یەپەگە 4 گوندی دیكەی لە دەوروبەری كۆبانێ ئازاد كرد

شەڕڤانانی یەپەگە‌و یەپەژە لە شەڕو پێكدانێك لەگەڵ چەكدارانی داعش ئەمرۆ 4 گوندی دەوروبەری كۆبانێیان ئازاد كرد. 

بە پێی بەیاننامەیەكی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) هێزە كوردییەكان گوندەكانی (شەعری، ڕیبەر، وەستانی و عالیە)ی باكووری ڕۆژهەڵاتی شارەدێی (مەبرووكە)یان لە دەوروبەری گرێ سپیی ڕۆژهەڵات ئازاد كردووە و 24 چەكداری ڕێكخراوی توندڕەوی داعشیان لە شەڕەكاندا كوشتووە و 4 ئۆتۆمبێلی سەربازیشیان دەست بە سەردا گرتووە كە لە نێویاندا ئۆتۆمبێلێكی هەمەر هەیە. 

لە لایەكی دیكەوە لە گوندی (قەرات)ی باشووری كۆبانێ، شەڕڤانانی كورد هێرشێكی داعشیان تێكشكاند و ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی ئەو ڕێكخراوە توندڕەوەشیان كوشت، بەڵام ژمارەكەیان بە تەواوەتی نازانرێت. 

بە پێی هەمان بەیاننامە، شەڕڤانێكی كورد لە شەڕەكانی ناوچەی گرێ سپیی ڕۆژهەڵات و یەكێكی دیكەش لە شەڕەكانی باشووری ڕۆژهەڵاتی كۆبانێ شەهید بوون.



PM:10:00:08/06/2015