سەرۆکی پەرلەمان: بڕیارمانداوە پەیوەندییەکی دۆستانە‌و هاوسەنگانەمان لەگەڵ دراوسێکانماندا هەبێت

یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لەپێشوازی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران‌و شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوە، وتی" ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕیارمانداوە پەیوەندییەکی دۆستانەو هاوسەنگانەمان لەگەڵ دراوسێکانمان هەبێت".

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤-٦ ، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان‌وجەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان پێشوازییان کرد لە حەسەن قەشقاوی جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران.

لەکۆبوونەوەیەکدا، سەرۆکی پەرلەمان، هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو پێش بچێت، بەتایبەتیش لە بواری ئابوریدا، سەرۆکی پەرلەمان داوایکرد لە کردنەوەی مەرزی نێودەوڵەتیی نێوان هەردولا، هاوکاری کردنەوەی مەرزی پارێزگای هەڵەبجە و کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن، بۆ ئەوەی ئەو پارێزگا نوێیەمان بوژاندنەوەی ئابوری بەخۆیەوە ببینێت.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوەدا، بەدەر لەئەرکی دراوسێیەتی، ئێستا داعش دوژمنی هاوبەشی نێوان هەردولامانە، هیوادارن بتوانن هاوکاریی یەکتر بکەن بۆ لەناوبردنی تیرۆرستان‌و بنەبڕکردنی بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکانەوە.

لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، جێگری وەزیری دەرەوە، بەفەرمی میوانداری سەرۆکی پەرلەمانی کرد بۆ وڵاتەکەی، پاش ئەوەی پێشتریش عەلی لاریجانی سەرۆکی ئەنجومەنی شورای کۆماری ئیسلامی ئێران، سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کردو بەفەرمی سەرۆکی پەرلەمانی بانگێشتی وڵاتەکەی کرد.



PM:02:26:14/06/2015