سپی زانیاری ورد لەسەر شەڕی رومادی بڵاو دەکاتەوە

بەپێی زانیاری بەرپرسە سەربازییە ئەمریکییەکان کە لەهەرێمن، یان ئەوانەی لەدوای داگیرکردنی شاری رومادیەوە سەردانی کوردستانیان کردووە، ئاماژە بۆ ژمارەیەکی زۆر کەمی داعش دەکەن کە بەشداری هێرشەکەی سەر رومادیان کردووەو توانیویانە سووپای عێراق تێکبشکێنن.

سەرچاوەیەکی بەرپرسی کوردی باڵا کە لەبەر هەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی بهێنرێت بە سپی میدیای راگەیاند " ئەو هێزەی داعش کە هێرشی کردە سەر شاری رومادی ژمارەیان زۆر کەمبووە، هەرچی ئەمەریکییەکانە ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ژمارەیان نزیکەی ١٥٠ چەکدار بووە، بەریتانییەکانیش پێیانوایە کە ٣٠٠ سێ سەد چەکداربوون".( لە هەر دوو حاڵەتەکەدا ژمارەیان لە ٣٠٠ تێپەڕی نەکردووە).

سەرچاوەکەی سپی باسی لەوە کرد کە ئەو چەکدارانەی داعش سەرەتای هێرشەکەیان بە ١٣ ئۆتۆمبیلی خۆکوژ دەستپێکردووەو، لەچەندین سەنگەری بەرگری سەربازی عێراقیدا ( چەند خۆکوژێکیان لە کۆمەڵگای فەرمانگەکانی رومادی) عێراقیدا خۆیان تەقاندۆتەوە، هەرچەندە کەناڵی ئەلعرەبیەوە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازی ئەمەریکیەوە بڵاویان کردەوە کە ژمارەی خۆکووژەکان ٣٠ کەس بوون بە ئۆتۆمبیلە مینڕێژەکانیانەوە سەرەتا  هێرشیان کردۆتەوە سەر سەنگەرەکانی سووپای عێراق و دواتر چەکدارەکانیشیان پێشڕەویان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە پێیوایە ئەو کارە خۆکوژیانە ترس و دڵەراوکێیەکی زۆری لەنێو ریزەکانی سووپای عێراق و ‌هێزە ئەمنیەکان دروستکردووەو تا رادەیەکی زۆر ورەی رووخاندوون و لەئەنجامدا بۆتە هۆی تێکشکانی ئەو هێزانەی لەو شارەدا بوون.

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشكرا کردووە کە هێزەکا نی ئەمەریکا لە ئاسمانەوە بە شێوازی جیاجیا ژمارەی چەکدارانی ‌هێرشبەری داعشیان خەمڵاندووە کە لەو ژمارەیە تێنەپەڕیوە. (١٥٠ چەکدار ).

ئەوەی زیاتر ئەمەریکییەکانی نیگەران کردووە، ئەو کۆمەک و یارمەتیە لۆجستیانەیە کە خەڵکی سونەو هۆزە سونییەکانی ئەنبار لەو ‌هێرشەداو بەشێوەیەکی گشتی پێسکەشی چەکدارانی داعشیان کردووە.

سەبارەت بەو مەترسیانەی لە ئایندەدا لەلایەن ئەو رێکخراوەوە رووبەرووی شارەکانی تری عێراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە دەبێتەوە، سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد ئەو چەک و تەقەمەنیانەی کەوتۆتە دەست داعش لە ئایندەدا مەترسی گەورە لەسەر شارەکانی عێراق دروستدەکات، لەرووی ژمارەو لەرووی چۆنایەتی و پێشکەوتنی جۆری چەکەکانیشەوە.

ئەو سەرچاوەیە نەیشاردەوە کە مەترسی لەسەر چەند شوێنێکی هەستیاری هەرێمی کوردستان هەیە کە ڕەنگە بکرێنە ئامانجی هێرشەکانی داعش کە لەبەر لایەنی ئەمنی سپی بە پێویستی نەزانی بلآوی بکاتەوە. 



PM:11:32:22/05/2015