فراكسیۆنی پارتی قوباد تاڵەبانی بانگهێشتی پەرلەمان دەكات

‌قوباد تاڵەبانی
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان داوا دەكات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەبارەت بە پرسی نەوت بانگهێشتی پەرلەمان بكرێت.

لەمبارەیەوە ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "دوای جەژن وەک فراکسیۆنی پارتی داوای بانگهێشتکردنی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان دەکەین و داوای روونکردنەوەی لێدەکەین لەسەر پرسی نەوت و پرسی ئابووری هەرێمی کوردستان".

ئومێد خۆشناو سەبارەت بە هۆکاری بانگهێشتکردنی قوباد تاڵەبانی گتی: " لە ماوەی رابردوو و لە ئاستی جیاجیادا لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی گوێبیستی هەندێ لێدوان بووین کە گوایە یەکێتی ئاگادار نییە لە شێوازی حوکمڕانی بەتایبەت لە پرسەکانی ئەمنی، ئابووری و سیاسەتی نەوت لە هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند: " ئەوە لای ئێمە جێگەی پرسیارە بەتایبەت لەم کاتەدا کە کوڕی سکرتێری گشتی یەکێتی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە، کە ماوەیەک پیش ئێستا هاتە پەرلەمانی کوردستان و لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان و لیژنەی سامانە سروشتییەکان باسی کێشەکانی هەولێر و بەغدای کرد و باسی سەرکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانی کرد".

بە گوتەی ئومێد خۆشناو :" لەبەر ئەوەی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەو شیوازە لیدوان دەدات و بۆ ئەوەی رای گشتی و پەرلەمانی کوردستان لە راستییەکان ئاگادار بکرێنەوە، دوای جەژن بەڕێز قوباد تاڵەبانی بانگهێشتی پەرلەمان دەکەین تاوەکو روونکردنەوە لەسەر ئەو پرسانە بدات".



PM:01:50:13/07/2015