یەکگرتوو خەڵک‌و بەرپرسانی لەمەترسی بارودۆخەکە ئاگادار دەکاتەوە

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان خەڵکی کوردستان و لایەنە بەرپرسەکان ئاگادار دەکاتەوە لە مەترسی ئەو وەزعەی دێتە ئاراوە لەسەر پرسی دەستوری هەرێم و هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.

دوێنێ ٦/٢٢ مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو لەسەر پرسە هەنووکەیەکانی دەستور و هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی سازکرد بە پێێ راگەیاندنێک کە دوای کۆبوونەوەکە بڵاوکرایەوە، ئەو حیزبە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە "ئێستا كۆمەڵێك پڕۆژە یاسا خراوەتە بەردەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەگەری سەركەوتنی ئەو پڕۆژە یاسایانە بە شێوەی كۆ دەنگی و بە پاراستنی ئاسایشو یەكڕێزی زۆر كەمەو پێ دەچێت هەرێمەكان بخاتە دۆخێكی نادیارو ئاڵۆزەوە".

دەقی راگەیاندنەکەی یەکگرتووی ئیسلامی

بۆ / جەماوەری سەربەرزی كوردستان .
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان .
پەرلەمانی كوردستان .
حكومەتی هەرێمی كوردستان .
سەرجەم لایەنە سیاسیەكان .
لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی تیرۆرزمی نێودەوڵەتی (داعش) بووتەوەو هاوڵاتیانی كوردستانیش بە دەستی خراپی بژێوی ژیانیان 
و نەبوونی مووچەو بودجەو ئابلوقەی ئابووری بەغداو ئاڵۆزی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداوە دەناڵێن و لە سۆنگەی هەست كردن بە بەرپرسیارێتی مێژوویی و دەربڕینی هەڵوێستی بەرپرسانە لە پێناو یەكڕیزی گەلەكەمان و پاراستنی هێمنی و ئاسایشی هەرێم و هەنگاونان بەرەو ئایندەیەكی ڕوونتر، ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان داوا لە هەموو لایەنە سیاسیەكان دەكەین كە خەمخۆرانەتر و بە ڕۆحێكی نیشتمان پەروەرانە هەرچی زووتر كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی سازبكرێت و بە سازانی نیشتمانی و سیاسی پرسی دەستوور و سەرۆكایەتی هەرێم یەكلایی بكەینەوە ..
بەڕێزان :
ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێمان وایە كە چارەسەری پرسی ولایەتی سەرۆكی هەرێم بە سازانی نیشتمانیو لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێت بەڵام پرسی دەستوور دواكەوتووە لە وادەی خۆی و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمیش ڕایانگەیاند كە لەو ماوەیەدا ناتوانن پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجا بدەنو ئێستا كۆمەڵێك پڕۆژە یاسا خراوەتە بەردەستی سەرۆكایەتی پەرلەمان ئەگەری سەركەوتنی ئەو پڕۆژە یاسایانە بە شێوەی كۆ دەنگی و بە پاراستنی ئاسایشو یەكڕێزی زۆر كەمەو پێ دەچێت هەرێمەكان بخاتە دۆخێكی نادیارو ئاڵۆزەوە .
بەڕێزان :
پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستوور سیاسین هەر وەك یاسایین و ئێستا كە كات بەرەو كۆتایی دەچێت و ئاسۆی چارەسەر دیار نی یە ..
ئێمە داوا دەكەین لە هەر پێنج لایەن كە كۆبوونەوەیەكی پەلە بكرێت بۆ گەیشتن بە سازانی نیشتمانی ئەنجام بدەین پێش ئەوەی پەرلەمان بخەینە بەردەم كۆمەڵێك كۆبوونەوەی قەیراناوی بێ دەرئەنجام با بە سازانی نیشتمانی سیاسی كار ئاسانی بۆ كارەكانی پەرلەمان بكەین ..
مەكتەبی سیاسی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان



AM:09:54:23/06/2015