فواد مەعسوم پەیوەندی تەلەفونی بە ئۆردوغانەوە دەكات

سێ رۆژە فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا سەروەری عێراقیان شکاندووەو بۆردومانی هەرێمی کوردستان دەکەن، فواد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق پەیوەندی تەلەفون لەگەڵ تەیب ئۆردوغان سەرۆکی تورکیا دەکات.

بەپێی راگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار کە دانەیەکی بۆ سپی نێردراوە تیایدا هاتووە: یەك شەممە 26-7-2015 بەڕێز سەرۆك كۆمار فوئاد مەعسوم بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ فەخامەتی سەرۆك كۆماری توركیا بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆگان كرد كە گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی جەنگی دژی تێرۆر لە ناوچەكەی لە خۆ گرتبو.

ئاژاسنی ئەنازۆڵی تورکی بلآوی کردەوە کە پەیوەندییە تەلەفونییەکان لەسەر داوای سەرۆکی عێراق بووەو ٣٠ خولەکی خایاندووە.
  
فواد مەعسوم بڕیارەكەی توركیای لە بەشدارییكردنی شەڕی دژی تاقمی  داعش بە باش باسكرد و دوپاتیكردەوە هاتنی توركیا بۆ جەنگی دژی داعش فاكتەری بەشدارییە بە شێوەیەكی كاریگەر لە كەمكردنەوەی  مەترسیی تێرۆر لە تەواوی  دەوڵەتانی ناوچەكە و بەدیهێنانی تێكشكاندنی تێرۆریستان بە تەواوەتی .

بەپێی ئەو راگەیاندراوە سەرۆك كۆمار گرنگیی بەردەوام بونی پرۆسەی ئاشتیی نێوان حكومەتی توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستانی دوپاتكردەوە  بەو جۆرەی كە ئاشتیی لە بەرژەوەندیی هەمو رۆڵەكانی توركیادایە و ئاماژەیكرد بۆبڕیارەكەی بەڕێز ئەردۆگان بە راستەوخۆ دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتیی لە ساڵی 2013  كە بڕیارێكی ئازایانە بو  بۆیە بەردەوام بونیش لەسەر ئەو پرۆسەیە باشترین شێوازە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی پۆزەتیڤ .

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە سەرۆك كۆماری توركیا دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك مەعسومی بەرز نرخاند بۆ پەیوەندییەكەی و  سەرلەنوێ دوپاتیكردەوە كە توركیا دۆستی عێراقە و بەردەوامیشە لە پشتیوانیكردنی عێراق لە جەنگەكەی ئێستایدا دژی تێرۆر  ،ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە توركیا بڕیاری داوە ئاسمانی خۆی ئاوەڵە بكات لەبەردەم هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی ئامادەشە بە شێوەیەكی كارا بەشداریی بكات لەبەگژا چونەوەی تَێرۆریستان  وتێكشكاندنیاندا .



AM:08:31:27/07/2015