پارتی:گۆڕان‌و كۆمەڵ بۆ قسەكردن لەپێشەوەن، لەكرداردا هیچیان پێناكرێت

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی زەرد دەڵێت، بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بیانوو دەگرن بۆ ئەوەی لە حكوومەت بكشێنەوە، چونكە دەوڵەتدارییان پێ ناكرێت، بۆیە ئەمڕۆ لە حكوومەت بكشێنەوە باشترە تا سبەی، بۆ ئەوەی لایەنەكانی دیكە بە شێوەیەكی رێكوپێك هەرێم لەو قەیرانانە رزگار بكەن كە تێیكەوتووە.

دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان‌و لە پەرلەمانی كوردستان، ئەندامی فراكسیۆنی زەرد بە ماڵپەری فەرمیی پارتی راگەیاند: "كاتێك منداڵە تەمبەڵەكان لە خوێندن دەرناچن و دەرگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، لێیان دەپرسن بۆ دەرنەچووی، باس لەوە دەكات مامۆستایەكەی رقی لێیەتی، بۆیە دەرنەچووە، بۆ ئەوەی خۆی رزگار بكات و بەرپرسیارەتییەكە لەسەر خۆی لابدات، بۆیە لە ئێستادا كۆمەڵ و گۆڕانیش بە هەمان شێوە سیاسەت دەكەن و خۆیان لە بەرپرسیارەتی دەدزنەوە و بیانوو دەگرن، ئەگینا ئێمە وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان هیچ كات خۆمان لە بەرپرسیارەتی نەدزیوەتەوە و خۆمان بە بەپرسیار زانیوە لەهەموو ئەو وەزارەتانەی لە دەست لایەنەكانی دیكەیشدان".

وتیشی، كۆمەڵ و گۆڕان هیچ لە دەوڵەتمەداری نازانن و ناتوانن ئیدارەی وڵات بكەن و، تەنیا بۆ قسەكردن لەپێشەوەن و لە كرداردا هیچیان پێ ناكرێت؛ بۆیە بۆ ئەوەی لایەنگرانی خۆیان رازی بكەن، بیانوو دەگرن، بۆ نموونە گۆڕان لە رێگەی پێشكەشكردنی پڕۆژە بۆ هەمواركرنەوەی یاسای سەرۆكایەتی، دەیانەوێت رێگایەك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە حكوومەت بكشێنەوە و باس لەوە دەكەن قەیرانەكان دەستكردن، ئەمەیش بێدەسەڵاتی دەگەیەنێت كە توانای دەوڵەتمەدارییان نییە".

دڵشاد وتیشی، سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی پێویستە سوود لە پێغمبەری ئیسلام دروودی خوای لەسەر بێت وەرگرێت، كاتێك خۆی و هاوەڵەكانی بە رێگایەكدا دەچوون خواردنیان دروست كرد و هەر یەكەیان كارێكی بۆ ئامادەكردنی خواردن كرد و تەنیا هیچ كارێكیان بۆ پێغەمبەر (د.خ) دانەنا، ئەویش گوتی من دار كۆ دەكەمەوە بۆ ئاگركردنەوە و هەر چەند رێگرییان لێ كرد، ئەو سوور بوو ئەو كارە بكات و باسی لەوە كرد پێویستە هەموومان بەشدار بین بێ جیاوازی و بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ بگرین، بۆیە خۆزگە سەرۆكی فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی سوودی لە ئایینی ئیسلام و ڕەفتاری پێغەمبەر (د.خ) وەرگرتبا، بۆ ئەوەی لە ئیدارەدانی دەوڵەتدا هەست بە بەرپرسیارەتی بكات.

دەشڵێت، "ئەوان كە باس لە كشانەوە لە حكوومەت دەكەن، ئەوە مانای هەڵاتنە لە بەرپرسیارەتی و هیوادارین ئەمڕۆ لە حكوومەت بكشێنەوە بۆ ئەوەی حیزبەكانی دیكە لە حكوومەتدا بمینێن و بە شێوەیەكی رێكوپێك كارەكان رایی بكەن، تا حكوومەت لەو قەیرانە دەرباز بكەن و حكوومەتی هاوبەشیش هیچ سودی بۆ ئەو قۆناخە نەبوو، بۆیە ئەوان ئەمڕۆ لە حكوومەت بكشێنەوە باشترە لە سبەی".



PM:03:02:22/06/2015