وەزارەتی پێشمەرگە ژمارەی كوژراوەكانی داعش ئاشكرا دەكات

‌مستەفا سەید قادر
وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان  لە لێدوانێكدا ژمارەیەك ئەو چەكدارانەی داغش كە لەلایەن هێزی پێشمەرگە‌و هێزی ئاسمانی هاوپەیمانانەوە كوژراون.

مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاند: "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە و هاوپەیمانان داعش زیاتر لە 14 هەزار كەسیان لەشەڕەكان لێ كوژراوە چی بەهێرشی ئاسمانی بێت یان بە هێرشی پێشمەرگە بێت".

وەزیری پێشمەرگە لەبارەی ژمارەی ئەو پێشمەرگانەشن كە لەوەتی هێرشەكانی داعش بۆ سەر باشووری كوردستان كە لە هێرشەكان بۆ سەر شاری شنگال دەستی پێكرد لە سێی ئابی ساڵی 2014 شەهید بوون و ئەوانەشی بریندار بوون، وەزیری پێشمەرگە وتی "ژمارەی ئەو پێشمەرگانەی كە لە شەڕی داعش شەهید بوون گەیشتووەتە هەزار و 212 شەهید، هەروەها بریندارەكانیشمان لە حەوت هەزار پێشمەرگە نزیكە".

لەبارەی دوایین زانیارییەكانی بەرەكانی شەڕی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ چەكدارانی داعش وەزیری پێشمەرگە وتی "ماوەی چەند مانگی رابردوو پاش ئەوەی لە مانگی هەشتی ساڵی پار هێڵێكی بەرگرییمان دروست كرد لەدوای هێرشەكانی داعش ئیتر ئێمە كەوتینە داڕشتنی نەخشەی پەلاماردان و هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر داعش دەستی پێكرد و توانرا 95 لەسەدی ئەو شوێنانەی كەوتبوونە ژێر دەستی داعش دەربهێنرێت، ئێستا لەو شوێنانەی پێشمەرگەی لێییە توانراوە سەنگەری باش دروست بكرێت و ئامادەكاریی باش هەیە و هێزی پێشمەرگە بەرگریی لەو شوێنانە و هەر شوێنێكمان ویستبێتی ئازادی بكەین، پێشمەرگە توانیویەتی بە باشی ئەوە بكات و داعش لە هەوڵی هێرش و پەلامارداندان، بەڵام سەركەوتوونەبوون و پێشمەرگە توانیویەتی زۆر بەباشی بەرگری بكات".

سەبارەت بەو رێژەی ئەو پێنج لەسەدەی وەكو بەرپرسانی هەرێم دەڵێن سنووری باشووری كوردستانە و هێشتا لە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگە نییە، مستەفا سەید قادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "مەبەستمان ئەوەیە ئەو خاكەمان كە پێشتر كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی داعش لە دەستیان دەرهێنراوەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە لەو پێنج لەسەدە بە زۆرینە لە پارێزگای نەینەوایە لە سنووری نێوان هەولێر و نەینەوا و دهۆك، ئەو شوێنانە ماونەتەوە و هێشتا رزگارنەكراون بەهۆی ئەوەوەیە كە رەنگە تا مووسڵ ئازاد نەكرێت نەتوانرێت بە باشی بەرگرییان لێ بكرێت یان بەلانی كەم ئاوەدانبكرێنەوە، بۆیە رزگاركردنی ئەو شوێنانەمان بۆ كاتێكی دیاریكراو دوا خستووە".

لەبارەی ئەو قسانەشی دەكرێت گوایە رزگاركردنی شنگال بە رزگاركردنی مووسڵ بەستراوەتەوە، روونی كردەوە "ئەویش لەچوارچێوەی ئەوەیە كە باسمانكرد، دەمانەوێت كاتێك شنگال رزگاربكرێت بتوانین پارێزگاری لێ بكەین و خەڵكەكەشی بگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی، بۆیە چاوەڕوان دەكەین بزانین پڕۆسەی رزگاركردنی مووسڵ چی بەسەر دێت دەنا لەبەرنامەدایە شنگالیش رزگاربكرێت".

وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی پرۆسەی رزگاركردنی مووسڵیشەوە گوتی "كۆمیتەیەك لەنێوان هاوپەیمانان و عێراق و هەرێمی كوردستان پێكهاتووە و خەریكی لێكۆڵینەوە و دانانی پلانێكن بۆ ئەوەی بتوانیین بە باشی دیراسەی دۆخەكە بكرێت و هەر پلانێك دابنرێت وا بكەین بە باشی سەركەوتنی باش بەدەست بهێنێت، تا ئێستا خەریكی لێكۆڵینەوە و كۆبوونەوەن".

گوتیشی لەپلانەكە رۆڵی پێشمەرگە دەردەكەوێت، بەڵام بە قسەی ئەو پێشمەرگە بەشێك دەبێت لە رزگاركردنی مووسڵ و پلانەكە دەریدەخات بەشداریی پێشمەرگە چۆن و تا چی ئاستێك دەبێت.

سەبارەت بەو كێشانەی كە حەشدی شەعبی بۆ هەندێك لە دانیشتووانی ناوچە كوردییەكانییان دروست كردووە، مستەفای سەید قادر دەڵێت "ئێمە لە زۆربەی شوێنەكانی كوردستان هەر خۆمانی لێیە و بەتەنها لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە دەپارێزرێت، تەنها لە هەندێ ناوچە نەبێت وەكو سەعدییە و دووزخورماتوو كە هەندێ كێشە هەیە، بەڵام خەریكی چارەسەر كردنیین و زیاتر لەگەڵ حكوومەتی عێراق و وەزارەتی بەرگری مامەڵە دەكەین لەسەر ئەو كێشانە".

مستەفا سەید قادر هێمای بۆ ئەوەش دا کە هەوڵی نوێ هەیە بۆ زیندووكردنەوەی بڕیاری پڕچەككردنی كورد و سونە لە عێراق كە پێشكەشی كۆنگرێسی ئەمریكا كرابوو، دەشڵێت ئەو شاندەی كە لە ئەمساڵدا سەردانی ئەمریكایان كرد لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان داواكانی كوردستانییان گەیاندووەتە بەرپرسانی ئەمریكا.

باسی لەوەشكرد كە حكوومەتی عێراق ژمارەیەكی كەم چەكیان پێداون.



PM:04:38:02/07/2015