گەریلاش دژی داعش بەشداری شەڕی کەرکوکی کرد

وتەبێژی هێزەکانی گەریلا لەمیحوەری کەرکوک بەدرخان بۆتان رایگەیاند: لەگەڵ هێزی پێشمەرگەو دژە تیرۆر، گەریلاکانی پەکەکەش بەشداری شکاندنی هێرشەکەی دوێنی شەوی داعشیان کرد.

بەدرخان بۆتان وتەبێژی گەریلاکانی پەکەکە لە میحوەری باشوری کەرکوک بە سپی راگەیاند : کاتژمێر ١٢ ی شەو چەکدارانی داعش لەچەند قۆڵێکەوە لە هەردوو کۆمەڵگای شەهید و یەرموک لە نزیک رێگای ریاز دەستیان بەهێرشکرد و شەڕێکی قورس بەرپابوو.

بەدرخان بەرەی شەڕەکەی بە دوو میحوەر دەستنیشان کردو وتی: لە  گوندی "مورە" داعش توانیان کەمێک پێشرەوی بکەن.

وتەبێژی گەریلاکان رایگەیاند: کاتژمێر ٤ ی بەیانی هێزەکانی دژە تیرۆر و گەریلا و پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر داعش و چەکدارانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستیەیان تێکشکاندو لەو شوێنەی پێشڕەویشیان کرد پاشکشەیان کرد.

بەدرخان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لاشەی دەیان کوژراوی داعش لە بەرەی شەڕەکە بە جێماون.

ئەو بەرپرسەی گەریلا ئاماژەی بۆ بۆردومانی فڕۆکە هاوپەیمانەکان کردو " بەبۆردومانێکی چڕ" وەسفی کرد. 
سەبارەت بە قوربانییەکان، بەدرخان وتی " چەند پێشمەرگەیەک شەهیدبوون و گەریلا هیچ زیانێکی نییە".
  



AM:10:53:06/07/2015