داعش كچێكی تەمەن 20 ساڵی بە زیندویی سوتاند

نوێنەری تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند چەكدارانی داعش كچێكی تەمەن 20 ساڵیان بە زیندویی سوتاند، بەهۆی ئەوەی ئامادە نەبوو داواكارییەكانیان جێبەجێ بكات.

زەینەب بنگۆرا، نوێنەری تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ كاروباری توندتیژی رەگەزیی لەشەڕ‌و پێكدادانەكان، پاش چەند دیدارێكی لەگەڵ ئاوارەكانی شەڕی داعش لە سوریا‌و عێراق چەندین هەواڵی هەژێنەری بڵاوكردەوە.

بەپێی رۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ئەم نوێنەرەی نەتەوە یەكگرتوەكان دەڵێت "توندوتیژی رەگەزی ستراتیژی سیستماتیكی داعشە‌و دڕەندەیی دژی ژنان‌و كچان بەشێكی سەرەكی ئەو ئایدیۆلۆژییەیە".

بەپێی ئەو راپۆرتانەی زەینەب بنگۆرا بڵاویكردوەتەوە "داعش پاش هێرشكردنی بۆ سەر یەكێك لەگوندەكان، ژنان‌و پیاوانی جیاكردوەتەوە‌و پیاوانی سەرو 14 ساڵی كوشتووە، دواتر كچان‌و ژنانیان لەیەكتر جیاكردوەتەوە".
بانگۆرا هەروەها دەڵێت: "چەكدارانی داعش كچانی رفێنراو ناچار بەچەندین كاری زۆرەملێ‌و نامرۆڤانە دەكەن‌و لەیەكێك لەو حاڵەتانە كچێكی تەمەن 20 ساڵ كە ملكەچی فەرمانی داعش نەبووە‌و نەیهیشتووە دەستدرێژی بكرێتەسەر، بە زیندویی ئاگریان لەجەستەی بەرداوە‌و كوشتویانە".



PM:05:19:23/05/2015