دووەم کۆنگرەی هاوپەیمانانی دژە داعش بێ هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت

لەپاریس دووەم کۆنگرە بۆ ئەو ولآتانەی ئەندامن لە هاوپەیمانی دژی داعش  سازدەکرێت و حکومەتی هەرێمیش بانگهێشت ناکرێت، ئەمە دووەم کۆنگرەیە دوای کۆنگرەی لەندەن بۆ ئەم پرسە سازدەکرێت.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم لەسەر ئەو پرسە راگەیاندنێکی بلآوکردەوەو تیایدا هاتووە: دوای‌ کۆنگرەکانی‌ پێشوو، چاوەڕوانی‌ ئەوە بووین کە حکومەتی‌ عیراقی‌ فیدڕاڵ‌و کۆمەڵگای‌ نێودەوڵەتی‌ ڕێز لە قوربانیدانی گەلی كوردستان‌و قارەمانێتیی پێشمەرگە بگرێ‌و بە بایەخەوە سەیری‌ هەوڵەکانی‌ حکومەتی‌ هەرێم بکات بۆنیشتەجێ کردنی‌ زیاتر لە ١,٥ ملیۆن ئاوارەو پەنابەر. کەچی‌ ئەمجارەش حکومەتی‌ فیدڕاڵ بانگهێشتی‌ نوێنەری هەرێمی‌ كوردستانی‌ بۆ ئەم کۆنگرەیە نەکرد.

دەقی راگەیاندنەکەی فەرمانگەی دەرەوەی حکومەتی هەرێم
 
  فەرمانگەی‌ پەیوەندیەکانی‌ دەرەوە له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا هەڵوێستی‌ هەرێمی‌ کوردستان سەبارەت بە کۆنگرەی‌ پاریس دەخاتەڕوو بەمەبەستی‌ هەڵسەنگاندنی‌ رەوتی‌ هەوڵ‌و هێرشەکانی‌ هاوپەیمانان بۆ لێدان‌و لاواز کردنی‌ گروپی‌ تیرۆریستی‌ داعش لە سوریاوعیراق‌و تاوتوکردنی‌ دوایین پێشهاتی‌ ئەمنی‌ لەعیراق‌و ناوچەکە، ڕۆژی‌ سێشەممە ٢/٦/٢٠١٥ نزیکەی‌ ٢٠ لە وڵاتانی‌ ئەندام لە هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ دژ بە رێکخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش لە پاریسی‌ پایتەختی‌ فەڕەنسا کۆنگرەیەکی‌ نێودەوڵەتی‌ گرێدەدەن. 

كۆنگرەی پاریس تایبەتە بەو وڵاتانەی لەگەڵ ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لەشەڕدان، دیارە هەرێمی‌ کوردستان لەم رووەوە پشکی‌ شێری‌ بەرکەوتووەو تاکە هێزە تاکو ئێستا توانیویەتی‌ بە قارەمانیەتی‌ هێزەکانی‌ پێشمەرگە گەورەترین سەرکەوتن بەسەر تیرۆرستان بەدەست بێنێت‌و تیرۆریستان تووشی‌ شکستی‌ گەورە بکات و ناوچەکانیان لێ پاک بکاتەوە. دوای‌ کۆنگرەکانی‌ پێشوو، چاوەڕوانی‌ ئەوە بووین کە حکومەتی‌ عیراقی‌ فیدڕاڵ‌و کۆمەڵگای‌ نێودەوڵەتی‌ ڕێز لە قوربانیدانی گەلی كوردستان‌و قارەمانێتیی پێشمەرگە بگرێ‌و بە بایەخەوە سەیری‌ هەوڵەکانی‌ حکومەتی‌ هەرێم بکات بۆنیشتەجێ کردنی‌ زیاتر لە ١,٥ ملیۆن ئاوارەو پەنابەر. کەچی‌ ئەمجارەش حکومەتی‌ فیدڕاڵ بانگهێشتی‌ نوێنەری هەرێمی‌ كوردستانی‌ بۆ ئەم کۆنگرەیە نەکردو بەتەنها بەشداریان لە کۆنگرەی‌ پاریس کرد. 

بە داخەوە دوای‌ هەوڵەکانمان لەگەڵ وەزارەتی‌ دەرەوەی‌ فیدڕاڵ و نووسینگەی‌ بەڕێز سەرۆک وەزیرانی‌ عیراقی‌ فیدراڵ ئەم بابەتە یەکلا نەبووەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە كاریگەرترین هێز كە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و كردەیی ڕووبەڕووی تیرۆرستانی‌ داعش وەستاوە هێزی پێشمەرگەی كوردستانە. 

ئێمە نیگەرانی‌‌و ناڕەزایەتی خۆمان‌و خەڵكی كوردستان ئاراستەی حکومەتی‌ عیراقی‌ فیدراڵ دەکەین کە تاکلایەنە بەشداری‌ ئەم کۆنگرەیان کردو گوێیان بە داوەتنامەی‌ هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ نەدا کە دەخوازن لەسەر ئاستی‌ عیراق هەمووان بەشداربن، هەرێمی‌ کوردستان وەک تاکە هەرێم لە عیراقی‌ فیدراڵ بە مافی‌ رەوای‌ خۆی‌ دەزانێت لەم جۆرە کۆنگرەو کۆبوونەوانە نوێنەری خۆی هەبێت و گوزارشت لە هەڵوێست و سیاسەتی‌ هەرێمی‌ کوردستان بکات کە ئەمەش مافێکی‌ دەستووریەو ماددەی‌ ١٠٥ ی‌ دەستووری‌ هەمیشەیی‌ عیراق ئاماژە بە هاوسەنگی‌ نوێنەرایەتی‌ کردن دەکات لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان. 



AM:11:16:02/06/2015