داود ئۆغلوو: بەرامبەر هەڕەشەکانی کەجەکە راناوەستین

سەرۆکی ئاک پارتی ئەحمەد دواد ئۆغلو لەسەر هەڕەشەکانی کەجەکە بە هەڵگیرسانەوەی شەڕ دەڵێت: لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەشدا هیچکات راناوەستین و هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر لە بەرامبەریدا.

داود ئۆغلو دوای کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری پێکهێنانی حکوومەت کە لەنێوان بەرپرسانی ئاکپارتی و جەهەپەدا بەڕێوەچوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: ئەگەر زیان بە پرۆسەکە گەیشتبێت، ئەو کەسانە زیانیان پێ گەیاندووە کە بڕیار بوو گرووپەکانی چەکداریان لە ئایاری ٢٠١٣دا تورکیا جێبهێڵن و بەڵام نەیان کرد" ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: "لەو کاتەوە هەتا ئێستا بە ئارامییەوە چاوەڕێمان کرد کە ئەو گرووپە چەکداریانە تورکیا بەجێ بهێڵن. هەمووکات داوامان کرد و هیچ پاشگەز نەبووینەوە لە هەوڵەکانی دیموکراتیزەبوون. ئێستاش پاشگەز نابینەوە لە بەجێ گەیاندنی داواکانی سەرەکی گەلەکەمان لەبارەی مافەکانی دیموکراسییەوە.

لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت داود ئۆغلو وتی: تورکیا وڵاتێکی دامەزراوەیی دیموکراسییە و سیستەمی دەوڵەتی بەهێزە، هەر بۆیە پۆستی سەرکۆماریی لە چوارچێوەی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتدا باسیان لێوە ناکرێت.

وەک ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە  داودئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە هەتا ئەو رۆژەی حکوومەت پێکدەهێنێت، لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی نێو پەرلەمان بەیەک مەودا مامەڵە دەکات و پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم پارتەکاندا دەبەستێت و وتی: "بۆ چاوپێککەوتن لەگەڵ هەر پارتێکی نێو پەرلەماندا، چەند هاوەڵێکمان لەناو پارتەکەماندا دەستنیشان کردووە و دەسەڵاتی چاوپێککەوتنمان پێداون لەگەڵ پارتەکاندا و دواتر ئەنجامی کۆبوونەوەکانمان پێ دەڵێن و ئەوکات ئەگەر پێویست بوو خولی دووهەمی چاوپێککەوتنەکان دەست پێ دەکەن. 



AM:11:49:14/07/2015