محەمەد مورسی سزای سێدارەی بەسەردا سەپا

‌مورسی
دادگای تاوانەكانی قاهیرە محەمەد مورسی سەرۆك كۆماری پێشووی میسر‌و موفتی ناسراوی ئەو وڵاتە كە رابەری رۆحی ئیخوان موسلیمین بوو بە لەسێدارەدان مەحكوم كرد.

دوا نیوەرۆی ئەمڕۆ 16 ئایار دادگای تاوانەكانی قاهیرە لەدۆسییەكانی هەڵهاتن لەزیندانی وادی نەترون لەدەمی شۆڕشی یەنایەری 2011 و پەیوەندیكردن بەرێكخراوی حەماس بڕیاریدا دۆسیەی 106 كەس لەسەركردە باڵاكان رێكخراوی ئیخوان موسلیمین كە مورشیدی كۆمەڵەكە محەمەد بەدیع و جێگرەكانی، محەمەد مورسی سەرۆكی پێشوی میسر و یاریدەدەرەكانی، شێخ یوسف قەرزاوی موفتی شەرعی ئیخوان و سەرۆكی یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمانی تیایە رەوانەی موفتی میسر كرا بۆ دەربڕینی را لەسەر حوكمی لەسێدارەدانیان.

ئەم حوكمە لەلایەن موستەشار شەعبان شامییەوە دەركراوەو 130 كەس لەم دۆسیانەدا تۆمەتبارن بەپەیوەندیكردن بەرێكخراوەكانی حەماس و حیزبوڵڵاو رێكخراوە توندڕەوەكان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئیخوان لەنێوان ساڵانی 2011 _ 2013.

بەپێی راپۆرتی تایمز لە دادگای ئەمرۆدا كە محەمەد مورسی‌و  150 كەس لە ئەندامانی ئیخوان موسلیمین دادگایی كران، دۆسیەی 108سیان رەوانەی موفتی میسر كراوە كە بەرچاوترینی ئەو كەسانە بریتین لە: محەمەد مورسی، یوسف قەرزاوی، سەعد كتاتنی، عوسام عرویان، خیرەت شاتر‌و كوڕەكەی محەمەد باتاجی، مەحمود عیزەت، سەڵاح عەبدولمەقسود‌و ئەحمەد رەجەب سلێمان.

لەمێژووی نوێی میسردا ئەمە یەكەم حوكمی لەسێدارەدانە بۆ سەرۆكی پێشوی وڵات دەربچێت كە محەمەد مورسی سەركردەی دیاری كۆمەڵی ئیخوان موسلیمینە.

محەمەد مورسی كەمتر لەساڵێك 2012_2013 حوكمڕانی میسری كردوە پاش سەركەوتنی بەجیاوازییەكی كەم بەسەر فەریق ئەحمەد شەفیقی ركابەریدا لەهەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی 2012.



PM:02:19:16/05/2015