زیاتر لە 170 زیندانی ئێرانیی لەهەرێم چاوەڕوانی گەڕانەوەن بۆ وڵاتەكەیان

ئەو زیندانییانەی ئێران لە گرتووخانەكانی هەرێمی كوردستان گیراون و  زۆربەیان تاوانی مادە هۆشبەرەكانیان هەیە، چاوەڕوانی بڕیارێكی تایبەت بە ئاڵوگۆڕكردنی گیراوەكانی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران دەكەن.

بە پێی رێككەوتنێكی نێوان عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم ئەو زیندانییانەی هەردوولا كە لەوڵاتی بەرامبەر گیراون و لە گرتووخانەكاندان ئاڵوگۆڕیان پێدەكرێت و ماوەی سزای زیندانییەكەیان لە وڵاتەكانی خۆیان تەواو دەكەن.

ئەو بڕیارە لە عێراقدا چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا بڕیارەكە جێبەجێ‌ نەكراوە و زیندانییەكانی ئێران چاوەڕوانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە و گەڕانەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان دەكەن.

بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی و كۆمەڵایەتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەحمەد نەجمەدین رایگەیاند: "بەرنامەی خۆمان هەیە بۆ ئاڵوگۆڕ پێكردنی گیراوەكان، بەڵام تائێستا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و سەرقاڵی ئەنجامدانی كارەكانی تایبەت بەو پرسەین".

وتیشی: "لە پەرلەمانی عێراق یاسایەكی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دەرچووە و وەزیری دادی عێراقیش جێبەجێی كردووە، پرۆسەكە لەوێ‌ دەستی پێكردووە و تائێستا وەجبەیەك لە زیندانییەكان ئاڵوگۆڕیان پێكراوە، لە هەرێمی كوردستانیش لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم پرۆسەكە دەست پێدەكەین و لەگەڵ بەرپرسانی ئێران كاری لەسەر دەكەین".

ئەو بەرپرسەی چاكسازییەكانی هەرێم ئاماژەی كرد بەوەی، لە هەرێمی كوردستان 173 زیندانی ئێرانی هەیە و زۆرینەیان چاوەڕوانی گەڕانەوە و جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەكەن.

لە نێو گرتووخانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی كە هەزار و 142 گیراوی تێدایە، ژمارەیەك زیندانی ئێرانی هەیە كە زۆرینەیان لەسەر مادەكانی هۆشبەر گیراون، ئەوان ماوەی چەند ساڵێكە چاوەڕوانی ئەو بڕیارە دەكەن و چەند جارێكیش مانگرتن و چالاكی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە.

بەڕێوەبەری گرتووخانەكە شێركۆ عارف بە ئاژانسی ئانادۆڵی وت: "ماوەیەكی زۆرە چاوەڕوانی جێبەجێكردنی بڕیارەكە دەكەین، لە دواین سەردانی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ شاری سلێمانی ئەوەی پێی راگەیاندین كە لەماوەی دە رۆژی یەكەمی مانگی رەمەزاندا بڕیارەكە جێبەجێدەكەن و زیندانییەكانی نێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ پێدەكەن بەڵام تائێستا بڕیارەكە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە".

ئەو گوتی: "لە نێو گرتووخانەكەدا 82 گیراوی ئێرانی بڕیارەكە دەیانگرێتەوە و 43 گیراویان مامەڵەی یاساییان تەواو بووە و ئامادەی گەڕانەوەن و مامەڵە بۆ ئەوانی دیكەش دەكرێت".

بڕیارەكە ئەو زیندانییانە دەگرێتەوە كە ماوەی سزاكەیان زیاتر لە شەش مانگە و لە گرتووخانەكانی هەردوولا دەست بەسەرن.





PM:03:48:30/06/2015