قوباد تاڵەبانی:چیتر ناتوانین چاوه‌ڕێ بین ‌به‌غداد غه‌در له‌خه‌ڵكی كوردستان بكات

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند: چی تر ناتوانین چاوه‌ڕێ بین به‌غداد غه‌در له‌خه‌ڵكی كوردستان بكات و، سوپاسی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ تائێستا سه‌بریان هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵمان سوپاسی به‌ڵێنده‌ران ده‌كه‌ین كه‌ بۆ سالێك زیاتره‌ پرۆژه‌كانیان راگیراوه‌و، ده‌بێت كوردستان لەم دۆخە ده‌رباز بكه‌ین.

قوباد تاڵەبانی لەمیانەی کردنەوەی نەخۆشخانەی سه‌نته‌ری گورجیله‌ی ده‌ستكرد و باڵه‌خانه‌ی نوێی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی و مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندروستی قوله‌ره‌یسی له‌شاری سلێمانی، لەسەر ناکۆکیەکانی هەرێم و بەغدا وتی" تاكو ئابوری كوردستان به‌سترابێته‌وه‌ به‌ میزاجی كه‌سێكه‌وه‌ له‌حكومه‌تی فیدراڵ، له‌ده‌ستی ئه‌م حكومه‌ته‌ی خۆمان نه‌بێت كه‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگی پێداوه‌ ئێمه‌ هه‌موو رۆژ و مانگ و ساڵێك توشی ئه‌م كێشه‌ و قه‌یرانانه‌ ده‌بین".

جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لە‌مانگی 12 ی ساڵی 2014 چونەتە به‌غدا و رێككه‌وتیان له‌گه‌ڵ ‌حكومه‌تی فیدراڵ و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش بوو به‌ به‌شێك له‌بودجه‌ی ساڵی 2015 و په‌سه‌ندكرا، ئەو دەڵێت" ئێمه‌ وتمان ئه‌مه‌ ده‌رگایه‌كه‌ و ده‌روازه‌یه‌كه‌ بۆ ده‌ربازبون  له‌قه‌یرانی دارایی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ سه‌ڕه‌رایی ئه‌وه‌ی كه‌ یاسایه‌ك هه‌یه‌ ئه‌مرۆ، وه‌ك هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندبووین به‌یاساكه‌وه‌، به‌ڵام به‌غدا غه‌دری لێكردوین، غه‌دری له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ زیاتر غه‌دری  له‌خه‌ڵكی كوردستان كردوه‌ و غه‌دری له‌فه‌رمانبه‌ره‌كانی‌ خۆی كردووه‌ له‌م قۆناغه‌، بۆیه‌ به‌راستی داوای روونكرده‌وه‌ ده‌كه‌ین له‌به‌غداد".

دەربارەی خراپبوونی کولێتی بەنزین تاڵەبانی وتی: ئێستا به‌رهه‌م هێنانی به‌نزین هه‌م حكومه‌ت و هه‌م كه‌رتی تایبه‌ت به‌شداره‌ له‌م كاره‌داو و ده‌بێت چاودێری خۆمان به‌هێز بكه‌ین و بزانین كوالێتی به‌نزین بۆ خراپه‌، و له‌كوێوه‌ دێت ده‌بێت هه‌ڵسانگاندنێكی ورد بكه‌ین و وه‌ڵامێكی زانستانه‌ بده‌ینه‌وه‌ و ئالیه‌تێكی تایبه‌تیش هه‌یه‌ له‌حكومه‌ت و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌باره‌ی به‌نزینه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌ت پشتوانی  ده‌گه‌یه‌نینه‌ ئه‌و كه‌رته‌ بۆیه‌ به‌ دڵنیایه‌وه‌ كه‌ نرخی سوته‌مه‌نی له‌بازاڕی جیهان دابه‌زێ نرخی سوته‌مه‌نی له‌هه‌رێمی كوردستان داده‌به‌زێ'. 

سەبارەت بە بارودۆخی ئاوارەکان، قوباد تاڵه‌بانی وتی: پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ شه‌ڕ چه‌ند گه‌رم بێت و به‌رده‌وام بێت ئاواره‌ زیاتر روو له‌ كوردستان ده‌كه‌ن و تا ئێستا به‌پێی ئاماره‌كان  یه‌ك میلۆن و نیو ئاواره‌ و په‌نابه‌ر روویان له‌كوردستان كردوه‌ ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ كوردستان خۆی توشی قه‌یرانی دارایی بووه‌، له‌هه‌مانكاتدا ئاواره‌كان باشترین خزمه‌ت كراون، ره‌نگه‌ لێره‌ و له‌وێ هه‌ندێك كه‌موكورتی هه‌بێت، به‌ڵام له‌هه‌موو پارێزگاكان و فه‌رمانگه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندیداربوون به‌ وه‌رگرتنی ئاواره‌ و گه‌یاندنی خزمه‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و كاره‌با و ئاو و ئاوه‌ڕۆ بۆ كه‌مپه‌كان كه‌م  ته‌رخه‌م نه‌بوون، به‌ڵام  پێوییسته‌ حسابی بۆ بكرێت كه‌ شه‌ڕ چه‌ند گه‌رم بیبَت زیاتر ئاواره‌ روو له‌ كوردستان ده‌كات و سوپاسی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ به‌ده‌رگایه‌كی كراوه‌وه‌ پێشوازیان له‌ ئاواره‌كردووه‌".



PM:11:01:21/05/2015