بەغدا چۆن باسی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمدا دەکات؟

پەرلەمانتاری عێراق کاوە محەمەد دەڵێت، جێگری سەرۆک وەیزرانی عێراق بەها ئەعرەجی پێیوایە کە کێشەکانی نێوان بەغداو هەولێر هونەرین و قابیلی چارەسەرکردنن.

کاوە محەمەد ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ٧/٢ لەپەرلەمانی عێراق میوانداریی بەها ئەعرەجی جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق كرا، لەدانیشتنەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران باسی لە كێشەكانی تایبەت بە نەوت و كارەبا و ئاو كردووە، لەبارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداوە وتویەتی ” كێشەكان هونەرین و قابیلی چارەسەركردنن”.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە کە سەر بەبزووتنەوەی گۆڕانە، باسی لەوە كرد كە ئەعرەجی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە لەم مانگەدا هەرێم بڕێكی زۆر كەم نەوتی رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ كردوەو وتوویەتی : دەبێ ئێمە لەسەر نەوتی هەرێم حساب لەگەڵ هەرێم بكەین نەك نەوتی كەركوك، چونكە (٣٠٠) هەزار بەرمیلەكەی كەركوك هی حكومەتی فیدرالە و تەنیا بۆرییەكانی هەرێم بۆ گواستنەوەی بەكاردەهێنرێت، بۆیە دەبێت هەرێم سەرباری ئەو نەوتەی كەركوك، بڕی (٢٥٠) هەزار بەرمیلی هەرێمیش رادەستی سۆمۆ بكات و هەر لەكورتیدانێكیش لەمە، وا دەكات بەغدا بەقەدەر ئەوە پارە لە (١٧%)ەكەی بەشە بودجەی هەرێم ببڕێت.

ئەعرەجی وتوویەتی : بەغدا مووچە بۆ هەرێم نانێرێت، بەڵكو بەشە بودجە دەنێرێت و ئەگەر هەر كێشەیەك لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەبێت، حكومەتی هەرێم بەرپرسە نەك حكومەتی فیدرال.

کاوە محەمەد باس لەوە دەکات کە ئەوان ژمارەیەك لەپەرلەمانتارانی كورد قسەیان لەسەر ئەو كێشانە كردووە و دۆخی هەرێمی كوردستانیان روونكردەوە و باسیان لەوە كرد كە بەغدا شایستە داراییەكانی هەرێمی وەك پێویست نەناردووە و یاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٥)ی پێشێلكردووە. ئەم پەرلەمانتارە باسی لەو كێشە داراییانەی هەرێم كرد كە تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە، کاوە دەلێت: باسی داواكارییەكانی ئیدارەی كەركوكم كردوە كە تا ئێستا بودجەی پترۆدۆلاری ساڵانی (٢٠١٣) و (٢٠١٤) و هی ئەمساڵیشی وەرنەگرتووە، هەروەها پێشتر رۆژانە بڕی ملیۆنێك و (٣٠٠) هەزار لیتر بەنزینی بۆ تەرخان دەكرا، كەچی ئێستا سەرەڕای ئەوەی نزیكەی (٥٥٠) هەزار ئاوارەی شەڕی داعش لەشارەكەدا نیشتەجێن، ئێستا بە پچڕ پچڕی تەنیا (٢٥٠ تا ٣٠٠) هەزار لیتری بۆ دەنێردرێت. 
بەها ئەعرەجی لەوەڵامدا باسی لەوە كرد كە ئەوان بودجە بۆ هەرێم دەنێرین، نەك مووچە”، هەروەها كەمبوونەوەی رێژەی بەنزینیشی بۆ لەكاروەستانی پاڵاوگەی بێجی گەڕاندەوە. 



AM:10:51:03/07/2015