پارتی سەردانی حیزبی شیوعی ناکات

وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم سەردانی  سەرجەم حیزبە کوردستانیەکانی کرد، سەردانی حیزبی شیوعی کوردستانی نەکرد.

سپی پەیوەندیکرد بە وتەبێژی حیزبی شیوعی کوردستان هاوڕێ بابە عەلیەوە کرد، ئەو لای خۆیەوە ئەو هەواڵەی پشتڕاستکردەوە کە وەفدی پارتی سەردانیان نەکردوون، هاوکات وتی: ئێمە وەک حیزبی شیوعی دەرگامان کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانداو رۆژانە لایەنە سیاسیەکان و کەسانی رۆشنبیر و هاوڵاتیان و خەڵکی کرێکار و جوتیار و پیاوانی ئاینی سەردانی بارەگاکانی حیزبی شیوعی دەکەن.

سەبارەت بە نەچوونی وەفدی پارتی بۆ لای حیزبی شیوعی، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندیانە بە سپی راگەیاند: هۆکارەکەی سیاسیەو هەڵوێست وەرگرتنە لە حیزبی شیوعی.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد حیزبی شیوعی کە واناسراوە پەیوەندیەکی تایبەت و مێژووی لەگەڵ پارتی هەیە، بەڵام لەسەر بەشداریکردنی پەرلەمانتاری ئەو حێزبە عەبدولرەحمان فارس ناسراو بە ( ئەبو کاروان ) لە کۆبوونەوەی ٦/٢٣ ی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەت بە خوێندنەوەی یەکەمی چوار پرۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، هۆکاری سەرەکی بوو کە وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی ئەو حیزبە نەکات.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانیان لە سلێمانی و هەولێر کرد، بارەگای حیزبی شیوعی کوردستان کە لەهەولێرەو چەند کیلۆمەترێک دوورە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتیەوە، وەفدەکەی پارتی بڕیاری هەبوو سەردانی نەکات.



AM:10:53:09/07/2015