شەڕڤانان 14 شارۆچكەی ئاشورییان لەسوریا لەدەست داعش رزگار كرد


چاودێری مافی مرۆڤی سوریا ئاشكرای كرد كە شەڕڤانانی یەپەگە‌و یەپەژە 14 شارۆچكەی ئاشورییان لەدەست چەكدارانی داعش رزگار كرد.

هەواڵنێری فەرەنسا لە هەواڵێكی بەپەلەدا لەزاری گروپی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا بڵاویكردەوە شەڕڤانانی كورد پاش شەڕێكی سەخت توانیان چەكدارانی داعش لە 14 شارۆچكەی ئاشوری بكەنە دەرەوە‌و ئەو ناوچانە بخەنە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە.

هاوكات گروپی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا رایگەیاندوە كە  له‌ماوه‌ی 20 رۆژدا شه‌ڕڤانان توانیویانه‌ له‌ كانتۆنی جه‌زیره‌ و به‌ڕوبه‌ری ناوچه‌كانی سه‌رێكانی و ته‌ل ته‌مرۆ و  ناحیه‌ی مه‌بروكه‌ داعش تێكبشكێنن و پاشه‌كشێی پێبكه‌ن.

رونیشكردوه‌ته‌وه‌: له‌و ماوه‌یه‌یه‌دا زیاتر له‌ 170 تیرۆرستی داعش كوژراون و چه‌ندین ناوچه‌ی گرنگ و سترانیژی به‌تایبه‌ت جه‌به‌ل كه‌زانیان له‌ده‌ستداوه‌، كه‌ رێگه‌ی گه‌یاندنی پشتیوانیه‌كانی داعشی له‌سه‌ر بووه‌.

شه‌ڕڤانان ساسۆ فه‌رمانده‌ له‌ هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌  جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌ پێشڕه‌ویه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بن و به‌مزووانه‌ داعش به‌ته‌واوی له‌ رۆژئاوای كوردستان ده‌كه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌.



PM:02:26:27/05/2015