وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی نەوتی مانگی حوزەیرانی ئاشكرا كرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی نەوتی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە لەسەر هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە مانگی حوزەیرانی رابردوو و ئاماژەی بەوە دا تێکڕای داهاتی ئەو نەوتەی لە مانگی حوزەیران فرۆشراوە دەکاتە 5.289  ملیار دۆلار.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق هاتووە "بەپێی دواین داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ، عێراق لە مانگی رابردوو 95.6 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکان کردووە لە رێگای بەندەرەکانی باشووری عێراق و بەندەری جەیهان، تێکڕای داهاتی ئەو نەوتەش 5.289  ملیار دۆلار بووە".

بەپێی داتاکان، عێراق لە مانگی حوزەیران بە تێکڕا رۆژانە 3.187 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکان کردووە، هەروەها قەبارەی ئەو نەوتەی کە لە بەندەرە ئاوییەکانی بەسراوە هەناردەی بازاڕەکان کراوە 90.7 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە، تێکڕای داهاتی ئەو نەوتەش دەکاتە 5.008 ملیار دۆلار هەروەها رێژەی ئەو نەوتەی کە لە بەندەری جەیهانی تورکیا لە رێگای بۆڕی نەوتی کوردستان جەیهان هەناردەکراوە 4.9 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە کە نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بووە تێکڕای داهاتی ئەو نەوتەش کە لە بەندەری جەیهانەوە هاناردەکراوە 281 ملیۆن دۆلار بووە.

هەر بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق هەر بەرمیلێک نەوتی عێراقی لە بازاڕەکانی جیهان بە نرخی 55.324 دۆلار فرۆشراوە و ئەو نەوتەش بە 36 کۆمپانیای جیهانی فرۆشراوە.



PM:03:07:23/07/2015