بەغدا ئەنجامی تاقیكردنەوەی 6 هەزار قوتابی كوردی هەڵوەشاندەوە

وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بە بڕیارێك ئەنجامی تاقیكردنەوە دەرەكییەكانی پۆلی سێی ناوەندی و شەشی ئامادەیی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش بە بیانووی بوونی قۆپییە كە زۆربەی نمرەكان لەسەدا سەدن،.

لەمبارەیەوە  پەروین محەممەد، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەموو هەوڵێكمان داوە بە مەبەستی چاككردنەوەی ئەو بڕیارە و سزادانی تەنیا ئەو كەسانەی كە نمرەكانیان سەدە و گومان لە ئەنجامەكانیان هەیە، بەڵام وەزارەت وەڵامی نووسراوی ئەنجوومەنی پارێزگایشی نەداوەتەوە و دواجار بڕیاری خۆی دا و سەرجەم ئەنجامەكانی قوتابیانی هەڵوەشاندەوە كە زیاترلە ٦هەزار قوتابی لە تاقیكردنەوە دەرەكییەكاندا بەشدار بوون".

سەرۆكی لیژنەی پەروەردەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەوەیشی وت: "زۆربەی ئەوانەی تاقیكردنەوەی دەرەكییان ئەنجام داوە، پێشمەرگە و پۆلیسن".

دەشڵێت، بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردە ناحەقیێكی زۆری تێدایە و، دەبووایە تەنیا ئەوانەی بگرتایەتەوە كە گومان لە نمرەكانیان دەكرێت.



PM:03:43:18/06/2015