روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند، چه‌كدارانی رێكخراوی تیرۆریستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به داعش له‌ناوچه‌یه‌كی شوێنه‌واریی شاری ته‌دمور له سوریا 20 پیاویان به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی شیعه‌ن و هاوشانی رژێمی سوریا ده‌جه‌نگن، به‌ده‌ستڕێژی گوللـه له‌سێداره‌داوه.
رونیشكرده‌وه، له‌سێداره‌دانه‌كان له‌شانۆی رۆمانی له‌شاره‌كه‌و به ئاماده‌بونی ژماره‌یه‌ك له‌خه‌ڵكه‌كه ئه‌نجامدراوه.
به‌یاننامه‌یه‌كی ئه‌و رێكخراوه مافپارێزه بڵاویكرده‌وه، له 16ی ئایاره‌وه رێكخراوه‌كه لانیكه‌م 237 كه‌سی له‌و ناوچانه‌ی ریفی حومسی خۆرهه‌ڵات كوشتووه كه به‌مدواییانه كۆنتڕۆڵی كردون.
به‌بۆچونی رامی عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی روانگه‌كه، داعش له‌ڕێگه‌ی ئه‌م له‌سێداره‌دانانه‌وه ده‌یه‌وێت هێزی خۆی ده‌ربخات.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه مه‌ئمون عه‌بدولكه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شوێنه‌وارو مۆزه‌خانه سورییه‌كان ئه‌و گروپه‌ی به‌وه تۆمه‌تباركرد كه چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڵیان كوتاوه‌ته سه‌ر مۆزه‌خانه‌ی شاره‌كه‌و ژماره‌یه‌ك كه‌ره‌سته‌یان تێكشاندووه كه گوزارشت له‌سه‌ده‌كانی پێش مێژوو ده‌كه‌ن و بۆ ئامانجی په‌روه‌رده‌یی به‌كارده‌هێنرێن.
له 21ی ئایار پاش كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌سه‌د له‌شاری ته‌دمور، داعش ئه‌و شاره شوێنه‌وارییه‌ی پاش نۆ رۆژ شه‌ڕ، كۆنتڕۆڵ كرد.
له‌عه‌ره‌بییه‌وه: والی عه‌لی