی ئه‌و 667 که‌سه نییه، به‌ڵکو ئه‌و لێدوانه‌ی سه‌رۆکی ئێستای عێراقه که وتوویه‌تی" له‌سێداره‌دان داواکارییه‌کی جه‌ماوه‌ری نییه" که له‌کۆمێنتێکدا رۆژنامه‌ی ( العالم ) ی عێراقی ده‌ڵێت " ئیمزانه‌کردنی له سێداره‌دانی ئه‌و تاوانبارانه به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی هه‌ستوسۆزی که‌سوکاری قوربانیه‌کانه".
ئه‌و رۆژنامه‌یه باس له‌وه ده‌کات سه‌رۆک کۆماری عێراق سووێندی خواردووه ده‌ستوور جێبه جێ بکات، ئه‌مه‌ش به‌ندێکی ده‌ستوره که خه‌ڵکی عێڕاق ده‌نگی پێداوه، بۆ‌یه پێویسته په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بانگهێشتی بکات.
حه‌مزه ئه‌لجه‌ناحی ستون نوسێکه له‌و رۆژنامه‌ی (ئه‌لعالم) له وتارێکدا که رۆژی 5/10 بڵاوکراوه‌ته‌وه ده‌ڵێت: سه‌رۆک که خۆی به‌شێکه له ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن و سه‌ری هه‌ڕه‌مه‌که‌یه، ئیمزانه‌کردنی واته بڕوای به ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری وڵات نییه که سێهه‌م ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عێراقه.
خالید شوانی راوێژکاری یاسای سه‌رۆکی عێراق بۆ ( سپی ) ورده‌کاری زیاتر ئاشکرا ده‌کات ئه‌و ده‌ڵێت: له‌و 667 که‌سه‌ی حوکمی له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه ته‌نها 270 که‌سیان تاوانباران به تاوانی تیرۆر، ئه‌وانی تر تاوانی ئاساییان ئه‌نجام داوه.
سه‌باره‌ت به‌هه‌بوونی کورد له‌ناو ئه‌و تاوانبارانه‌دا، شوانی ده‌ڵێت" ئه‌و 667 تاوانباره عه‌ره‌ب و کورد‌و تورکمان و پێکهاته‌کانی تری تێدایه، کورده‌کان ئه‌وانه‌ن که په‌یوه‌ندیان به رێکخراوه تیرۆریسته‌کانه‌وه هه‌یه".
شوان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کرد که له‌نێو ئه‌و تاوابنارانه‌دا خه‌ڵکانێکی تیایه سه‌ر به‌سووپای مه‌هدین ( سووپاکه‌ی سه‌رکرده‌ی شیعه‌کان موقته‌دا سه‌در ) ئه‌و ده‌مه‌ی له‌گه‌ڵ سووپای عێراقدا له‌شه‌ڕدابوون ده‌ستگیرکراون و له‌دادگاکان حوکمی سێداره دراون و وتیشی " له 55% ئه‌و تاوانبارانه خه‌ڵکی باشوری عێراقن. ( ئاماژه‌یه‌که بۆ ئه‌وه‌ی بڵێی سه‌ر به‌تایفه‌ی شیعه‌ن ).
بۆ چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌م پرسه سه‌رۆکی عێراق د.فواد مه‌عسوم لیژنه‌یه‌کی یاسایی به‌سه‌رۆکایه‌تی خالید شوانی و چه‌ند یاساییه‌کی تر پێکهێناوه تا وردبینی بکه‌ن له دۆسیه‌ی ئه‌و 667 تاوانباره‌داو دواتر پاش ئه‌و وردبینیه بخرێنه به‌رده‌ستی سه‌رۆک کۆمار تا " موساده‌قه‌ی" بکات. ( وه‌ک خالید شوانی ئاماژه‌ی بۆ کرد ).
ئا: سپی