سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە پیرۆزبایی لەخەڵکی کوردستان و لەپێش هەمووشیانەوە هێزی پێشمەرگە دەکات.
دەقی پەیامەکە
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانەوە، پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان دەکەم. هیوادارم هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزان،مایەی ئارامی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بێت بۆ سەرجە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان و کۆتایی هاتن بێت بە ناخۆشی و کێشە و گرفتەکان و هەنگاونانبێت بەرەو سەرکەوتنی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان.
هاووڵاتیانی خۆشەویست..لەکاتێکدا هەمومان پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزان دەکەین، پێشمەرگە ئازا و نەبەردەکانمان لە بەرەکانی پێشەوەی پارێزگاری کردنن لە خاکی کوردستان، بۆیە لێرەوە بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە خۆیان و خێزانە سەربەرزەکانیان دەکەم. سڵاو و جەژنە پیرۆزەش بۆ خێزان و کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکان، سڵاو و جەژنە پیرۆزە بۆ ئەو پێشمەرگە دڵسۆزانە دەنێرم کە لە سەنگەرەکانی بەرگری لە خاکی کوردستان دا بریندار بوون.
دوبارە جەژنی هەمو لایەک پیرۆز بێت، هەمیشە لە جەژن و شادیدابن.
د.یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
١٦-٧-٢٠١٥