د. عەلی قەرەداغی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە كۆبانێ نیشاندا

دكتۆر عەلی قەرەداغی لە بەیاننامەیەكدا، ئیدانەی هێرشەكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی چەكدارانی تیرۆریستی داعش دەكات بۆ سەر شاری كۆبانێ و بەكارێكی دژ بە بنەماكانی شەریعیەتی ئیسلام و سەرەتاكانی مافی مرۆڤ و هەموو بەهایەكی زەمینی و ئاسمانی دەزانێ.

دەقی بەیاننامەكە:

ئەو هێرشە كتوپڕەی كە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كرایە سەر شاری كۆبانی و لە ئەنجامیشدا دەستیان دایە ڕەشەكوژی خەڵكی مەدەنی و داگیركردنی شوێنە خزمەتگوزاریەكان و ئەنجامدانی چەند تەقینەوەیەك و كوشتنی زیاتر لە (146) كەس و بینداربوونی زیاتر لە 2000 كەس، كە بە بڕوای زۆر لە چاودێرانی سیاسی ئەمە بە دووەمین كۆمەڵكوژی گەورە لەو شارە لەقەڵەم دەدرێت، ئەم كارە نامرۆڤانەی كە ئەمجارە ئەم گروپە تیرۆریستیە پێی هەستان بەتایبەتی لەم مانگی ڕەمەزانەدا كە مانگی خێروچاكەو لێبوردەییە، بەڵام ئەوەی ئەوان كردیان دژ بە هەموو بنەماكانی ئیسلامە،كە سۆزو بەزەییە بۆ هەموو جیهان (وما أرسلناك إلا رحمە للعالمین)

هەروەها دژ بە هەموو بەهایەكی مرۆڤیایەتی و پێچەوانەی سەرەتایترین مافەكانی مرۆڤە، لەبەر ئەوە كردەوەی ئەم گروپانەو ئیسلام دوو شتی لەیەك جیاوازن و ئەوكارانەی كە ئەوان دەیكەن هەوڵێكە بۆ ناشرین كردنی ئیسلام و شێواندنی بەها بەرزەكانی لەبەرچاوی هەموو دانیشتوانی جیهان، لەبەر ئەوە ئێمە داوا لەهەموو لایەنە سیاسیەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسایەتیە مرۆڤ دۆستەكان دەكەین كە پشتیوانی لەگەلی كوردمان بكەن لە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ بەرەو ڕووبونەوەی ئەم گروپەو هاوكاری كردن بۆ ئاوادان كردنەوەی كۆبانێ و كۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی تیرۆریستان لە ناوچەكەدا .

لە كۆتایشدا لە خوای گەورە داواكارم كە شەهیدەكان بەبەهەشتی بەرین شاد بكات و شیفای بەپەلەش بنێرێت بۆ بریندارەكان و خوای گەروەش پشتیوانی هەموولایەك بێت لەسەر كاری چاكەو مرۆڤ دۆستیو بەهاناوە چوونی ستەم لێكراوان .

دكتۆر عەلی قەرەداغی
سەرۆكی رابیتەی ئیسلامی كورد
ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان
27-6-2015



PM:04:39:27/06/2015