بارزانی پیرۆزبایی لەخانەوادەی شەهیدان دەکات

بارزانی بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە پیرۆزبایی لەخەڵکی کوردستان و لە پێشیشیانەوە لە خانەوادەی شەهیدەکان دەکات.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم مسوڵمانانی کوردستان بەتایبەتی و عێراق و جیهان بەگشتی، دەکەم. پیرۆزبایی گەرم بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەنێرم.

پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دەکەم کە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگری لە گەل و وڵاتەکەمان گیانی خۆیان خستۆتە سەردەست و بە ئازایەتی و خۆڕاگری و گیانفیداییان دوژمنیان تێکشکاند وشکۆ و ناوی کوردستانیان بە بەرزی ڕاگرت و موژدەی ئایندەیەکی گەش دەدەنە گەلەکەمان.

 هەروەها پیرۆزبایی لە سەرجەم کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان دەکەم کە زۆر ئازایانە لەپێناو پاراستنی ئاساییشی وڵات و سەروماڵی هاووڵاتییان شەونخونی دەکەن. خوای گەورە پشت و پەنای پێشمەرگە قارەمانەکانمان و هێزەکانی پاراستنی ئاساییشی ناوخۆ بێت.

لە خوای گەورە داواکارم ڕۆژوو و عیبادەتی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی لەهەموو مسوڵمانان وەرگرتبێ و ئەم جەژنە ببێتە مایەی کۆتاییهاتنی ناخۆشی و کاولکاریی و گەڕانەوەی ئارامی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی.

مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٩ـی ڕەمەزانی ١٤٣٦ـی کۆچی
١٦ـی ٧ـی ٢٠١٥ـی زایینی



PM:10:27:16/07/2015