یەپەگە یەکەم بەیانی لەسەر هێرشی داعش بۆ سەر کوبانێ بڵاوکردەوە

لە راگەیاندنێکدا یەپەگەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە جێگاکانی چەکدارانی داعش گەمارۆدراون و ٣٠ چەکدار کوژراون، بەڵام شەڕ هێشتا بەردەوامە.

ناوەندی راگەیاندنی یەپەگە لەسەر کۆی شەڕەکە دەڵێن: چەکدارانی داعش لە دوو قۆڵەوە یەکێکیان لە سنوری تورکیاو ئەوی تریان لە گوندەکانی باشوری کوبانێوە دەستیان بەهێرش کردووە بۆ سەر شاری کوبانێ.

یەپەگە لەو بەیانەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کاتژمێر ٤ بەیانی چەکدارانی داعش لەخاڵی سنوری مرشدبینارەوە لەرێگای ئۆتۆمبیلی خۆکوژەوە دەستیان بەهێرشکردو چوونە ناو گەڕەکەکانی ( کانی کوردان، نەخۆشخانەی پزیشکەکانی بێ سنور، گەڕەکی بۆتان، گەڕەکی مزگەوتی حاجی رەشاد) و چەکدارەکانی داعش جلو بەرگی سووپای ئازادو یەکینەکانیان لەبەرکردبوو، لەگەڵ چوونە ژورەوەیان بۆ ئەو گەڕەکانە دەستیان کرد بە کوشتنی هاوڵاتیان مەدەنی. 

دواتریش لەهەمان خاڵی سنوری مرشد بینار داعش ئۆتۆمبیلێکی تری تەقاندەوە کە لەناو تورکیاوە هاتبوو.

یەپەگە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە شەڕڤانان کێوماڵی ئەو گەڕەکانە دەکەن کە داعش دزەی بۆ کردبوون.

یەپەگە دەڵێن: کاتژمێر ٥ بەیانی چەکدارانی داعش لە باشوری کوبانێوە کە قۆڵی دووەم بوو دەستیان بەهێرش کرد بۆ سەر گوندەکانی( برخباتان، زیرەک، تل سیڤی ) شەڕڤانان بەرپەرچیان دانەوەو لەناوچەکە دووریان خستنەوە.

یەپەگە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە شەڕێکی قورس لە کوبانێ بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا کوژرانی ٣٠ چەکداری داعشیان تۆمارکردووەو لەکاتی تەوابوونی پاککردنەوەی داعش ئەنجامی هەموو شەڕەکە رادەگەیەنن.



PM:06:42:25/06/2015