عێراق 1.7 ملیار دۆلار قەرز لە بانكی نێودەوڵەتی وەردەگرێت

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی عێراق بڕیارە بانکی نێودەوڵەتی بڕی 1.7 ملیار دۆلار قەرز بداتە عێراق كە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادكراوەكانی دەستی داعشە.

وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەنوسێت "هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق رۆژی چوارشەممە 1/7/2015 لەگەڵ رۆبێرت بۆگۆدا، بەڕێوەبەری بەرنامەی عێراق و تیمی پسپۆرانی ئابووری بانکی نێودەوڵەتی و جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پەرەپێدان، پلانەکان و بەرنامەکانی بانکی نێودەوڵەتی تاوتوێکرد لەبارەی پێدانی قەرز بە عێراق و هاوکاری مرۆیی و پەرەپێدانی پێشنیازکراو".

هەروەها هاتووە: "بڕیارە بانکی نێودەوڵەتی بڕی 1.7 ملیار دۆلار قەرز بداتە عێراق و ملیارێکی ئەو قەرزە لە ژێر ناونیشانی قەرزی سیاسەتی هاوکارییە بۆ پەرەپێدان (DPL) و 350 ملیۆن دۆلاری ئەو قەرزە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان لە بندەستی داعش تەرخان بکرێت و 350 ملیۆن دۆلاری دیکەشی بۆ پرۆژەی رێگەی ئوم قەسر-بەسرە تەرخان دەکرێت".

بەپێی راگەیەنراوەكە حکومەتی عێراق زنجیرەیەک رێوشوێنی چاکسازی لە چەند دامەزراوەیەکی ئابووری دەگرێتەبەر بۆ رێکخستنی خەرجکردن و خۆپاراستن لە بەفیرۆدان.



PM:03:41:02/07/2015